سیامەند خەلیل 29/04/2026 551 جار خوێنراوەتەوە

دەستێک لە لەندەن، دڵێک لە سلێمانی 

چۆن لە ئاییندەیەکی نزیکدا، نەشتەرگەری لە دوورەوە ئەنجامدەدرێت و چۆن سیستمی نەخۆشخانەکان دەگۆڕێت؟

لە نیوەشەوێکی سلێمانیدا، هۆڵی نەشتەرگەری، ئامێرەکان و لێدانی دڵی نەخۆش ئامادەیە، هەموو شتێک ئامادەیە تەنها دەستی ئەو پزیشکە نەبێت کە بڕیارە نەشتەرگەریی بۆ ئەنجامبدات. لە هەزاران کیلۆمەتر دوورتر، بۆ نموونە پزیشکێک لە لەندەن، لەبەردەم شاشە و سیستمی کارپێکردنی رۆبۆت وەستاوە، بێ ئەوەی دەست بدات لە نەخۆشەکە، فەرمان بە رۆبۆتەکە دەدات و بە وردییەکی بەرزتر لە توانای مرۆڤ، ئەو شەوە نەشتەرگەرییەکە بۆ نەخۆشەکەی سلێمانی ئەنجامدەدات. 

ئێستا کەس نەپرسێت، ئەمە خەیاڵی زانستییە و بەدی نایەت. کەس نەپرسێت ئەو پزیشکە ناوی چییە و خەڵکی کوێیە؟  لە ئایندەدا گرنگ نییە تۆ خەڵکی کوێ بیت، گرنگ ئەوەیە شارەزا و لێهاتووبیت، درەنگ یان زوو، ئێمەش دەبینە بەشێک لەو جیهانە فراوانە، کە تێیدا بە زانست و تواناکانمان جیادەکرێنەوە نەوەک بە عەشیرەت و خزم و ناوچە. 

دەستی مرۆڤ سنوردارە بە جوگرافیا، بەڵام توانا و لێوەشاوەیی سنورەکان ناناسێت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا مرۆڤایەتی پێدەنێتە قۆناغێکی نوێ، پزیشکە بە تواناکانی جیهان لە دوورەوە نەشتەرگەرییەکان ئەنجامدەدەن، ئەمەش وادەکات نەخۆشخانەی نوێ لە رووی بیناوە بچوکتر بەڵام بەچوستییەکی چاکتر کاربکەن. دەگونجێت سەنتەرێکی دوو نهۆمی لەسەر چەند سەد مەترێک، ببێتە باشترین ناوەند بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییە دوورمەوداکان.

ئێستا، نەخۆشخانەکان کرێی تەخت و خزمەتگوزاری و ئامێر و پزیشک، وەردەگرن. ئەوکات سیستمە داراییەکە دەگۆڕێت، قۆرخکاری جوگرافی نامێنێت و خزمەتگوزاری پێشکەوتوو دەگات بە هەمووان، ئێمە بچوک نابینەوە بەڵکو جیهان فراوانتر دەبێت و دەمانکات بە بەشێک لەخۆی.

لەم پێشهاتە چاوەڕوانکراوەدا، دەشێت باشترین پڕۆفیسۆرەکانی ئێسک و شکاوی کالیفۆرنیا، نەشتەرگەرییەکی دوورمەودا لە هەولێر ئەنجامبدەن، لە ئوسترالیاوە نەشتەرگەری مێشک و دەماری دوورمەودا بۆ نەخۆشێکی سلێمانی ئەنجامبدرێت، دەشێت لە نیوەی شەودا پزیشکێکی تۆکیۆ کۆمپیوتەرەکەی دابگیرسێنێت و لە دوو کاتژمێردا نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز بۆ نەخۆشێکی دهۆک ئەنجامبدات. دەشێت ئەم نەخۆشانە هەمان ئەو حاڵەتانەبن کە ئێستا بەهۆی لاوازی کەرتی تەندروستییەوە، دەرفەتی چارەسەریان بۆ نەڕەخساوە. 

لە سەرەتای ئەم پێشکەوتنەدا، ئاساییە فشاربکرێت بۆ قەدەغەکردنی ئەم خزمەتگوزارییە، ئەگەر هەیە، میدیاکان نمونەی هەڵە و مەترسییەکانی (نەشتەرگەری دوورمەودا) بڵاوبکەنەوە، بۆ رێکخستنەوەی ئەم بابەتە و رەواندنەوەی نیگەرانی نەخۆشخانە و پزیشکانی ناوخۆیی، رەنگە حکومەت بیر لە زیادکردنی باج بکاتەوە، بەڵام تا سەرنابێت و درەنگ یان زوو، خزمەتگوزاریەکە بە وڵاتی ئێمەش دەگات.

زانست، دەستێکی رۆبۆتی ورد و خێرا پێشکەش دەکات کە هەرگیز نالەرزێت و لەتوانایدایە بە کەمترین زیانی لاوەکی، لە ئاڵۆزترین ئەندامەکانی لەشدا نەشتەرگەری بکات، بەڵام ئەوەی ئامێر و زیرەکی دەستکرد ناتوانێت پێشکەشمانی بکات، هەستکردنە بە ئازاری نەخۆش و نیگەرانیی کەسوکارەکەی، لەبەرئەوە هەرکەس دەیەوێت لەم پیشەیەدا بمێنێتەوە، دەبێت مرۆڤانە لە ترس و دڵەڕاوکێکانی نەخۆش نەخۆش تێبگات، ئەگەرنا بڕوانامە هەرچەند بەرزبێت، ئامێرە بێ گیانەکان باشتردەبن. 

 

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

هەموو وتارەکانی سیامەند خەلیل

سەرەکی