15   کاتژمێر پێش ئێستا 116 جار خوێنراوەتەوە

ئەمساڵیش کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنایەت

مانگێک و ٢٠ رۆژی تر، دوو ساڵی تەواوە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام نە پەرلەمان هیچ کۆبوونەوەیەکی کردووە و نە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێکهاتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە دۆخی ناوچەکە لە گۆڕانکاری خێرادایە و یەکڕیزی لەم کاتەدا بۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو کاتێک پێویستترە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تا ئێستا هیچ نزیکبوونەوەیەکیان نییە بۆ پێکهێنانی حکومەت و بە ئەگەری زۆرەوە پێکهێنانی کابینەی ١٠ ی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.

بەپێی سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی بۆ ئیرادە میدیا، هێشتا یەکێتی سورە لەسەر داواکارییەکانی و پارتیش هیچ سازشێکی نەکردووە و ئامادە نییە پۆستە باڵاکان ڕادەستی یەکێتی بکات،یەکێتی بە پارتی راگەیاندووە، کورسییەکانیان لە رووی ژمارەوە ئێستا وەک و یەکە و دەبێت لەسەر ئەوە رێکبکەون سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە کام لایەن بێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان، دۆخی عێراق و بەتایبەت کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئایندەی گروپە چەکدارەکان، راستەوخۆ پەیوەندی بە دۆخی سیاسی هەرێمەوە هەیە، هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخە سیاسییەکە دەکەوێتە دوای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ.

 رۆژی 20 ی ئاب لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و هۆکارەکانی پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ، نیگەرانیی خۆی نیشان دا کە سەرەڕای ویستی پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوان بە بەشداریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو هاوبەشی سەرەکی، بەڵام هاوبەشەکانی دیکە هەمان بۆچوونیان نەبووە.

مەسرور بارزانی لە چاوپێکەوتنەکەدا ڕایگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە تاکە لایەن بووە کە داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کردووە. بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان و دەستی ئاشتی بۆ سەرجەم لایەنەکان درێژ دەکەین، تاوەکو بەرژەوەندیی نیشتمانیی گەلی کوردستان بخەنە سەرووی بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکانەوە.

بەپێی قسەکانی سەرۆکوەزیران، هاوبەشەکانیان لە حکومەت ویستوویانە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق دوابخرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پارتی خاوەنی زۆرترین دەنگ بووە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئاسانکاری بۆ پێکهێنانی حکومەت.

رۆژی یەکشەممە 16ـی ئابی 2026، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، لە یادی 80 ساڵه‌ى دامەزرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ''پارتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە رۆڵی گرنگی لە دروستکردن و پێگەیاندنی هەرێمی کوردستان هەبووە.''

عەلی حوسێن ئاماژەی بە دۆخی ئێستای ناوچەکە و عێراق کرد و وتی: ''ئەم دۆخە پێویستی بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی لایەنە سیاسییەکانە، بەتایبەتی لە کوردستان بۆ ئەوەی بتوانن ئەم قۆناخە تێپەڕێنن.''

لە لێدوانەکەی 16 ی ئابدا  عەلی حوسێن وتی ''نزیکبوونەوەی باش'' لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە و کۆبوونەوەی داهاتوویان ''لەم رۆژانەدا'' دەکرێ". بەڵام نزیکەی 10 رۆژ بەسەر ئەو قسەیەدا تێپەڕی و کۆبوونەوەکە نەکرا.

رۆژی پێنجشەممە 2ـی تەممووزی 2026، لە شاری سلێمانی، رێوڕەسمی واژۆکردنی رێککەوتنی (هاوپەیمانیی هاوسەنگی و بووژانەوە)ـی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی هەردوو حیزبەکە بەڕێوە چوو.

هاوپەیمانییەکە بە واتای ئەوە دێت، دوای چەندین ساڵ لە ئۆپۆزیسیۆنبوون، نەوەی نوێ رێگەی بەشداربوون لە حکومەتی گرتووەتەبەر.

لە بەشێکی قسەکانیدا عەلی حوسێن باسی لە نەوەی نوێ کرد کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا 15 کورسی بەدەستهێنا و وتی: ''مانگی نۆی پار نەوەی نوێ لە رێگەی کەسایەتییەکی سیاسییەوە پەیوەندی پێوە گرتم کە ئامادەن بە هەموو کورسییەکانیان لەگەل ئێمە 50+1 [ـی کورسییەکانی پەرلەمان] پێکبهێنن، بۆ ئەوەی بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنرێت.''

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە دەشڵێت، پارتی پێشنیازەکەی نەوەی نوێی رەتکردووەتەوە لەبەر دوو هۆکار، ''یەکەم؛ پارتی و یەکێتی تەواوکەری یەکدین و پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی بۆشایی تێدەکەوێت. دووەم؛ پێمان دروست نەبوو لەکاتێکدا لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید رێککەوتن بکەین کە لە زیندان بوو.''

نزیکەی دوو ساڵە، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوەتەوە و کابینەی دەیەمی حکومەتیش پێکنەهێنراوە. ئەو بەرپرسەی پارتی، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەت بە پێویست دەزانێت و دەڵێت: ''دەبێ کار لەسەر یەکڕیزی بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاست ئەم قۆناخەدا هەنگاو بنێین.''

بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دیاری نەکراوە.

بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 کرا، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی بەدەستهێناوە.

  • ئەمساڵیش کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنایەت

  • دوای نەمانی هەسەدە؛ پارتی ڕێگە گەڕانەوەی "پێشمەرگەی ڕۆژ بۆ رۆژئاوا خۆش دەکات

  • عێراق بەنزینی بە ٤٥٠ دیناری دابین دەکات؛ جیاوازیی تێچووی پاڵاوتن لە هەرێم چوار بەرامبەرە

  • چارەنووسی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە؛ واشنتن تا ئێستا بڕیاری فەرمی بە هەولێر ڕانەگەیاندووە

  • موجتەبا لەبارەی یەكڕیزی هاتە دەنگ و لێپرسراوانی ئێران ترسیان هەیە

  • مەزڵوم عەبدی لە کۆبانێ تاوەکو دیمەشق

  • دەریاچە سەهۆڵینەكانی هیمالایا چۆن كارەساتیان خوڵقاند؟

  • ئەمریكا ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندووەتەوە ؟

  • کێشمەکێشی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەکە و بەنزینی ٤٥٠ دیناری؛ دوو پێشنیاز لەسەر مێزی هەولێر و بەغدایە

سەرەکی