11   کاتژمێر پێش ئێستا 103 جار خوێنراوەتەوە

هەرێمی کوردستان؛ قەوارەیەک لەنێوان قوربانیدانی مێژوویی و مەترسیی لەدەستدانی شەرعییەتدا

هەرێمی کوردستان بەرهەمی بەخشینی هیچ حکومەتێک، سازشێکی کاتی یان موڵکی هیچ حیزب و بنەماڵەیەک نییە، بەڵکو ئەم قەوارەیە بەرهەمی زیاتر لە سەدەیەک خەبات، قوربانیدان، زیندان، ئاوارەیی، ئەنفال، کیمیاباران، ڕاپەڕین و خوێنی هەزاران شەهیدی گەلی کوردستانە.

 بەڵام دوای ٣٤ ساڵ لە دامەزراندنی پەرلەمان و حکومڕانی هەرێم، ئەم دەستکەوتە مێژووییە لە یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغە دامەزراوەییەکانی خۆیدایە. هەرێمی کوردستان لە ڕووی دەستوورییەوە قەوارەیەکی ناسراو و بەشێکی بنەڕەتیی سیستەمی فیدراڵیی عێراقە، بەڵام لە ئێستادا لە ڕووی کردارییەوە زۆرێک لە دامەزراوە یاسایی، نوێنەرایەتی، چاودێری، ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی لە دۆخی ناکارایی، بەسەرچوونی ماوەی یاسایی، کاربەڕێکردنی درێژخایەن یان دابەشبوونی حیزبیدان.

پوختەی ئەم دۆخە نەخوازراوە لەوەدا دەبینرێتەوە کە بۆ ماوەی نزیکەی چوار ساڵە پەرلەمانی کوردستان پەکی کەوتووە و حکومەتی هەرێمیش نزیکەی چوار ساڵە بە دۆخی کاربەڕێکەر بەردەوامە. سەرەڕای ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجامدراوە و ئەندامانی سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام ماوەی دوو ساڵە ئەو خولە نەکەوتووەتە سەر کار. هاوکات زیاتر لە ١٢ ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نەکراوە و ماوەی یاسایی هەر چوار دەستە سەربەخۆکە و سەرجەم سەندیکا و کۆمەڵە و یەکێتییەکان بەسەرچووە یان ڕەوشی یاساییان ئاشکرا نییە.

 لە لایەکی ترەوە، دوای نزیکەی ٢١ ساڵ لە پەسەندکردنی دەستووری عێراق، هەرێم هێشتا دەستووری پەسەندکراوی خۆی نییە و هێزەکانی پێشمەرگە، ناوخۆ، ئاسایش، هەواڵگری و دژەتیرۆر بە تەواوی یەک نەخراونەتەوە، بەڵکو لە کرداردا دوو زنجیرەی فەرماندەیی و دوو ناوچەی هەژموونی سیاسی، کارگێڕی و ئەمنی بەردەوامن.

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان هۆشداری دەدات کە ئەم دۆخە تەنها ناکۆکییەکی کاتیی نێوان حیزبەکان یان کێشەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو قەیرانێکی پەیوەست بە شەرعیەتی دەسەڵات، سەروەریی یاسا، یەکپارچەیی هەرێم، مافە دەستوورییەکان، متمانەی هاوڵاتیان و داهاتووی سیاسیی گەلی کوردستانە. ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، مەترسیی ئەوە هەیە هەرێم و دامەزراوەکانی، دەسەڵات، کارایی و ناوەڕۆکی سیاسی و دەستووریی خۆیان لەدەست بدەن.

گفتوگۆ لەسەر داهاتووی هەرێم نابێت تەنها لە چوارچێوەی پۆست، حکومەت، بودجە و ڕێککەوتنی حیزبیدا بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت وەک گفتوگۆیەک لەسەر پاراستنی قەوارە، شەرعییەت، یاسا، متمانەی خەڵک و بەرپرسیارێتی نەوەی ئێستا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. دامەزراوەی پەی ئەم ڕاپۆرتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاودێری و هەڵسەنگاندنی کارەکانی پەرلەمانی کوردستاندا ئامادە دەکات، پڕۆژەیەک کە بە هاوکاریی سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتیی دیموکراسی (NED)ی ئەمریکی ماوەی ١٣ ساڵە بەردەوامە و لە ڕێگەی چاودێری و بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی بەڵگەدارەوە هەوڵی داوە پرەنسیپەکانی لێپرسینەوە و شەفافییەت بەهێز بکات.

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا دەردەچێت کە قەیرانەکە گەیشتووەتە قۆناغێک کە بێدەنگی و چاوەڕوانیی ڕێککەوتنی نهێنیی حیزبی ناتوانێت بێتە چارەسەر. هەر مانگێکی تر کە پەرلەمان ناکارا و حکومەت کاربەڕێکەر بێت، تێچووی چاکسازی زیاتر دەبێت و توانای گەڕانەوە بۆ ڕێڕەوی دامەزراوەیی کەمتر دەبێتەوە. مەترسییەکە تەنها لە دوژمنانی دەرەکی و فشارە ناوچەییەکانەوە نایەت، بەڵکو بەشێکی گرنگی لە ناوخۆوە سەرچاوە دەگرێت؛ لە ناکارایی دامەزراوەکان، دابەشبوونی دەسەڵات و نەبوونی بڕیاری نیشتمانی. ئەگەر ئەم هۆکارانە بەردەوام بن، کورد خۆی دەبێتە ڕێخۆشکەر بۆ جێبەجێبوونی ئەو پیلانانەی دژبەرانی هەرێم چاوەڕێی دەکەن.

ئامانجی ڕاپۆرتەکە تەنها ڕەخنەگرتن یان خستنەئەستۆی قەیرانەکە لەسەر یەک لایەن نییە، چونکە دۆخی ئێستا دەرئەنجامی کۆمەڵێک هەڵە و دواخستن و جێبەجێنەکردنی ئەرکە یاساییەکانە. چارەسەریش بە دابەشکردنی چەند پۆستێک ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە پاکێجێکی گشتگیر و پابەندکەر هەیە کە هەموو دەسەڵاتەکان کارا بکاتەوە و ڕێڕەوی چاکسازی دارایی و ئەمنی لە چوارچێوەی یاسادا ڕێکبخاتەوە. هەڵبژاردن کاتێک مانای تەواوی خۆی وەردەگرێت کە دەرئەنجامەکانی ببنە دەسەڵاتی شەرعی و بڕیاری ئاشکرا. پاراستنی هەرێم تەنها لە ئەستۆی پێشمەرگە یان حیزبەکاندا نییە، بەڵکو لە ئەستۆی پەرلەمانتاران، وەزیران، دادوەران، ڕۆژنامەنووسان و تەواوی هاوڵاتیاندایە. خۆ ئەگەر گوێ لەم هۆشدارییە نیشتمانییە نەگیرێت، وەک حاجی قادری کۆیی فەرموویەتی: "حاجی کەسێکە بێ‌کەس، بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێ / بە قسەی دەکەن زەریفە، نایکەن بەڵا لە خۆتان".

گەشەی مێژوویی؛ لە خەباتەوە بۆ بونیادنانی دامەزراوەکان

تێگەیشتن لە پێگەی ئێستای هەرێم پێویستی بە ئاوڕدانەوە لە مێژوو هەیە. لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە، گەلی کوردستان ڕاپەڕینەکانی شێخ مەحموودی حەفید، ڕاپەڕینەکانی بارزان، شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ و ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ی تۆمار کرد. دوای هەرەسی ١٩٧٥ و پاشەکشەی شۆڕش، بەرخۆدان کۆتایی نەهات بەڵکو لە ساڵی ١٩٧٦ بە شۆڕشی نوێ سەر هەڵدایەوە. لە کۆتایی ساڵانی هەشتاکاندا، ڕژێمی بەعس تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەی ئەنجام دا کە ١٨٢ هەزار قوربانی سیڤیل و هەزاران شەهیدی لێکەوتەوە. لە پشت ئەم قەوارەیەی ئێستاوە هەزاران گۆڕی بێناونیشان و گوندی وێرانکراو هەیە.

ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ و دوابەدوای ئەوە کۆچی ملیۆنیی خەڵک بەرەو سنوورەکان، ڕای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جوڵاند و ناوچەی دژەفڕینی لێکەوتەوە. دوای کێشانەوەی دامودەزگا کارگێڕییەکانی ڕژێمی بەعس و سەپاندنی گەمارۆی ئابووری، هێزە سیاسییەکانی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی کارگێڕی، بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان دا. بەپێی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢، لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراتی بەڕێوەچوو و لە ١٥ی تەممووزی ١٩٩٢ پەرلەمان و دواتریش حکومەتی هەرێم دامەزرا. ئەمە گواستنەوەیەکی مێژوویی بوو لە خەباتی چەکدارییەوە بەرەو حوکمرانیی مەدەنی و یاسایی.

بەڵام ئەزموونی هەرێم بە بێ هەڵەش نەبووە؛ شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٩٤ زیانێکی قووڵی بە یەکڕیزی گەیاند و هەرێمی بۆ دوو ئیدارە دابەش کرد. سەرەڕای ڕێککەوتنی واشنتن لە ١٩٩٨ و هەوڵەکانی دواتر، تا ئێستاش هەندێک لە ڕیشەکانی ئەو دابەشبوونە ماونەتەوە. لە ڕووی هەڵبژاردنەکانیشەوە، دەبوو تا ساڵی ٢٠٢٤ نۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرابایە، بەڵام لە کرداردا تەنها شەش هەڵبژاردن ئەنجامدراون و دواخستنی بەردەوامی هەڵبژاردنەکان شەرعییەتی دامەزراوەکان لاواز دەکات. هەرێم ئەمانەتێکە لە دەستی نەوەی ئێستادا و موڵکی تایبەتی هیچ حیزب و سەرکردەیەک نییە، شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ ئەوە قوربانییان نەدا کە دەنگی خەڵک لە پڕۆسەی سیاسی بێبەها بکرێت.

چوارچێوە و پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان

لە ڕووی دەستوورییەوە، هەرێمی کوردستان بڕیارێکی کارگێڕیی کاتی یان بەخشینێکی بەغدا نییە، بەڵکو یەکەیەکی پێکهێنەری سیستەمی فیدراڵیی کۆماری عێراقە کە مافەکانی لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥دا چەسپێنراون.

بنەما دەستوورییە سەرەکییەکان پێگەی هەرێم بەم شێوەیە دیاری دەکەن:

فیدراڵیزم لە دیباجە و ماددەی یەکەمی دەستووردا وەک بنەمای سەرەکیی سیستەمی حکومڕانیی عێراق دانراوە و پابەندبوون پێوەی مەرجی پاراستنی یەکێتیی وڵاتە، هەروەها ماددەی ١٠٩ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان دەکاتە بەرپرسیار لە پاراستنی ئەم سیستەمە فیدراڵییە. ماددەی ١١٦ش جیاوازیی ڕوون لەنێوان هەرێم و پارێزگاکاندا دەکات، بەوەی هەرێم خاوەنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریی خۆیەتی.

ماددەی ١١٧ بە ڕوونی دان بە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە هەنووکەییەکانی لە کاتی چوونە بواری جێبەجێکردنی دەستووردا دەنێت، ئەمەش واتە دەستوور واقعێکی سیاسیی هەبووی ناساندووە نەک لە سفرەوە دروستی بکات. ماددەی ١٤١یش جەخت دەکاتەوە کە تەواوی ئەو یاسا، بڕیار، گرێبەست و بڕیارە دادوەرییانەی لە ساڵی ١٩٩٢ەوە لە هەرێم دەرچوون بە بەردەوامی دەمێننەوە، تا ئەو کاتەی لەلایەن دامەزراوە شیاوەکانی هەرێمەوە هەموار یان هەڵدەوەشێنرێنەوە، بە مەرجێک پێچەوانەی دەستوور نەبن.

ماددەی ١٣ دەستوور وەک یاسای باڵا دیاری دەکات کە هەم هەرێم سنووردار دەکات تا مافەکانی خەڵک و هەڵبژاردن پێشێل نەکات، هەم دەسەڵاتی فیدراڵیش سنووردار دەکات تا دەسەڵاتەکانی هەرێم زەوت نەکات. ماددەی ١١٠ دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵی دیاری کردووە (وەک سیاسەتی دەرەوە، بەرگری، دارایی و دراو)، لە بەرامبەردا ماددەی ١١٥ جەخت دەکاتەوە هەموو ئەو دەسەڵاتانەی نەدراون بە حکومەتی فیدراڵ، بۆ هەرێمن، و لە بوارە هاوبەشەکانیشدا لە کاتی ناکۆکیدا پێشینەیی بۆ یاسای هەرێمە.

ماددەی ١٢١ چەندین مافی بنەڕەتی بە هەرێم دەدات، لەوانە بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری (بڕگەی ١)، مافی هەموارکردنی جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵ لە ناو هەرێمدا لەو بابەتانەی تایبەت نین بە دەسەڵاتی فیدراڵ (بڕگەی ٢)، مافی بەشی دادپەروەرانە لە داهاتی نیشتمانی (بڕگەی ٣)، مافی کردنی نووسینگەی هەرێم لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان بۆ کاروباری کەلتووری و گەشەپێدان (بڕگەی ٤)، و مافی ڕێکخستنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ وەک پۆلیس و ئاسایش و پاسەوانی هەرێم (بڕگەی ٥)، کە ئەمەی دواییان دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی مەدەنی و حکومەتدا بێت نەک حیزبەکان.

ماددەی ١٢٠ ماف بە هەرێم دەدات دەستووری تایبەت بە خۆی دابنێت، کە بەداخەوە دوای ٢١ ساڵ لە پەسەندکردنی دەستووری عێراق، هەرێم هێشتا ئەم ئەرکەی جێبەجێ نەکردووە و بۆشایی یاسایی دروست کردووە. لە کۆتاییدا، بڕگەی چوارەمی ماددەی ١٢٦ پارێزگارییەکی بەهێز دەدات بەوەی هیچ هەموارێکی دەستووری ناتوانێت دەسەڵاتەکانی هەرێم کەم بکاتەوە مەگەر بە ڕەزامەندیی پەرلەمانی هەرێم و زۆرینەی خەڵکەکەی لە ڕاپرسی گشتیدا. هەروەها ماددەکانی ٣ و ٤ زمانی کوردییان کردووە بە زمانی فەرمیی دەوڵەت و عێراقیان وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە ناساندووە.

 

  • چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر چەک و یاساکان دەدات؛ لیژنەی دارایییش دژی قەرزکردن دەوەستێتەوە

  • گرژییە سنوورییەکان؛ تاران و بەغداد لەسەر دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات ڕێککەوتن

  • هەرێمی کوردستان؛ قەوارەیەک لەنێوان قوربانیدانی مێژوویی و مەترسیی لەدەستدانی شەرعییەتدا

  • نەخشە نوێیەکەی نەتەنیاهۆ؛ خوێندنەوەیەکی ستراتیژی بۆ هاوپەیمانییەکان و داهاتووی ناوچەکە

  • ناڕەزایەتیەکانی ئەوروپا لە چییەوە و بۆچی سەریانهەڵدا؟

  • ترەمپ: لەبارەی ئێران و ئۆکرانیا لەگەڵ ڕووسیا کۆدەبینەوە

  • جەنگی ژمارەکان لە بودجەدا؛ بەغدا و هەولێر لەسەر پشکی هەرێم و مووچە وەڵامی یەکتر دەدەنەوە

  • دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی؛ مەسرور بارزانی بڕیارەکەی ڕەتکردەوە و ئاوات شێخ جەناب لەسەر هەڵوێستەکەی بەردەوامە

  • جیهان بەرەو پشێوییەکی گەورە دەڕوات؛ کۆتایی ئەم هەموو شەڕ و ئاژاوەیە چی دەبێت؟

سەرەکی