1     کاتژمێر پێش ئێستا 46 جار خوێنراوەتەوە

ناردنی بودجەی ٢٠٢٧ بۆ پەرلەمان تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دواخرا

پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧ ڕووبەڕووی کۆتوبەند و ئاستەنگی یاسایی و دارایی بەرچاو بووەتەوە، لە کاتێکدا ناردنی پرۆژەکە بۆ پەرلەمان دواخراوە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدەن لە هەڵاوسانی نادەستووریی خەرجییە سیادییەکان و کەمکردنەوەی بەشەبودجەی هەرێم لە ڕێگەی دەستەواژەی "خەرجیی ڕاستەقینە"وە.

کاتی ڕەوانەکردنی پرۆژەیاساکە بۆ پەرلەمان

عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٧ لە ١٥ی تشرینی دووەمدا ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە لیژنەکە هەوڵ دەدات لەگەڵ حکومەت ڕێکبکەوێت بۆ جێگیرکردنی گرێبەستەکان.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای جێگیرکردنی گرێبەست و کرێی ڕۆژانە و زیادکردنی ١٢٠ هەزار پلەی وەزیفی کردبوو کە بڕیارە بەپێی ڕێژەی دانیشتووانی پارێزگاکان و لە ڕێگەی سەکۆیەکی تایبەتەوە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکرێن. هاوکات فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق تەئکیدی کردەوە کە بودجەی پێویست بۆ گرێبەستەکان و کرێی ڕۆژانە دابین کراوە و نرخێکی گونجاویش بۆ نەوت دیاری کراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی بازاڕ.

د. ئامانج ڕەحیم: سیستمی دارایی لە فیدراڵییەتی دەستوورییەوە بووەتە فیدراڵییەتی دانوستاندن

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، لە مێزگردێکدا کە لەلایەن "دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی" بەناونیشانی (پرۆژە یاسای بودجەی 2027 ـی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان) سازکرابوو، د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و ئەندامی شاندی باڵای دانوستانکاری هەرێم، ڕەخنەی توندی لە داڕشتنی یاسای بودجە گرت.

د. ئامانج ڕەحیم ئاماژەی بەوە کرد لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ێوە یاسای بودجەی عێراق تەواو شێواوە، چونکە بابەتگەلێکی وەک نەوت و گاز و دابەشکردنی داهاتەکانی تێدا ڕێکخراوە کە دەبوو لە یاسای سەربەخۆدا بن. ناوبراو هۆکاری بنەڕەتیی ئەم لادانە دەستوورییانەی بۆ دروستنەبوونی "ئەنجوومەنی ئیتیحاد" گەڕاندەوە، کە وایکردووە بڕیارەکان لە پەرلەمان بە زۆرینە و کەمینە یەکلایی ببنەوە و نوێنەرانی کورد ببنە کەمینە.

ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧؛ ژمارەکان و کۆتوبەندە یاساییەکان

بەپێی زانیارییەکانی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، لە ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧دا:

•        کۆی خەرجییەکان: ٢٠٧ ترلیۆن دینار.

•        کۆی داهاتەکان (نەوتی و نانەوتی): ١٧٤ ترلیۆن دینار.

•        کورتهێنان: ٤٣ ترلیۆن دینار.

•        پشکی سەرەتایی هەرێم: ١٣ ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار دینار (نزیکەی ٦.١٪ی کۆی بودجە)

د. ئامانج هۆشداری دا کە ئەم ژمارانە تەنیا "مەرەکەبی سەر کاخەزن"، چونکە بەپێی مادەی ١٠ی پرۆژەکە، دانانی ۱۲.۷٪ی پشکی هەرێم مەشڕوت کراوە بە ڕەچاوکردنی "خەرجیی ڕاستەقینە" (ئینفاقی فیعلی)، کە لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بووەتە ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی شایستە داراییەکانی هەرێم.

هەڵاوسانی خەرجییە سیادییەکان بۆ ٧٦ ترلیۆن دینار

یەکێک لە مەترسیدارترین تەوەرەکانی ڕەشنووسی نوێ، بەرزبوونەوەی خەرجییە سیادییەکانە لە ٤٣ ترلیۆن دینارەوە بۆ ٧٦ ترلیۆن دینار. د. ئامانج ڕەحیم ئاشکرای کرد کە دوای دەرکردنی ئەم ٧٦ ترلیۆنە و خەرجییە حاکیمەکان، دەفرە داراییەکەی دەمێنێتەوە زۆر بچووک دەبێتەوە کە پشکی ۱۲.۷٪ی هەرێمی لێ دەردەهێنرێت.

سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بە چەند نادادپەروەرییەک کرد لە خەرجییە سیادییەکاندا: ١. قەرزەکان: هەرێم بەشدارە لە دانەوەی سووی ئەو قەرزانەی بەغدا لە پرۆژەکانی وەک "شاری بەسمایە" یان کارەبای پارێزگاکانی ناوڕاست و باشوور خەرجی کردووە. ٢. هێزە ئەمنییەکان: وەزارەتی بەرگری و حەشدی شەعبی نزیکەی ١٦ ترلیۆن دیناریان لە خەرجیی سیادی بۆ تەرخانکراوە، بەڵام پێشمەرگە بێبەش کراوە. ٣. نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی: خەرجیی وەزارەتی دەرەوە سیادییە، لە کاتێکدا پشکی کورد لە باڵیۆزخانەکاندا ۲٪ تێپەڕ ناکات.

دەستکاری کردنی ڕێژەی دانیشتووان و جیاکردنەوەی مووچە

لە دۆسیەی ئاماری دانیشتوواندا، د. ئامانج ڕەحیم ڕایگەیاند لە کاتێکدا ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم ١٤.١٤٪یە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە نایاسایی ئاوارەکان و داراوانی کارتی نیشتمانیی پارێزگاکانی دیکەی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەرکردووە و ڕێژەکەی هێناوەتە سەر ۱۲.۷٪، کە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر کورسییەکانی پەرلەمانیش دروست دەکات.

سەبارەت بە مووچە و نەوتیش، جەختی کردەوە کە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤، نابێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەستراوە بێت بە جێبەجێکردنی پابەندییە نەوتییەکان (ڕادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە).

لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە شاندی دانوستانکار راپۆرتێکی ١٤ لاپەڕەیییان پێشکەشی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کردووە و ناووبراو بەڵێنی داوە پێداچوونەوە بە لیستی نەفەقاتی سیادیدا بکەن تا ئەو خەرجییانەی سیادیی ڕاستەقینە نین لایببەن، ئەمەش لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی زیادبوونی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان.

 

  • ناردنی بودجەی ٢٠٢٧ بۆ پەرلەمان تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دواخرا

  • گفتوگۆکانی زاخۆ؛ سێ خاڵە ناکۆکەکەی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بودجەی ٢٠٢٧ و نەوت

  • سکاڵای سەر حکومەتیشی دواخست؛ دادگای فیدراڵی داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردەوە

  • دەستپێکی پرۆسەیەکی نوێ؛ یەبەشە و یەژەشە دەچنە ناو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقەوە

  • پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق؛ مەرجە توندەکان، دابەزینی پشکەکە و ئاڵنگارییە داراییەکان

  • عیراق ترسی هەیە گرووپەكان لە جەنگی چاوەڕوانكراوی ئەمریكا و ئێران تێوەبگلێن

  • دادگای فیدراڵی لەسەر سێ سکاڵا کۆدەبێتەوە؛ چارەنووسی یاسایی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم لە یەکلاکردنەوەدایە

  • ڕەوشی بەغداد لە یادی حەوتەمین ساڵەی تشریندا: ئامادەکاری جەماوەری و بەرزترین ئاستی ڕێوشوێنی ئەمنی

  • گەروی هورمز و ئابووری عێراق؛ کاتێک هێرش بۆ سەر کەشتییەکان دەبێتە مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ مووچە و بودجە

سەرەکی