فارس نەورۆڵی 24/05/2026 74 جار خوێنراوەتەوە

چۆن ڕو بەڕوی جەهل ببینەوە ؟

بەشێکی کێشەی قووڵی ئێمەی کورد بایەخپێنەدانە بە ئامرازەکانی ڕووبەڕوبوونەوەی جەهل، هەر بۆیە ئەو بیروباوەڕە نامۆیانە و ئەو هێرشە دەروونی و پڕوپاگەندانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، بە ئاسانی دەکەوینە ژێر کاریگەرییان. ئالێرەوەیە ئەو ناتەباییەی ناوماڵی کورد، بەشێکی زۆری پەیوەندی بە لاوازیی وشیاری و بەهێزیی جەهلەوە هەیە کە بیرکردنەوەمانی داگیرکردووە.

 مێژوو پێمان دەڵێت کە گەورەترین مەترسی بۆ سەر کورد و کوردستان بەتەنها هێزە سەربازییە دەرەکییەکان نین، بەڵکو ئەو داگیرکارییە زهنییە ناوەکییە بێدەنگەیە کە پێی دەوترێت "جەهل". جەهل تەنها نەبوونی زانیاری یان نەخوێندەواری نییە، بەڵکو جەهل گۆڕاوە بۆ جووڵەیەکی چالاک، سیستەماتیک و وێرانکەر؛ واتە جەهل بە بەرنامە و عەیامێکە داگیرکەر کاری لەسەر کردووە و لەناو کۆبیری کورددا ئیشیان لەسەر کردووە، بۆیە عەقڵ و وشیاری لەناو کۆمەڵگە، حزب، زانکۆ، ناوەندە ڕۆشنبیری و ئاینی و دامەزراوەکاندا لە دەستپێشخەری و بەرهەمهێنانی مەعریفەدا بێدەسەڵات بوون و ئیتر قۆناغ بە قۆناغ جەهل کاری کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی ئێمە بەجێمانهێشتووە.

مەترسیی گەورەی ئەم داگیرکارییەی جەهل ئەوەیە کە مرۆڤی نەزان نەک هەر دان بە نەزانینی خۆیدا نانێت، بەڵکو دەبێتە دوژمنی سەرسەختی بیرکردنەوە و عەقڵانییەت. لێرەوە پرسیارە بنەڕەتییەکە سەرهەڵدەدات: لە کاتێکدا ئێمە لە فەزایەکداین چواردەورمان بە شەڕی زیهنی بۆ گەمژەکردنمان تەنراوە، بەتایبەتی لە جیهانێکدا کە لێشاوی زانیاریی سەرپێیی و شەڕی زیهنی هەڕەشە لە کۆبیری خەڵک دەکەن، چی بکەین بۆ ئەوەی جەهل داگیرمان نەکات؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە سەرەتا لەوە تێبگەین کە بەرەنگاربوونەوەی جەهل بە دروشم و ڕووکەشگەرایی ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە ستراتیژێکی قووڵ، کارا و ئەقڵانی لە ڕێگەی دامەزراوەی خاوەن عەقڵەوە هەیە، کە لە تاکی وشیارەوە دەست پێ بکات و کار لەسەر تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگە بکات.

بۆیە یەکەمین و گرنگترین هەنگاو، گۆڕینی ڕادیکاڵانەی چەمکی خوێندنەوە و وەرگرتنی مەعریفەیە. ئێمە ئەمڕۆ لە سەردەمی "زانیاریی خێرا"دا دەژین، کە تێیدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جۆرێک لە تێگەیشتنی سەرپێی و وەهمی زانینیان بەرهەمهێناوە و بەتەواوی بیرکردنەوەی زۆرینەیان داگیر کردووە و بۆ خۆشمان هیچ بەرنامەیەکمان نییە بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەتەک ئەو دۆخەدا، بۆیە بەرامبەر هێرشە کولتوورییەکان دەستەوسان وەستاوین. مرۆڤی کورد چونکە ڕۆژانە سەدان کورتەپۆست و ڤیدیۆ دەبینێت، ئیتر وا هەست دەکات کە لە هەموو شتێک تێگەیشتووە؛ ئەمە گەورەترین فێڵکردنە لە خود.

 بۆ ڕێگری لەم شەپۆلە و گۆڕینی بۆ ئاراستەیەکی دروست، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ خوێندنەوەی ڕەسەن؛ خوێندنەوەی ئەو تێکستە فکری، فەلسەفی، مێژوویی و ئەدەبییە قووڵانەی کە مرۆڤ ناچار دەکەن بیر بکاتەوە، نەک تەنها زانیاری کۆبکاتەوە. خوێندنەوە دەبێت لە پرۆسەیەکی کات بەسەربردنەوە ببێتە پرۆسەیەکی ڕەخنەگرانەی ڕۆژانە بۆ گەشەپێدانی ڕەگەکان.

 لە تەک ئەمەشدا، پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە تاکە قەڵغانی پاراستنی عەقڵە. جەهل لەسەر بنەمای قبووڵکردنی کوێرانەی بیرۆکەکان و پیرۆزکردنی گوتارە باوەکان دەژی. کاتێک کۆمەڵگەیەک یان تاکێک فێر نەکرێت پرسیار بکات، دەبێتە ئامرازێکی ئاسان بۆ دەستکارییکردنی وشیاریی لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە. بۆیە ئێمە پێویستمان بە پیاوی ڕاشکاو هەیە بە حزب و دەسەڵات و کۆمەڵگە و دامەزراوەکان بڵێت هەڵەکە لەکوێدایە، نەک کەسانی هەلپەرست کە هەموو شتێک تێپەڕێنن و تەنها دەستکەوتی تایبەتی و کەسییان بۆ گرنگ بێت؛ ئەم جۆرە مرۆڤانە بەشێکن لە کارەساتەکە. ئێمە پێویستمان بە کەسانێک هەیە ڕێگە نەدەن هیچ تێکست، گوتار، یان ئایدۆلۆژیایەک بەبێ بەڵگەی عەقڵانی و شیکاریی لۆجیکی وەرگیرێت و تێپەڕێت. پێویستمان بە پرسیارکردنی بەردەوام هەیە وەک: "بۆچی ئەمە وایە؟ لێکەوتەکانی چین؟ کێ لە پشت ئەم دەنگەوەیە؟" دەبێت پرسیار ببێتە نەریتی ڕۆژانەی بیرکردنەوەی ئێمە؛ لێرەوە دەتوانین بەرەنگاری جەهل ببینەوە. بۆ ئەوەی جەهل داگیرمان نەکات، پێویستە کتێبە باشەکان چەکی دەستمان بن

هەموو وتارەکانی فارس نەورۆڵی

سەرەکی