شۆڕش ئەمین 30/08/2026 628 جار خوێنراوەتەوە

ڕۆژئاوا لەنێوان قارەمانێتی شەڕڤانان و هەڵسەنگاندنی نالۆژیکیانەی دابەستەکان.

ڕۆژئاوا لەنێوان قارەمانێتی شەڕڤانان و هەڵسەنگاندنی نالۆژیکیانەی دابەستەکان.
شۆڕش ئەمین...
​ڕۆژئاوا بە تەنها ڕووبەرێکی جوگرافی یان وێستگەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو تەقینەوەی وشیاریی گەلێک بوو لە ناوچەیەکی پشتگوێ خراودا، کە مێژوو هەمیشە هەوڵی سڕینەوەی داوە. قوربانیدان و ئازایەتیی شەڕڤانان، لەو کچ و کوڕانەی سنگیان کردە قەڵغان بەرامبەر دڕەندەترین هێزی تیرۆریستی سەردەم، ئەم بەرخودانە بوو، کوردی لە پەراوێزی پەیماننامە تاریکەکانەوە گواستەوە بۆ ناو چەقی مێژوو،  بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە دەوری ڕەوشی ڕۆژئاوا دەگوزەرێت، کێشەیەکی فکری و ئەخلاقیی قووڵە لە شێوازی تێگەیشتن و مامەڵەکردنی خودی تاکی کورد لەگەڵ ئەم ڕەوش و ئەزموونەدا.
​ڕێزگرتن لە خەبات بە مانای پەرستنی کوێرانە یان ڕەتکردنەوەی تەواوی دەستکەوتەکان نییە. کۆمەڵگەی کوردی لە بەرامبەر ئەزموونی ڕۆژئاوادا دابەش بووە بەسەر چەند ئاڕاستەیەکدا،
​- پیاهەڵدانی دەروێش ئاسا، پەرستنی کوێرانەی پرۆسەکە و سڕینەوەی هەر جۆرە پرسیاڕێک، ئەرزشی ئاکاریی پشتگیرییەکە  دادەتەکێنێت و خاڵی دەکاتەوە لەبەهاکانی. شۆڕشی ڕاستەقینە پێویستی بە پیاهەڵدانی بێ‌مەرج نییە، بەڵکو پێویستی بە تێگەیشتنی هاوسەنگ هەیە.
-​ڕەخنەی دڵسۆزانە، ئەو دیدگایەی کە لە خەمی قوربانییەکاندا دەستکەوتەکان کەم دەبینێتەوە، ڕەنگە لە دڵسۆزییەوە سەرچاوەی گرتبێت، بەڵام هەندێک جار هاوسەنگیی نێوان (تێچووی مرۆیی و مانەوەی بوون) لەدەست دەدات.
​تێڕوانینی واقیعیانە، تێگەیشتن لەوەی لەناو جەنگەڵی دووژمن و هاوبەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا، پاراستنی ئیرادە و مۆدێلێک لە بەڕێوەبردن، دەستکەوتێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت..
-تراژیدیای دادوەری لە دوورەوە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئەخلاقی نێوان سەنگەرو شاشەی مۆبایلەکان. ​بەشێکی تاڵ لە واقیعی ئەمرۆ، ئەو دەنگە نەشازانەن کە لە ئارامیی وڵاتانی دەرەوە و لەپشت شاشەی مۆبایلەکانەوە، ڕەخنەی نالۆژیکی و جنێو و وشەی ناشایستە دەبارێنن بەسەر فیداکاریی شەڕڤاناندا. ​لە ڕوانگەیەکی سیاسی و ئەخلاقییەوە، مامەڵەی لەم جۆرە  ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەم زمانە، زمانێکە شایستەی گوێ لێگرتن نییە.
​- شۆڕش لەناو گۆڕەپان و سەنگەری بەرگری و سەر زەوی دەکرێت نەک لەشوێنی ئارامی بەر شاشەی مۆبایل، ئەو کەسەی یەک ڕۆژ ئەزموونی سەختی و ئازاری ئەوانی نەکردووە، ڕەوشتیانە مافی ئەوەی نییە بە زمانی ڕق و سڕینەوە قسە لەسەر قوربانیدانی ئەوان بکات کە مرۆڤایەتییان لە دەستی داعش ڕزگار کرد.
​ نادیدەگرتنی ئەو پاڵەوانانە کە ناسنامەی کوردیان لە چەمکێکی پەراوێزخراوەوە کردە سیمبولی ئازادیخوازیی جیهانی، نیشانەی تێگەیشتنێکی قووڵە بۆ مێژوو.
​ڕۆژئاوا وانەیەکی بەرجەستەکراوی قووڵمان پێدەڵێت، (ئەوانەی مێژوو دەنووسنەوە ئەو کەسانەن لە گۆڕەپانەکەدا خوێن و ئارەق دەڕێژن، نەک ئەو دەنگە نەشازانەی لە پەناگە ئارامەکانەوە ئازایەتی دادەدۆشن). ڕەخنەی واقیعی و لۆژیکی بەشێکە لە گەشەی هەر پرۆسەیەک، بەڵام بێڕێزیکردن بەرامبەر بە سیمبولەکانی ئازادی، تەنیا زیان بە کەرامەتی نەتەوەیی نیشتمانیمان دەگەیەنێت کە بە خوێنی هەزاران شەهید پارێزراوە.

سەرەکی