3 کاتژمێر پێش ئێستا
72 جار خوێنراوەتەوە
تڕەمپ هەڕەشەی خاپوورکردنی ئێران دەکات و خامنەیی کوڕیش بەڵێنی تۆڵە دەدات
ئەم هەڕەشە توندانەی تڕەمپ دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا هێرشکرایە سەر چەند کەشتییەک و واشنتنیش وەک تۆڵەکردنەوە، فەرمانی هێرشکردنە سەر چەند ئامانجێکی ناوخۆی ئێرانی دا
سەرباری ئامادەکارییەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ ئەنجامدانی خولێکی نوێی دانوستان لە وڵاتی سویسڕا، ئاستی گرژییەکانی نێوان هەردوولا گەیشتووەتە لوتکە؛ دۆناڵد تڕەمپ بە ئامادەکردنی هەزار مووشەک هەڕەشەی وێرانکردنی تەواوەتی ئێران دەکات، لە بەرامبەریشدا ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی شۆڕش، دوای بەخاکسپاردنی باوکی، بەڵێنی تۆڵەیەکی حەتمی دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە بکوژان ئاواتی مردنێکی ئارام لە جێگاکانیاندا دەبەنە گۆڕەوە.
لە نوێترین پەیامیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیاڵ)، دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئەگەر ئێران ههوڵی تیرۆركردنم بدات، ئهوا به تهواوی ئهو وڵاته لهناو دهبهم." تڕەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ڕەزامەندیی داوە لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکان، بەڵام بە ڕوونی بە ئێرانییەکانی وتووە کە ئاگربەست کۆتایی هاتووە. سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: "هەزار مووشەک بەرەو ئێران ئامادە کراون، سوپای ئەمریکا ئامادە، خوازیار و بەتوانایە بۆ ئەوەی هەموو ناوچەکانی ئێران خاپوور و وێران بکات."

ئەم هەڕەشە توندانەی تڕەمپ دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا هێرشکرایە سەر چەند کەشتییەک و واشنتنیش وەک تۆڵەکردنەوە، فەرمانی هێرشکردنە سەر چەند ئامانجێکی ناوخۆی ئێرانی دا، ئەمەش کۆتایی بەو ئاگربەستە هێنا کە لە مانگی حوزەیراندا واژۆ کرابوو و ناوچەکەی گەڕاندەوە بۆ قۆناغی گرژیی سەربازیی ڕاستەوخۆ.

لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران وەڵامی توندی واشنتنی دایەوە و ڕایگەیاند، بە پێچەوانەی ئەمریکاوە، تاران تاوەکو ئێستا پابەندی بەڵێنەکانی بووە. عێراقچی واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی خاڵی نۆیەمی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوانیانی پێشێل کردووە، کە تایبەت بوو بە نەسپاندنی سزای نوێ و جێگیرنەکردنی هێزی زیاتر لە ناوچەکەدا.
هاوکات محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و یەکێک لە دانوستاندنکارە باڵاکان دووپاتی کردەوە: "ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە قەت بە خۆبەدەستەوەدانی ئێران کۆتایی نایەت و ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ بەرگری لە خۆمان."

سەرباری ئەم تەقینەوە سەربازی و زارەکییە، هێشتا هیوایەکی کەم بۆ دیپلۆماسییەت ماوە؛ نیوەندگیرییەکانی قەتەر، پاکستان و عومان بەردەوامن. بۆ ئەم مەبەستەش عەباس عێراقچی سەردانی عومانی کرد بۆ گفتوگۆ لەسەر دۆخی گەرووی هورمز، و شاندێکی قەتەریش لە تارانن بۆ هێوەرکردنەوەی دۆخەکە. هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کردووە پارێزگاری لەو "ئاشتییە سەختە" بکەن کە بەدەستهاتبوو.
لەلایەکی دیکەوە، دۆخی ناوخۆی ئێران لەژێر کاریگەریی کۆچی دوایی ڕێبەری پێشووی وڵاتەکەدایە. ئایەتوڵا موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی باڵای شۆڕشی ئێران، لە پەیامێکدا بە بۆنەی بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی تەرمی ئایەتوڵا عەلی خامنەیی باوکی، سوپاسی پشکدارانی ڕێوڕەسمەکەی کرد و هێرشێکی توندی کردە سەر ئەمریکا.

موجتەبا خامنەیی جەختی لەسەر تۆڵەکردنەوەیەکی حەتمی کردەوە و ڕایگەیاند، تۆڵەی سەرجەم کوژراوانی هەردوو شەڕی ساڵی 2025 و 2026 لە تاوانباران دەکەنەوە و ئەم کارەشی وەک "ئەرکێکی خودایی" وەسف کرد کە لە داهاتوویەکی نزیکدا لەلایەن ئازادیخوازانی جیهانەوە بەشێکی جێبەجێ دەکرێت. ڕێبەری نوێی ئێران ڕوونی کردەوە، جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنە تەنیا بەستراو نییە بە مانەوەی خۆی یان بەرپرسانی تری ئێران لە ژیاندا.
ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، لە 28ی شوباتی ئەمساڵدا لە هێرشێکی ئەمریکادا بۆ سەر تاران لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکەی کرایە ئامانج، و دواجار دوای 131 ڕۆژ، تەرمەکەی لە مەزارگەی ئیمام ڕەزا لە مەشهەد بە خاک سپێردرا.
-
پاساوی شەڕ سووتێنرا، بەڵام ئاشتی نەهات؛ پرۆسەی دیموکراسی لە نێوان جاسەنە و ئەنقەرەدا
|
-
کوردستان بێ ناوچەی پارێزراوە؛ 21 جۆر زیندەوەر قڕ بوون و پڵنگ و ورچ لە لێواری لەناوچووندان
|
-
تڕەمپ هەڕەشەی خاپوورکردنی ئێران دەکات و خامنەیی کوڕیش بەڵێنی تۆڵە دەدات
|
-
یازدەی تەممووز و هێڵی سووری پەکەکە؛ بۆچی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا چەقی بەستووە؟
|
-
ئێف 35 بۆ تورکیا؛ ترسی نەتەنیاهۆ و هەوڵی واشنتن بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز
|
-
ڕاپۆرتێكى ئهمریكى پشت پهردهى به ئامانجگرتنى خوێندنگاکەى میناب له ئێران ئاشكرا دهكات
|
-
وردهكارى تهقینهوهكهى سووریا؛ چى لایهنێك سوودمهنده ؟
|
-
شەڕی پەیامە دژبەیەکەکانی ئەمریکا و ئێران؛ لە لێواری تەقینەوەی سەربازی و کۆتایی ئاگربەست
|
-
قەرەیلان قسەی کۆتایی دەکات؛ تا ئۆجەلان بە جەستەیی ئازاد نەبێت، هیچ گەریلایەک چەک دانانێت
|
|
|
|