1 کاتژمێر پێش ئێستا
61 جار خوێنراوەتەوە
عێراق بەنزینی بە ٤٥٠ دیناری دابین دەکات؛ جیاوازیی تێچووی پاڵاوتن لە هەرێم چوار بەرامبەرە
بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام قەیرانی کەمیی بەنزین و بەرزیی نرخەکەی کە زیاتر لە سێ مانگە ڕووی لە ناوچەکە کردووە، هەروەکو خۆی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای زیادکردنی پشکی نەوتی خاو لە بەغدا دەکات، شارەزایانی ئابووری و چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کێشەکە تەنها بە زیادکردنی بڕی نەوت چارەسەر نابێت، بەڵکو پەیوەندی بە شەفافیەتی حیسابات، تێچووی پاڵاوتن و کۆنترۆڵکردنی بازاڕەوە هەیە.

کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەموو کێڵگەکان ئاسایی بووەتەوە، جگە لە کێڵگەی سەرسنگ کە بەهۆی کارێکی تیرۆریستییەوە هێشتا تەواو ئاسایی نەبووەتەوە. ئێستا ڕۆژانە نێوان ۲۰۰ بۆ ۲۲۰ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت؛ ٥۰ هەزار بەرمیلی بۆ ناوخۆ تەرخان دەکرێت و ئەوی دیکەشی لەگەڵ نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت.
جیاوازیی نرخ و کێشەی پاڵاوگەکان
سەبارەت بە بەرزیی نرخی بەنزین بە بەراورد بە پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق —کە تێیاندا لیترێک بە ٤٥٠ دینارە وەزیری سامانە سرووشتییەکان جیاوازیی تێچووی پاڵاوتنی ڕوونکردەوە. بەوتەی کەمال محەممەد، وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت چوار دۆلار دەداتە پاڵاوگەکان، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان ئەم تێچووە دەگاتە ۱٦ دۆلار.
وەزیری سامانە سرووشتییەکان جەختی کردەوە، لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و ۹۰۰ هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، بەڵام لە ٥۰ هەزار بەرمیل نەوتی خاو تەنها دەتوانرێت ملیۆنێک و ٧۰۰ هەزار لیتر بەنزین بەرهەم بهێنرێت، کە ئەم بڕە بە هیچ شێوەیەک بەشی پێداویستیی ناوخۆ ناکات. هەر بۆیە حکومەتی هەرێم داوای کردووە بڕی نەوتی خاو بۆ ۱۱٥ هەزار تا ۱۳۰ هەزار بەرمیل بەرز بکرێتەوە، تاوەکو بەپێی پشکی ڕاستەقینەی دانیشتووان (۱٤٪) یان پشکی ئێستا (۱۲.٦٧٪) بەنزینیان بۆ دابین بکرێت.

نوێترین هەنگاوەکانی دانوستان لەگەڵ بەغدا
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ۲۰ی ئاب بە فەرمی داوای لە وەزارەتی نەوتی عێراق کردووە بڕی نەوتی خاو زیاد بکات. پاش ڕواندنی داواکارییەکە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنەیەکی پەرلەمانی پێکهێنرا و لە ۲٦ و ۲٧ی ئابدا بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیان کرد. بڕیارە لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕاپۆرتی لیژنەکە بەرز بکرێتەوە تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر بدەرێت.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە نووسراوێک بە ڕێکەوتی ۱۳ی ئاب، بڕیاری داوە بەنزینی بازرگانی بە نرخی ٧٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک دابین بکات و جیاوازیی نرخەکەی لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتی بخرێتە سەر. لەگەڵ ئەمەشدا، لە ناوچە جیاوازەکاندا نرخی بەنزینی نۆرماڵ لە هەزار دینار و سوپەر لە دوو هەزار دیناری تێپەڕاندووە.

ژمارەکان و دیدگای چاودێران: ئایا کێشەکە تەنها نەوتە؟
پەرلەمانتار کاوە عەلی، بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنە ئابوورییەکان، ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر بڕی نەوتی تەرخانکراو بگاتە ۱۳۰ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، تەنها نزیکەی ٤.٥٥ ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دەهێنرێت، لە کاتێکدا پێداویستی ڕۆژانەی هەرێم لە نێوان ٦ بۆ ٧ ملیۆن لیتر دایە. ئەمەش دەری دەخات کە تەنانەت بە ڕەزامەندیی بەغداش، هێشتا بۆشایی لە دابینکردنی بەنزیندا دەمێنێتەوە.
چاودێرانی ئابووری پێیان وایە هەژموونی کۆمپانیاکانی سووتەمەنی و نەبوونی کۆنترۆڵێکی بەهێزی حکومی لەسەر بازاڕ، لەگەڵ ڕوون نەبوونی تێچوو و داهاتەکان، هۆکاری سەرەکین بۆ بەردەوامبوونی قەیرانەکە. بە بڕوای شارەزایان، چارەسەری بنەڕەتی پێویستی بە ڕێککەوتنێکی ستراتیژییە لە نێوان هەولێر و بەغدا، تاوەکو نەوت بە ڕوونی ڕادەست بکرێت و لە بەرامبەردا سووتەمەنی ڕاستەوخۆ بە نرخی پاڵپشتیکراو بکەوێتە دەست هاووڵاتیان، تاوەکو دەستی قۆرخکاران لە بازاڕدا کەم بکرێتەوە.
-
عێراق بەنزینی بە ٤٥٠ دیناری دابین دەکات؛ جیاوازیی تێچووی پاڵاوتن لە هەرێم چوار بەرامبەرە
|
-
چارەنووسی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە؛ واشنتن تا ئێستا بڕیاری فەرمی بە هەولێر ڕانەگەیاندووە
|
-
موجتەبا لەبارەی یەكڕیزی هاتە دەنگ و لێپرسراوانی ئێران ترسیان هەیە
|
-
مەزڵوم عەبدی لە کۆبانێ تاوەکو دیمەشق
|
-
دەریاچە سەهۆڵینەكانی هیمالایا چۆن كارەساتیان خوڵقاند؟
|
-
ئەمریكا ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندووەتەوە ؟
|
-
کێشمەکێشی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە و بەنزینی ٤٥٠ دیناری؛ دوو پێشنیاز لەسەر مێزی هەولێر و بەغدایە
|
-
ژنە پاڵەوانەکانی کۆبانێ لە وەزارەتی ناوخۆی سوریا؛ چارەنووسی ئەو هێزەی بەری بە داعش گرت
|
-
دادپەروەری لە مووچەدا؛ لەنێوان ئاستەنگی یاسایی وەزارەتی دارایی و داواکاریی فەرمانبەراندا
|
|
|
|