رەنج باراوی
10/09/2026
1395 جار خوێنراوەتەوە
تەحریم وتەجریم لە بازاڕەکاندا
شیکارییەکی قووڵ و گشتگیر لە ڕوانگەی شەرعی، یاسایی، پزیشکی و کارگێڕییەوە بۆ مەترسییەکانی فێڵی گۆشت لە عێراقدا
بابەتی تێوەگلانی بازرگانی و تداولکردنی گۆشتی قەدەغەکراو، بەتایبەت گۆشتی بەراز یان هەر جۆرە گۆشتێکی تری نادروست و ناپشکنراو، یەکێکە لەو مەترسییە هاوچەرخانەی کە ڕاستەوخۆ ئاسایشی تەندروستی، ئابووری، و کۆمەڵایەتی تێکدەدات. لە ڕوانگەی شەریعی ئیسلامییەوە، نەک تەنها خواردنی گۆشتی بەراز بە ڕوونی حەرام کراوە و لە دەقی قورئانی پیرۆزدا بە ئاشکرا سزای لەسەر دروەشاوەتەوە (إِنَّمَا حَرَّمَ عَلَيْكُمُ الْمَيْتَةَ والدَّمَ وَلَحْمَ الْخِنزِيرِ وَمَا أُهِلَّ بِهِ لِغَيْرِ اللَّهِ)، بەڵکو لە ڕووی فیقهیشەوە بەراز بە «نەجیسی عەین» هەژمار دەکرێت و بەپێی بنەمای جێگیر و نەگۆڕی شەرعی (ما حرم أكله حرم ثمنه) هەر پارە و قازانجێک لە فرۆشتن و تداولکردنی بەدەست بێت سۆحتە و حەرامە.
مەقاسیدی شەریعە و بنەماکانی لادان لە زیان لە تێڕوانینی قووڵی شەرعی و لە چوارچێوەی «مەقاسیدی بەرزی شەریعە» (المقاصد الشرعية)ـدا، هۆکاری سەرەکیی تحریمی گۆشتی بەراز و گۆشتی قەدەغەکراو، تەنها پابەندبوونێکی ڕوکەش و تەقلیدی نییە، بەڵکو ئامانجی باڵای شەریعەت پاراستنی پێنج بنەما سەرەکییەکەیە، کە بریتیین لە: «پاراستنی نەفْس و ژیان» (حفظ النفس)، «پاراستنی تەندروستی» (حفظ الصحة)، و «پاراستنی سامان و ماڵی هاووڵاتییان» (حفظ المال). کاتێک کەسێک لە پێناوی قازانجی ماددیدا گۆشتی قەدەغەکراو دەخاتە بازاڕەوە، نەک تەنها ژیان و تەندروستیی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسیی کوشندەوە و سامانی کڕیار بە فێڵ دەبات، بەڵکو لە ڕوانگەی بنەمای فیقهیی (لا ضرر ولا ضرار) و (درء المفاسد مقدم على جلب المنافع)ـەوە، پێشێلکردنێکی مەترسیداری بنەما مەقاسیدییەکان ئەنجام دەدات کە دەرەنجامە ناخۆش و ترسناکەکانی دەروونی و کۆمەڵایەتیش بۆ سەر تاک و کۆمەڵ بەدوای خۆیدا دەهێنێت و سیستمی یاسایی عێراقی بە هەموو شێوەیەک دژایەتی دەکات.
سەبارەت بەو حاڵەتە نەخوازراوەی کە لە شاری( نجف الأشرف) تۆمار کرا و تێیدا فرۆشتنی ئەم جۆرە گۆشتە بە ڕووداوێکی (جرمی مشهود - تاوانی ئاشکرا و بەردەست) لەلایەن هێزە ئەمنی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە یەکلایی کرایەوە، لێکۆڵینەوە ئەمنییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەستگیرکردنی تۆمەتبار لە کاتی نمایشکردن و فرۆشتنی ئەو ماددە قەدەغەکراوانەدا، بەڵگەیەکی حاشاھەڵنەگرە کە کارەکە هەرگیز بۆ مەبەستی بازرگانیی ئاشکرا و فەرمی نەبووە، بەڵکو لە ڕێگەی تۆڕە مەترسیدارەکانی «بازاڕی ڕەشی نافەرمی» و قاچاخچیکردن بە سنوورەکانەوە دزەیان پێ کراوە بۆ ناو شارەکان تاوەکو بچنە خانەی فێڵی تجاری، خیانەتی پیشەیی و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە ڕێگەی تێکەڵکردنیان لەگەڵ گۆشتی حەڵاڵدا بۆ خەڵەتاندنی کڕیار. شایەنی باسە، لە سیستمی شەرعی و یاسایی عێراقدا تەنها ئەو گۆشتە ئاژەڵانە ڕێپێدراون کە شەریعەت مۆڵەتی پێداون (وەک ئاژەڵی کێڵگەیی) بە مەرجی سەربڕینی ئیسلامی و پشکنینی بیطریی توند، و هەر شتێکی دەرچوو لەم بازنەیە بە قاچاخ و یاساخ دەژمێردرێت .
یاسای عێراقی هیچ مۆڵەتێک نادات بە بازرگانیکردن یان تداولکردنی گۆشتی بەراز لە بازاڕە گشتییەکاندا بۆ هاووڵاتییان. لەبەر ئەوەی شەریعەتی ئیسلامی سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ تشریع لە دەستووردا، هەر بازرگانییەک بەو مادانەی پێچەوانەی ئایین، نەریتی گشتی و ئاسایشی کۆمەڵگەن، بە ڕەهایی قەدەغەیە و تەنها لە سنووری زۆر تەسک بۆ شوێنە تایبەتەکانی اقلیات بە ڕەزامەندی دەسەڵاتی کارگێڕی نەبێت، لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە قەدەغەیە.
ئایا بازرگانی کردن بە گۆشتی بەرازەوە دەبێت مەبەست لێی بەکارهێنان بێت ئنجا تەجریم دەکرێ؟ تەجریمکردن تەنها بەستراوەتەوە بە غایەی استهلاک و خواردنی ڕاستەوخۆوە نییە، بەڵکو خودی خاوەندارێتی، هەڵگرتن، نمایشکردن، و فرۆشتنی بە مەبەستی تێکەڵکردن لەگەڵ کاڵای تردا تاوانە. کاتێک فرۆشیارێک مادەیەکی قەدەغەکراو دەخاتە بازاڕەوە و بە فێڵ وەک گۆشتی ئاسایی دەیشارێتەوە، تاوانی فێڵکردن، شاردنەوەی عەیب لە کاڵادا، و تێکدانی تەندروستی گشتی ڕاستەوخۆ تەواو دەبێت.
ئەگەر لەڕووی تەکیفی قانونی بۆ تاوانی فرۆشتنی گۆشتی قەدەغەکراو و هەڵخەڵەتاندن باس بکەین ئەوا : تەکیفی قانونی (الوصف القانوني) بۆ ئەم کردەوەیە پشت بە ماددە کارپێکراوەکانی ئێستای دادگاکانی عێراق دەبەستێت. لەبەر ئەوەی لە پراکتیکی دادوەریی هاوچەرخدا دادگاکان بۆ تاوانی تێکەڵکردنی خۆراکی ناساغ و مەترسیدار پشت بە ماددە گشتییەکانی قانون العقوبات العراقي (وەک ماددەکانی تایبەت بە زیان گەیاندن بە تەندروستیی گشتی و فێڵی تجاری لە مامەڵەدا) و یاسای پاراستنی بەکاربەر دەبەستن، دادگا بەپێی بەڵگەکان و قەبارەی زیانەکە گونجاوترین وصفی قانونی و سزا دەسەپێنێت و دوورە لە هەر مشتومڕێکی یاسایی.
لە پاڵ سزاکانی دادوەریدا، هۆکاری سەرەکی قەدەغەکردنی ئەم جۆرە گۆشتانە دەگەڕێتەوە بۆ مەترسییە کوشندەکانیان لەسەر تەندروستی مرۆڤ، چونکە گۆشتی ناپشکنراو و بەراز هەڵگری بەکتریای مەترسیدار و مشەخۆری وەک (Trichinella)یە کە دەبنە هۆی نەخۆشییەکانی مێشک و جەرگ و تێکچوونی سەختی کۆئەندامی هەرس. لە پشت ئەم لایەنە پزیشکییەوە، لە ڕووی کارگێڕییەوە لێژنەکانی تەندروستیی ژینگە و چاودێریی ڤێرتنەری سەر بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی و کشتوکاڵ لە پارێزگاکاندا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پۆلیسی شارەوانی و قایمقامیەتەکان، لەسەر بنەمای یاسای تەندروستیی گشتی و ڕێنماییە بلدییەکان، دەسەڵاتی دەستبەجێیان هەیە بۆ سەپاندنی غرامەی مالیی جەسیم (سزای دارایی قورس بەپێی خولی نوێی ڕێنماییە کارگێڕییەکان)، داخستن و مۆرهەڵبچوونی شوێنەکە، هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردنی بۆ هەمیشە، و لەناوبردنی سەرجەم گۆشتەکان پێش ئەوەی بگەنە دەستی هاووڵاتییان.
سەبارەت بە لایەنی مەدەنی و مافی قەرەبووکردنەوەش لە ئەسەری تاوانەکە، هاووڵاتیی زیانلێکەوتوو مافی تەواوی هەیە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی داواکارییەوە لە ڕێگەی (دعوى تبعية - داوای هاوەڵ مەدەنی لەبەردەم دادگای جزادا)، یان دوای یەکلاییکردنەوەی دۆسێیەکی جزایی لە ڕێگەی تۆمارکردنی (دعوى مدنية / محكمة البداءة المختصة مكانياً ونوعياً)، داوای قەرەبووی مادی، معنوی و قەرەبووکردنەوەی زیانە دەروونی و تەندروستییەکان لە تۆمەتبار بکاتەوە.
ڕۆڵی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی چاودێرییەکان (پێشنیار و دەرەنجام):
سەڕەڕای گرنگی و توندیی سزاکانی شەرع، یاسا، و ڕێکارە کارگێڕییەکان، سەرکەوتنی ڕاستەقینە لە ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییە ترسناکانە، پشت بە هۆشیاریی مەدەنی و هۆشیارکردنەوەی بەردەوامی هاووڵاتییان دەبەستێت. پێویستە دەزگا ڕاگەیەندراوەکان، سەندیکاکان، و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هاوکاریی دەزگا فەرمییەکان بکەن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە چۆنیەتی پشکنینی فەرمیی گۆشت و ناسینەوەی مۆری فەرمیی قەسابخانە حکومییەکان. هەروەها پێویستە دەسەڵاتە کارگێڕییەکان سیستمی هێڵی گەرم (Hotline) و سکاڵای خێرا چالاکتر بکەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە ئاسانترین شێوە بتوانن هەر سەرپێچییەک یان گومانێک لە بازاڕەکاندا بە زووترین کات بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەیەنن، چونكە پاراستنی ئاسایشی خۆراک ئەرکێکی هاوبەشە لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا.
توێژەری مافپەروەر ڕەنج باراوی
سەرچاوەکان:
١. سەرچاوە شەرعییە بنەڕەتییەکان و زانستی مەقاسید:
القورئان الكريم: دەقە صەریحەکانی تحریم و قەدەغەکردن، سورەتی البقرة (آية 173)، سورەتی المائدة (آية 3)، سورەتی الأنعام (آية 145)، سورەتی النحل (آية 115). الإمام أبو إسحاق الشاطبي (المتوفى 790 هـ):الموافقات في أصول الشريعة، تحقيق: د. عبد الله دراز، دار ابن عفان، السعودية، الطبعة الحديثة (2004)، المجلد 1، ص 48-55؛ المجلد 2، ص 340-360. الإمام أبوبكر الكاساني:بدائع الصنائع في ترتيب الشرائع، دار الكتب العلمية، بيروت، الطبعة الثانية (2003)، ج 5، ص 39-42.
٢. سەرچاوە یاسایی و دادوەرییە فەرمییەکانی عێراق:
قانون العقوبات العراقي رقم 111 لسنة 1969 المعدل:المواد الخاصة بالجرائم الماسة بالصحة العامة، الغش التجاري، والمصادرة وغلق المحال (المواد ذات الصلة بتنظيم سلامة الأغذية وتداولها). قانون حماية المستهلك العراقي والقوانين الإدارية ذات الصلة:النصوص المنظمة لجرائم الأسواق وحماية المستهلكين. القانون المدني العراقي رقم 40 لسنة 1951 المعدل: النصوص القانونية المنظمة لأحكام المسؤولية التقصيرية، الفعل الضار، والحق في المطالبة بالتعويض المادي والمعنوي والنفسي (الدعوى المدنية التبعية والدعوى الأصلية). قوانين وتتعليمات وزارة الصحة والجهات الإدارية والبلدية المختصة: المتعلقة بتفتيش الأسواق، فرض الغرامات المالية الجسيمة، وسحب رخص العمل.
٣. سەرچاوە پزیشکی و تەندروستییە سەردەمییەکان:
World Health Organization (WHO), 2024:WHO guidelines on meat hygiene, food safety, and the prevention of foodborne zoonoses, World Health Organization, Geneva. Centers for Disease Control and Prevention (CDC), 2023:Trichinellosis Surveillance — United States and International Epidemiological Updates*, U.S. Department of Health and Human Services, Atlanta.
|