2026-10-20 166 جار خوێنراوەتەوە

گرژییە سنوورییەکان؛ تاران و بەغداد لەسەر دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات ڕێککەوتن

ڕێککەوتنی ئەمنیی عێراق و ئێران بۆ دەرکردن و ڕادەستکردنەوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات جارێکی تر دێتەوە بەرباس، هەڕەشەکان چڕتر دەبنەوە و هەرێمی کوردستانیش ڕووبەڕووی دۆخێکی هەستیار دەبێتەوە.

لە نوێترین پێشهاتی ئەمنی و سیاسیی نێوان هەردوو وڵاتدا، محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، ڕایگەیاند لە چوارچێوەی هاوکارییە ئەمنییەکانی نێوان تاران و بەغدا و لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی هاوبەشدا، بڕیاردراوە بە دەرکردنی ئەندامی گروپە جوداخوازەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان یان ڕادەستکردنەوەیان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەم ڕێککەوتنە لە ماوەی ڕابردوودا ڕەنگدانەوەی خێرای لەسەر زەمینی واقع هەبووە؛ بە جۆرێک کە مۆڵەتی مانەوەی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆنانە لە بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی هەولێر ڕاگیراوە و بۆیان نوێ ناکرێتەوە، کە بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئەمە راستەوخۆ پەیوەندیی بە ڕێککەوتنە ئەمنییەکەی حکومەتی عێراق، ئێران و هەرێمی کوردستانەوە هەیە.

لە بەرامبەر ئەم فشار و ڕێککەوتنانەدا، دۆخی مەیدانی لە ناوچە سنوورییەکان گرژیی توندخۆی بەخۆیەوە بینیوە. بەپێی راگەیەندراوی یەرەکە، سوپای پاسداران لە ناوچەکانی شاهۆ، دەشتە قەڵبێ و کڵاتەرزان، چەکی قورس و درۆنی خۆکوژی (کامیکازی) دژی هێزەکانیان بەکارهێناوە و هێزێکی زۆری لە ناوچەکە جێگیر کردووە. لە بەرامبەریشدا، ئەو هێزانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، تا کۆتایی مافی بەرگریی ڕەوا و وەڵامدانەوەی پێویست بەکار دەهێنن.

لە ئاستی باڵای سیاسی و کارگێڕیدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکیدا لە دیداری میری ڕایگەیاند کە ناکرێت هێزێکی چەکدار لە هەرێمدا بێت و لەوێوە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکات، چونکە ئەمە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و دەستووری عێراق قبوڵکراو نییە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی و یەکێتی لەمبارەیەوە هاوئاهەنگ بوون و هێزیان بۆ سەر سنوورەکان ناردووە تا ڕێگری لە هەر جووڵەیەک بگرن.

هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە ئەمنییانەدا، لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات نەخشەڕێگا و هەڵوێستی خۆیان خستووەتەڕوو؛ لەوانەش ڕێبوار ئاودانان، وتەبێژی پژاک، لەڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە سیستەمی "کۆماری دیموکراتیک" و لامەرکەزییەتی وەک تاکە شایستەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەکان و دابینکردنی مافەکانیان لە ئێراندا خستەڕوو.

  • پەیامی ڕوونی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ بارزانی؛ هاوبەشیی ستراتیژی لە ناوەڕاستی بەستەڵەکی پەرلەمان و حکومەتدا

  • سەڕەرای نەمانی پاساوەکانی؛ تورکیا ئامادە نییە لە عێراق و سوریا بکشێتەوە

  • هەرێمی کوردستان بە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی پێش بەلجیکا و عێراق کەوتووە

  • مەزڵوم عەبدی: هێزەکانی هەسەدە دەچنە ناو سوپای سوریا، بەڵام لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە

  • ئاژانسی ته‌سنیم باس له‌ بڵاوه‌پێكردنى درۆن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و ئۆكرانیا ڕه‌تیده‌كاته‌وه‌

  • نرخی بەنزین ڕووی لە دابەزین کرد و سلێمانی و هەولێر جیاوازیی گەورەی نرخ لە نێوانیان هەیە

  • چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر چەک و یاساکان دەدات؛ لیژنەی دارایییش دژی قەرزکردن دەوەستێتەوە

  • گرژییە سنوورییەکان؛ تاران و بەغداد لەسەر دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات ڕێککەوتن

  • هەرێمی کوردستان؛ قەوارەیەک لەنێوان قوربانیدانی مێژوویی و مەترسیی لەدەستدانی شەرعییەتدا

سەرەکی