14   کاتژمێر پێش ئێستا 166 جار خوێنراوەتەوە

وردەکاریی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی تاران و واشنتن؛ سێنتکۆم دڵنیایی دەدات و کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لێدوانی توند دەدات

لە کاتێکدا گرژییەکانی کەنداو و گەرووی هورمز بەردەوامە و سوپای پاسداران جەخت لە کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکە دەکاتەوە، تاران مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی ڕێڕەوەکان خستووەتەڕوو؛ لە بەرامبەردا ئەمریکا جەخت لەسەر ئاساییبوونی هاتووچۆی کەشتییەکان دەکاتەوە، و سەرکونسوڵی ئێران لە هەولێرش هۆشداری توند دەداتە هێزەکانی ئەمریکا.

گرژییەکانی ناوچەکە بەردەوامن، عەمید محەمەد ڕەزا نەقدی، ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" ئاشکرای کرد جووڵە و هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا لەژێر چاودێر و دەسەڵاتی تەواوی هێزەکانی ئێراندایە. ناوبراو جەختی کردەوە ئەم دۆخە تا بەدیهێنانی سەرجەم داواکارییە یاسایی و ڕەواکانی تاران وەک خۆی دەمێنێتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە دا هەندێک لایەن لە ڕێگەی بەلەمی بچووکەوە نەوت بە شێوەی قاچاخ دەگوازنەوه‌ بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکان، بەڵام هێزەکانیان بڕیاریان داوە لە ڕێگەی تەقاندنەوەی ئەو ڕێڕەوە ناڕەسمییانەوە تەواوی ئەو دەروازانە داخەن و ڕێگری لە هەر جووڵەیەکی نایاسایی بکەن.

مەرجەکانی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و ڕێڕەوی ئارام

 لە لایەکی ترەوە، شەوی چوارشەممە (8ی تشرینی یەکەمی 2026)، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتن بە میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، تێبینی و مەرجەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە هەموو بەرەکاندا و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ناوچەی کەنداو و تەنگەی هورمز، بە شێوەیەکی روون و یەکلاکەرەوە دراوەتە ئەمریکا. ناوبراو ڕوونیشیکردەوە وەڵامی پێویست بۆ پێشنیازەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەدرێتەوە واشنتن.

بەقایی ئاماژەی بە دانوستاندنەکانی تاران و مەسقەت کرد بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوێک بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا و رایگەیاند پرۆسە ڕاوێژکارییەکە بە باشی بەڕێوەچووە و هەردوو وڵات گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن.

 ئەم لێدوانانە لە درێژەی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتندا دێن لە نیویۆرک، لە کاتێکدا کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشتر ڕایگەیاندبوو تێڕوانینەکانی ئەمریکا لەبارەی پلانی حەوت ڕۆژەی تارانەوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.

 تاران کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی تەنگەی هورمزی بە چەند مەرجێک بەستووەتەوە، لەوانە ڕاگرتنی شەڕ و گرژییەکان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (لە نیویاندا لوبنان و یەمەن) بۆ حەوت ڕۆژ، و ئازادکردنی لانیکەم 12 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران و هەڵگرتنی سزاکانی سەر نەوت و گەمارۆی دەریایی ئەمریکا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر پێشنیازی سەرەتایی تارانی ڕەتکردبووەوە.

هەڵوێستی سێنتکۆم و لێدوانەکانی سەرکونسوڵی ئێران لە هەولێر

لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لەبارەی هاتووچۆکردن لە گەرووی هورمز ڕونکردنەوەیەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند هاتووچۆ لە گەرووەکەدا بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە و ناوچەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمریکا و هاوبەشە ناوچەییەکاندایە، کەشتییەکان بەردەوامن لە هاتووچۆ و گواستنەوەی سەرچاوەی وزە کە 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو لەخۆ دەگرێت.

لەلایەکی ترەوە، سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان، فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی رایگەیاند هێزی سەربازیی ئەمریکا لە هەولێر کشاونەتەوە، بەڵام دەزگای هەواڵگری ئەمریکا (سی ئای ئەی) هێشتا ماونەتەوە و خەریکی ئاژاوەگێڕین، هۆشداری دا کە ئەگەر ئەمریکا جووڵەیەکی دژی ئێران هەبێت دووبارە دەکرێنە ئامانج. سەرکونسوڵی ئێران هەروەها ڕەتیکردەوە کە هێرشیان کردبێتە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێم و جەختی کردەوە ئەگەر ئەوان لە شوێنێک بدەن بە فەرمی ڕایدەگەیەنن، هەروەها سەبارەت بە لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕایگەیاند لە ڕابردوودا گفتوگۆیان هەبووە، بەڵام ئەوانە بڕیاردەر نەبوون و گفتوگۆکانیان تێکداوە.

  • تەڤگەری ئازادی: بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەک نەمێنێتەوە، هەموو هێزەکانمان لە ناو تورکیا بە تەواوی کشاندەوە

  • دانیشتنی دادگاییكردنی لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێكانی دواخرا؛ چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو بڕیار بدرێت

  • وردەکاریی گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی تاران و واشنتن؛ سێنتکۆم دڵنیایی دەدات و کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر لێدوانی توند دەدات

  • مێژووی دەستکاریکردنی دینار لە 2003وە؛ بارقورسی بڕیارە نادادپەروەرانەکانی حکومەت دەخرێتە سەر شانی هاوڵاتییان

  • لە دەستگیرکردنەوە تا دروستکردنی دۆسیەی نوێ؛ ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووس شێروان شێرانیدا تێدەپەڕێت

  • تەقینەوەی قەیرانی کەرتی تەندروستی؛ 52 هەزار دەرچووی پزیشکی و تەندروستی بێکارن

  • وەفدی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە؛ کۆبوونەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پشک و شایستە داراییەکان لە بودجە دەست پێ دەکات

  • لە فەرەنسا چی ڕوودەدات؟؛ ترەمپ ناڕەزایەتییەکان دەبەستێتەوە بە ئیسلامەوە و حکومەتیش چەپی ڕادیکال تۆمەتبار دەکات

  • حکومەتی عێراق کورتهێنانی بودجە بە گیرفانی هاووڵاتییان پڕ دەکاتەوە

سەرەکی