هەڤاڵ عارف عەباس 20/10/2026 303 جار خوێنراوەتەوە

ژیریی دەستکرد بە دەردی کــۆرۆنا

هەڤاڵ عارف

شەش ساڵ بەسەر سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-19)دا تێدەپەڕێت، ئەو ڤایرۆسەی لە کۆتایی ساڵی (2019)دا دەرکەوت و لە ساڵی (2020)دا وەک پەتایەکی سەرتاسەری ناسێنرا، هەرچەندە دەمێکە جیهان قۆناغە هەرە مەترسیدارەکانی ئەو ڤایرۆسەی تێپەڕاندوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامانە، ئەوەیە کۆرۆنا، کە ڕۆژگارێک وەک هۆکاری کارەساتێکی جیهانی لەقەڵەم دەدرا، ئەمڕۆ خۆی بوەتە قوربانی تۆمەتبارکردنێکی بێ‌بنەما، چونکە هەر کاتێک نەخۆشییەکی هاوشێوە  یان پەتایەکی نوێ سەر هەڵدەدات، لە هەندێک حاڵەتدا پێش ئەوەی ڕاستییە زانستییەکان دەربکەون، پەنجەی تۆمەت بۆ کۆرۆنا درێژ دەکرێت و بێ‌ چەندوچون دەوترێت: کۆرۆنایە!

ئێستا ژیریی دەستکردیش بە هەمان دەردی کۆرۆنا براوە و بوەتە قوربانییەکی دیکەی حوکمدانی پێشوەختە و قەزاواتی سەرپێی، بەوپێیەی لەم قۆناغەدا زۆرجار، بە باش و خراپ، ئەوەی لە پلاتفۆڕمە مەجازییەکاندا بڵاو دەکرێتەوە، بەبێ هیچ وردبونەوەیەک دەدرێتە پاڵ ژیریی دەستکرد و ئەم تەکنەلۆژیایە وەک سەرچاوەی زۆرێک لە دیاردە و پێشهاتەکان دادەنرێت، ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا تێگەیشتنێکی قوڵمان لە توانا و سنورەکانی ئەم (ئەقڵە دیجیتاڵییە) نییە و تەنانەت جیهانیش لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە ئەم تێڕوانینەش  وایکردوە تا ڕادەیەک ژیریی دەستکرد لە ئیرادە و بەرپرسیارێتی مرۆڤ داببڕێت و ڕۆڵی سەرەکی مرۆڤ لە چۆنیەتی بەکارهێنان و ئاڕاستەکردنی ئەم تەکنەلۆژیایەدا بخاتە پەراوێزەوە.

ئەمە پاساو هێنانەوە نییە بۆ ئامرازێک، کە لە ئێستادا گۆی زەوی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردوە، چونکە بێگومان ئەم داهێنانە تەکنەلۆژییەش بێ مەترسی و کەموکوڕی نییە و هەروەک چۆن دەتوانێت دەرفەتی سەردەمییانە بۆ مرۆڤایەتی بڕەخسێنێت، دەکرێت ببێتە هۆکاری سەرهەڵدانی کێشە و ئاڵنگاریی نوێش، بەڵام ئەمە نابێت ببێتە پاساو بۆ ئەوەی هەمو دیاردە و پێشهاتێکی ئەرێنی یان نەرێنی، لە داهێنان و دەستکەوتەکانی مرۆڤەوە تا هەڵە و شکست و قەیرانەکان بەبێ هیچ جیاکارییەک بە ژیری دەستکردەوە ببەسترێنەوە، چونکە لە ئەنجامدا وادەکات هەم هزر و ماندوبونی مرۆڤ نادیدە بگیردرێت و هەم بەرپرسیارییە ڕاستەقینەکان لەژێر ناوی ئەم تەکنەلۆژیایەدا بشاردرێنەوە .

لەمانەش نامۆتر ئەوەیە، بەشێک لەوانەی ژیری دەستکرد بە هۆکاری هەندێک لە داهێنان یان قەیران و ئاڵنگارییەکانی سەردەم دەزانن، بۆ داڕشتنی ڕەخنەکانیان لە دژی هەمان ئامراز، پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی خودی ژیری دەستکرد، ئەمەش دەچێتە چواچێوەی دوفاقی تەکنەلۆژییەوە.


لەکۆتاییدا گرنگە بزانین، هەروەک چۆن هەمو سەرئێشە و تایەک کۆرۆنا نییە، ئاواش هەموو داهێنان و شکستێک ژیریی دەستکرد و کایە مەجازییەکان نییە، بۆیە ئەم تێڕوانینە هەڵەیەش لەبری دەرخستنی ڕاستییەکان، هاوکێشەکە پێچەوانە دەکاتەوە، تاوانبار دەکاتە قوربانی و قوربانییش دەکاتە تاوانبار ، سەرئەنجام دادوەری لەسەر هەر پرسێک، پێویستی بە دۆکیۆمێنت و هەڵسەنگاندنی بابەتییانە هەیە، نەک حوکمێکی پێشوەختە، کە سنوری نێوان توانای مرۆڤ و کاریگەری تەکنەلۆژیا تێک بدات.

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

هەموو وتارەکانی هەڤاڵ عارف عەباس

سەرەکی