2 کاتژمێر پێش ئێستا
49 جار خوێنراوەتەوە
پاساوی شەڕ سووتێنرا، بەڵام ئاشتی نەهات؛ پرۆسەی دیموکراسی لە نێوان جاسەنە و ئەنقەرەدا
ساڵێک بەسەر چەکسووتاندنی گەریلادا تێپەڕی؛ کورد داوای "یاسای چوارچێوە" دەکات و تورک کات دەکوژێت
لە یەکەم ساڵیادی مەراسیمی مێژوویی سووتاندنی چەکەکان لە ئەشکەوتی جاسەنە، هاوسەرۆکی دەم پارتی و فەرماندەکانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، هۆشداری توند دەدەنە دەوڵەتی تورکیا؛ ئەوان ڕایدەگەیەنن کە کورد هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ گۆڕینی تێکۆشانی چەکداری بۆ خەباتی دیموکراتیک جێبەجێ کردووە، بەڵام ئەنقەرە لەبری دەرکردنی "یاسای چوارچێوە"ی گشتگیر و باشکردنی دۆخی عەبدوڵا ئۆجالان، بە "لۆجیکی تەسفیە" مامەڵە دەکات و پرۆسەکە بۆ کات بەجێدەهێڵێت.

ساڵیادی جاسەنە؛ شوێنێکی مێژوویی بۆ گۆڕانکارییەکی مێژوویی
تولای حاتیمۆغولاری، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرە، ساڵڕۆژی مەراسیمی چەک سووتاندنی تەڤگەری ئازادیی لە ئەشکەوتی جاسەنەی پارێزگای سلێمانی بەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند: "لەو ڕۆژەدا تێکۆشانی چەکداری گۆڕا بۆ تێکۆشانی دیموکراتیک و بیانووەکانی بەردەم ئاشتیش سووتان." حاتیمۆغولاری ئاماژەی بەوە کرد کە شوێنی مەراسیمەکە (ئەشکەوتی جاسەنە) هێمایەکی مێژووییە، چونکە ئەو شوێنەیە کە پێشتر شێخ مەحمودی حەفید پەنای بۆ بردووە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی کردەوە کە بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان دەروازەیەکی نوێی کردەوە، بەڵام دەوڵەت و پەرلەمان یاسای پێویستیان دانەڕشتووە. داواشی کرد دەستبەجێ مەرجەکانی ئۆجالان باشتر بکرێن، زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن و کۆتایی بە سیاسەتی قەیوم بهێنرێت. بە تایبەت دوای لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە کە نیشانەکان بەرەو شەڕی نوێ دەچن، بەهێزکردنی ئاشتیی ناوخۆیی بۆ تورکیا بووەتە پێویستییەکی حەتمی.

میدحەت سانجار: "پرۆسەکە لەسەر گەرەنتی یاسایی بونیاد دەنرێت نەک متمانە"
میدحەت سانجار، پەرلەمانی دەم پارتی و ئەندامی پێشووی شاندی ئیمراڵی، لە کۆنفرانسێکدا لە ئامەد ڕایگەیاند کە تایبەتمەندیی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە قۆناغی چەکدانان بووە سەرەتای پرۆسەکە (پێچەوانەی نموونەکانی تری جیهان). سانجار جەختی کردەوە کە "یاسای چوارچێوە" دەبێت گشتگیر بێت و هەمووان بگرێتەوە، چونکە گۆڕانکاری لە توندوتیژییەوە بەرەو سیاسەت پێویستی بە دەرفەتی ئازاد هەیە و پرۆسەکە دەبێت پشت بە "گەرەنتی یاسایی" ببەستێت نەک تەنها متمانە. هەروەها وتی پێویستە ڕۆڵی ئۆجالان وەک دانوستانکاری سەرەکی بە فەرمی لە ناو یاساکەدا بناسرێت.

بەهزاد چارچەل: "ئەگەر دەوڵەت جدی بووایە، ئێستا لە ئەنقەرە و ئامەد سیاسەتمان دەکرد"
نەدیم سەڤەن (بەهزاد چارچەل)، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کە لە ١١ی تەممووزی ٢٠٢٥دا خۆی و ٣٠ گەریلای تر بە ئاشکرا چەکەکانیان لە جاسەنە سووتاند، لە لێدوانێکدا ڕەخنەی توندی لە هەنگاوە "کیسەڵئاسا"کانی دەوڵەتی تورک گرت. سەڤەن وتی: "ئەگەر دەوڵەت ڕادیکاڵانە هەنگاوی بنایە، ئێستا پێویستی نەدەکرد لەم چیاکانەوە بانگەواز بکەین، بەڵکو لە ئامەد، دێرسیم و ئەستەنبوڵ خەریکی سیاسەتی دیموکراتیک دەبووین."
ناوبراو ڕوونی کردەوە" تەڤگەرەکەیان دوای بانگەوازی ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ی ئۆجالان، سەرەتا ئۆپۆزسیۆنی چەکداریی ڕاگرت، پاشان لە کۆنگرەی ١٢یەمی پەکەکەدا ستراتیژی کۆمەڵگەی ئاشتی پەسەندکرا. بەڵام دەوڵەت هێشتا بە زیهنییەتی کۆنی "دژە تیرۆر" قسە دەکات. ڕاشیگەیاند ئەوان چیتر "گرووپی ئاشتی" نانێرنە ناو تورکیا تا بخرێنە زیندانەوە، و چارەسەری بە یاسای "لێخۆشبوون یان گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" نابێت، بەڵکو پێویستی بە یاسای تایبەت و داننانە بە مافە نەتەوەییەکانی کورددا.

چەکسووتاندنی ٢٠٢٥ و هەڵوێستی ئەنقەرە
لە ١١ی تەممووزی ٢٠٢٥، ٣٠ ئەندامی گرووپی ئاشتی بە پێشەنگایەتی بەسێ هۆزات و نەدیم سەڤەن، چەکەکانیان سووتاند و ڕایانگەیاند کە لێرە بەدواوە تێکۆشان تەنیا یاسایی و دیموکراتیک دەبێت.
کۆمیسیۆنی دیموکراسی و یەکگرتنی نەتەوەیی
پاشانیش، لە پێنجی ئابی ٢٠٢٥ "کۆمیسیۆنی دیموکراسی و یەکگرتنی نەتەوەیی" لە پەرلەمانی تورکیا دامەزرا. لە کۆبوونەوەکانیدا گوێ لە وەزیرانی ناوخۆ، بەرگری و سەرۆکی میت گیرا. ڕاپۆرتی کۆتایی کۆمیسیۆن لە ١٨ی شوباتی ٢٠٢٦ پەسەندکرا، بەڵام کورد ڕەتی کردەوە چونکە وشەی "پرسی کورد"ی تێدا سڕابووەوە و تەنیا باسی "پرسی تیرۆر"ی دەکرد.

کشانەوەی پەکەکە
سەبری ئۆک، ئەندامی کەجەکە، لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند کە بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادان، هەموو هێزەکانیان لە ناوخۆی سنووری تورکیا دەکشێننەوە.
ستاتۆی ئۆجالان
هەریەک لە موستەفا قەرەسوو و سۆزدار ئاڤێستا کە دوو بەرپرسی باڵای کەجەکەن، لە پێنجی ئایاری ٢٠٢٦ ڕایانگەیاند کە پێش مەرجی بەردەوامیی پرۆسەکە، مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی و ستاتۆی فەرمیی عەبدوڵا ئۆجالانە وەک دانوستانکار.

ئەمری واقیع و بەردەوامیی گۆشەگیری
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، لە سێی تەممووزدا دەنگۆکانی میدیای تورکیای ڕەتکردەوە کە گوایە ڕەشنووسی یاساکە لە ئیمراڵی پەسەند کراوە. دۆغان ئاشکرای کرد زیاتر لە ٤٠ ڕۆژە (لە دوای ٢٤ی ئایارەوە) هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجالاندا نەکراوە؛ نە شاند، نە پارێزەران و نە بنەماڵەکەی نەیانبینیوە.
هاوکات، موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە)، لە شەشی تەممووزدا ڕایگەیاند "دەوڵەتی تورک دەیەوێت یاسای خۆی بەسەر ئۆجالاندا بسەپێنێت و گۆشەگیرییەکەش بەهۆی نەگەیشتن بە ڕێککەوتنە."
تەیپ تەمەل، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتیش کورتەی داواکارییەکانی کوردی خستەڕوو"یاساکە دەبێت فەرماندە و شەڕڤانان و سەرجەم دادگاییکراوانی پەکەکە بە ئۆجالانیشەوە بگرێتەوە، و دەبێت یاسای دژە تیرۆر بگۆڕدرێت".
مانیفێستۆ و پەیامەکانی ئۆجالان (٢٠٢٤-٢٠٢٦)
عەبدوڵا ئۆجالان لە یەکەم پەیامیدا لە ساڵی ٢٠٢٤ لە ڕێگەی عومەر ئۆجالانی برازایەوە ڕایگەیاندبوو: "ئەگەر هەلومەرجەکان گونجاو بن، هێزی تیۆری و پراکتیکیم هەیە پرۆسەکە لە شەڕەوە بگۆڕم بۆ پرۆسەیەکی یاسایی و سیاسی."
دواتر لە دیداری دووی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥دا، پێشنیازی "یاسای ئاشتیی بێهاوتا" یان "یاسای ڕاگوزەری سەدەی ئاشتی" کرد بۆ گۆڕینی مۆدێلی کۆمار بەرەو کۆمارێکی دیموکراتیک. ئۆجالان لە دوا پەیامەکانیدا لە شوباتی ٢٠٢٦، ڕەخنەی توندی لە کۆمیسیۆنی پەرلەمان گرت و ڕایگەیاند "تەسفیەکردنی تیرۆر" چارەسەری سیاسی نییە، بەڵکو نیشانەی نەبوونی چارەسەرە و پێویستە پرۆسەکە بە تەواوی ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک لەخۆبگرێت.
-
پاساوی شەڕ سووتێنرا، بەڵام ئاشتی نەهات؛ پرۆسەی دیموکراسی لە نێوان جاسەنە و ئەنقەرەدا
|
-
کوردستان بێ ناوچەی پارێزراوە؛ 21 جۆر زیندەوەر قڕ بوون و پڵنگ و ورچ لە لێواری لەناوچووندان
|
-
تڕەمپ هەڕەشەی خاپوورکردنی ئێران دەکات و خامنەیی کوڕیش بەڵێنی تۆڵە دەدات
|
-
یازدەی تەممووز و هێڵی سووری پەکەکە؛ بۆچی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا چەقی بەستووە؟
|
-
ئێف 35 بۆ تورکیا؛ ترسی نەتەنیاهۆ و هەوڵی واشنتن بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز
|
-
ڕاپۆرتێكى ئهمریكى پشت پهردهى به ئامانجگرتنى خوێندنگاکەى میناب له ئێران ئاشكرا دهكات
|
-
وردهكارى تهقینهوهكهى سووریا؛ چى لایهنێك سوودمهنده ؟
|
-
شەڕی پەیامە دژبەیەکەکانی ئەمریکا و ئێران؛ لە لێواری تەقینەوەی سەربازی و کۆتایی ئاگربەست
|
-
قەرەیلان قسەی کۆتایی دەکات؛ تا ئۆجەلان بە جەستەیی ئازاد نەبێت، هیچ گەریلایەک چەک دانانێت
|
|
|
|