×

سیامەند خەلیل 21/09/2024 1462 جار خوێنراوەتەوە

لە غەززە وە تا ئێرە.. نیگایەک لە کاولکاریی کەرتی تەندروستی

رۆڵی نەخۆشخانە حکومییەکان تەنها پێشکەشکردنی چارەسەر نییە بە چینێکی هەژار و کەمدەرامەت، نەخۆشخانەکان رۆژانە سەدان کەس لە گەڕەک و کوڵان و شار و شارۆچکە جیاوازەکان تیایاندا کۆدەبنەوە، لەبەرئەوەیە کە نەخۆشخانە ئامرازێکی گرنگی کۆمەڵایەتی و پێکەوە بەستنەوەی توێژە گرنگەکانی دانیشتوانە لەبەرئەوەیە کە خزمەتگوزاری تەندروستی، کاریگەریی گەورەیی هەیە لە ئاسایشی نیشتمانی و دابینکردنی دڵنیایی دەستەجەمعی کۆمەڵگە.

لەو تەوژمە سەرمایەدارییە هەڕەمەکییەی کە شەلم و کوێرم بەربووەتە ژیانی کوردەواری و پێچەوانەی هەموو پێوەرە ئابورییە زانستییەکان ماکینەیەکە بەخێرایی توێژی مامناوەند فڕێ دەداتە ژێرهێڵی هەژارییەوە، فشارێکی هێجگار زۆر بۆ ژیانی کۆمەڵگە و سایکۆلۆجیای تاک دروستبووە.دەبوو ئەرکی  کەرتە گشتییەکان بێت لەو فشارە کەم بکەنەوە، نەوەک بە پێچەوانەوە!

لە شەڕی غەززەدا، هیچ کردەوەیەکی سەربازی ئیسرائیلیەکان، بەهێندەی خاپورکردنی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان، مەترسی لەسەر سیستمە سیاسیەکەی حەماس دروست نەکرد، نەوەک لەبەرئەوەی برینداران شوێنێکیان نەمێنێت بۆ چارەسەر، بەڵکو لەبەرئەوەی ئیسرائیلییەکان دەیانویست پەیوەندی بەتینی نێوان خەڵک و حەماس  کەلێن تێبکەن، چونکە بە خاپورکردنی نەخۆشخانەکان دڵنیایی نیشتمانی لەو جوگرافیایەدا تێکدەشکێت و ئاشتەوای کۆمەڵایەتی تێکدەچێت. هەرلەبەرئەوەشە ئەو هێزانەی لەناو غەززەدا دژی سوپای ئیسرائیل وەستاونەتەوە، بەدرێژای چەندین مانگ لەهێرش، لەهیچ روویەکەوە بەهێندەی خاپورکردنی نەخۆشخانەکان گورزی گەورەیان بەرنەکەوتووە.

لەهەرێمی کوردستان - سوپاس بۆ خوا - تا ئێستا هیچ هێزێكی بێگانە هێرشی هاوشێوەی بۆسەر نەخۆشخانەکانمان ئەنجام نەداوە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی خۆماڵیی، هەمان زیانی وەک هێرشی بێگانەی بەئەم رەگەزە گرنگەی دەوڵەتداری و دڵنیایی نیشتمانی گەیاندووە.

لەنێوان حزبەکان و لەناو حزبەکانیشدا لەنێوان باڵ و پەلەکاندا، هەمیشە ململانێی توند هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ناوەندە تەندروستییەکان و پڕکردنەوەیان بە کەسانی دڵخوازی خۆیان،  قسەی ئەوە ناکەین کە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی ماددی بێت بۆ کۆمپانیا و کەسانی دیاریکراو، ئەگەرنا  کە حزب هەوادار و دەنگەکانی بەم رێگەیە زیادبکات ئەوا کەوتووەتە هەڵەیەکی گەورەوە، چونکە بەڕێوەبردنی نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان تەنها دەرزی لێدان و ئەنجامدانی پشکنین نییە ناوەناوە وەک دەستکەوتێکی مەزن بڵاوبکرێتەوە و ببێتە مایەی شانازیی، بەڵکو کارەکە نهێنی سەرکەوتنی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیدا لەو دڵنەواییەدایە کە پێشکەش بە کۆمەڵگە دەکرێت و ئێستا نییە، وە چۆن هەر نەخۆشخانەیەکی حکومی دەبێتە باشترین هاوەڵ و بژاردە بۆ هاوبەشیکردنی ئازاری نەخۆشێک و کەسوکارەکەی، ئەمەش ئەو رۆڵەیە کە بەداخەوە زۆرکەم نەبێت لایەنی بەڕێوەبردن پەی پێنەبردووە.

بەداخەوە دەسەڵات چاوەڕوانە نەخۆشخانە ئەهلییەکان ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە کە هەرگیز بیرۆکەیەکی لەم جۆرە سەرکەوتوو نابێت، چونکە رۆڵی پزیشک و پەرستار تەنها ئەوەندە نییە کە باشترین چارەسەری تەندروستی بۆ نەخۆش پێشنیاربکەن، بەڵکو ئەرکی ئەوانیشە کە باشترین بژاردەی ئابوریش لەرووی تێچوەکانی چارەسەرەوە بۆ خێزانەکان بخەنەڕوو، ئەرکی ناوەندی تەندروستییە کە بارگرانی ئابوری لەکۆمەڵگەدا کەم بکاتەوە کە ئەمەش بە نەخۆشخانە ئەهلییەکان ناکرێت لەبەرئەوە هەرچەندە ریکلام و بڵاوکراوەکانیان جوان و پڕپەیام بێت ناتوانن بەبێ زیانگەیاندن بە ئابوری خێزانەکان، لە ئازاری جەستەیی نەخۆشەکانیان کەم بکاتەوە.

پزیشک و پەرستار، لە دوو دنیای کەرتی حکومی و ئەهلیدا  هەمان کاراکتەر نین، وە هەرگیز هاوڵاتی وەک هەمان کاراکتەر لێیان ناڕوانێت، خەڵکی پێویستی بە پزیشک و پەرستاری حکومییە بە هەمان پەرۆشی ئەهلیەکانەوە بانگی بکات بۆ پێشکەشکردنی چارەسەر، هەر ئەو خەڵکەش پێویستی بە پزیشك و پەرستاری ئەهلییە بە هەمان پەرۆشی حکومیەوە خەمی خەرجییەکانی چارەسەری بخوات، ئەم ناهاوسەنگییە بەرهەمهێنەری قەیرانێکی ترە کە دواجار تێیدا پزیشک و پەرستار کەسایەتی خۆیان لەدەستدەدەن و لە ئاییندەدا هەڵئاوسان و قەیرانی نەبوونی کار و داهات بە قورسی روو لە نەخۆشخانە و کلینیکە ئەهلییەکانیش دەکات.

لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا و لە ئەوپەڕی سەردەمی سەرمایەداریدا، هێشتا نەخۆشخانە گشتییەکان و کەرتی تەندروستی حکومی وەک بۆندێکی کۆمەڵایەتی لەنێوان دەسەڵات و هاونیشتمانیاندا ماوەتەوە و پارێزگاری لێدەکرێت، بەڵام لە وڵاتی ئێمە ئەم بەندەکۆمەڵایەتییە کە نەخۆشخانە حکومییەکان نوێنەرایەتی دەکەن بووتە ئامرازێکی دزێو چونکە بەگەڕخستنەکەی تەنها رەهەندێکی ئابوری وەرگرتووە، بەبێ ئەوەی ئامانجە کۆمەڵایەتییەکان بپێکێت.

پێویستە هەریەک لە هێزە بەشدارەکانی دەسەڵات بە باشی لەو راستییە تێبگەن کە پەیمانی کۆمەڵایەتیان لە گەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بەهۆی نادروستی لە ئاراستەکردنی کەرتی تەندروستی حکومی، لەدەستداوە. نائاگایی بەرامبەر بە بایەخی کەرتە گشتییەکان و بەتایبەت تەندروستی، بەچەشنی ئێستا ئاسایشی نیشتمانی لەق دەکات و هاوسەنگی سیستمی هاوژیانی لە وڵاتدا تێکدەدات. دواجار نەخۆشەکان دەنگدەرن و بۆ حزبەکان پێویستن، ئەمما نەخۆشخانەکان موڵکی میللەتن و لەکارخستنیان، لەرووی ئاسایشی نەتەوایەتییەوە هەمان ئەنجامی نەخۆشخانەکانی غەززەی لێ چاوەڕوان دەکرێت.

سەرەکی