فارس نەورۆڵی
08/10/2026
134 جار خوێنراوەتەوە
زەنگی هەژاری لە بەغدا و دەرگاکردنەوە بۆ ناسەقامگیری
شەڕ بەردەوام هەژاری و نەداری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. عێراقیش لە سەرەتای دامەزراندنیەوە، بەهۆی نادادپەروەریی سیاسی و ئابوورییەوە، بەردەوام لە ناو شەڕدا بووە؛ بۆیە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەمیشە ناجێگیر بووە. هەر ئەمەش وایکردووە خەڵکی عێراق بەردەوام لەگەڵ دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی خۆیدا لە ناکۆکیدا بێت و لە شۆڕشدا بێت . لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش، لە ئەنجامی نالۆژیکیی ئەقڵییەتی سیاسیی دەسەڵاتداران، دۆخی عێراق هێشتا ناجێگیرە و ئەمەش بژێویی زۆرینەی خەڵکی سەخت کردووە. ئەوەی چاوەڕوانکراو نەبوو لە حکومەت و کابینەی نوێی حکومەت بەرز کردنەوەی بەهای دۆلار بوو؛ چونکە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ڕاستەوخۆ واتە دابەزینی ئاستی بژێویی خەڵک و بەرزبوونەوەی نرخی تەواوی کاڵاکان، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتربوونی ڕێژەی هەژاری. هەموو فەلسەفە و ئاینە کانیش هەژارییان وەک کوشندەترین دەرد و نەخۆشی پێناسە کردووە. لە فەرهەنگی ئابووری و کۆمەڵایەتیشدا، هەژاری ئاماژەیە بۆ نەبوونی سەرچاوەکانی ژیان، گرانی، و ناسەقامگیریی کۆمەڵایەتی و سیاسی. کاتێک لە دیدی بوونگەرایی و دەروونناسییەوە سەیری هەژاری دەکەین، دەبینین تەنیا نەبوونی بژێویی سادە نیە ، بەڵکو هۆکارێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەقڵ و ئەخلاقی کۆمەڵگە و شکاندنی کەرامەتی تاک. لەم ڕوانگەیەوە، هەژاری وا لە مرۆڤ دەکات کەرامەت و سەربەرزیی خۆی لەدەست بدات و ڕق و کینە جێگەی ڕێز و خۆشەویستی بگرێتەوە. لە ئەنجامدا تاکی سەربەخۆ نامێنێت، چونکە کاتێک داهات و بژێویی سەربەخۆی نەبوو، ئیتر مرۆڤ ناتوانێت ئازادانە بیر بکاتەوە، بەڵکو دەبێتە پاشکۆ لەپێناو بژێویدا ، ئیتر لێرەوەئینتیمای بۆ نیشتمان هەرەس دەهێنێت و توانای بەرگرییکردنی تاک لاواز دەبێت. بۆیە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، زەنگێکی مەترسیداری هەژارییە لە بەغدادەوە لێدرا . دەبێت حکومەتی بەغدا ئەوە بزانێت کە قووڵبوونەوە و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری، واتە هەرەسهێنانی تەواوی بەها کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکان؛ بۆیە پێویستە بەجدی بیر لە چارەسەرکردنی ناسەقامگیریی بازاڕ بکەنەوە.لەهەمان کاتدا دەبێ شەقامی ئێراقی و ئەحزابی عێراقی و کوردستانی بەهەمو نەتەوەو مەزهەب و ئاینە جیاوازەکانەوە قسەیان لەسەر ئەو قەیرانە هەبێت.
|