د.ئەحمەد فاتیح 21/10/2026 841 جار خوێنراوەتەوە

هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور: گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌ركه‌زییه‌ت و پاشه‌كشه‌ی فیدرالییه‌ت

 ناكرێت داواکارییەکەی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ هەموارکردنه‌وه‌ی دەستووری عێراق، تەنیا وەک پرسێکی تەکنیکی یان یاسایی پەتی سەیر بکرێت. دەستووری ساڵی 2005ـی عێراق، هه‌رگیز به‌ تەنیا بەڵگەنامەیەکی کارگێڕیی نەبووە بۆ ڕێکخستنی دەسەڵاتەکان، بەڵکو بەرهەمی مێژوویەکی درێژ لە ململانێ و قوربانیدان بووه‌ لەپێناو ناسنامە، شێوازی حوکمڕانی و نوێنەرایەتیی دادپەروەرانە و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زییه‌ت بووه‌. لەوەش گرینگتر ئەم دەستوورە گرێبەستێکی مێژوویی بوو کە عێراقی نوێی وەک دەوڵەتێکی فیدراڵی پێناسە کردەوە، دەوڵەتێک دان بە مافی پێکهاتەکانیدا بنێت، لە سەرووی
هەمووشیانەوە گەلی کوردستان.

بێگومان کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات پێویستییەکی ڕاستەقینە هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک دەقی ئاڵۆز و
ناڕوون وه‌ك پێناسەی "گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی"، ئاڵۆزیی میکانیزمی پێکهێنانی حکوومەت، و چەقبەستوویی بەردەوام لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، وایان کردووە پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات دوای هەر هەڵبژاردنێک تووشی ئیفلیجی ببێت.

لەم سۆنگەیەوە دەستپێشخەرییەکەی زێدان دەکرێت وەک هەوڵێک بۆ ڕوونکردنەوەی دەقەکان و کەمکردنەوەی شرۆڤه‌ی سیاسی لێکبدرێتەوە. ئەمەش ئامانجێکە لایەنە کوردستانییەکان دەتوانن پشتیوانی لێ بکەن، بە مەرجێک مەبەست لێی بەهێزکردنی دامەزراوەکان بێت نەک گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی ڕەهای مەرکەزی.

بەڵام هێڵی سوور و مەترسییە گەورەکە لەوێوە دەست پێدەکات کاتێک "هەموار" لە چاکسازییەکی ئیجرائییەوە بگۆڕدرێت بۆ دەستبردن بۆ خودی بنەما و فەلسەفەی فیدراڵیزم. بۆ ئێمه‌ی کورد فیدراڵیەت بژاردەیەکی کارگێڕیی نییە تا لە هەر قۆناغێکدا بخرێتە ژێر چەپۆکی دانوستان و سازشەوە، بەڵکو دەستکەوتێکی نەتەوەیی، مێژوویی و دەستوورییە و کەمترین سنوورە بۆ زامنکردنی مانەوە و بەشداریی کوردستان لە دەوڵەتدا، پاراستنی هەرێم، زمان، دامەزراوە یاساییەکان و مافە بنەڕەتییەکانی هه‌رێمه‌.

هەر گۆڕانكاریی و ده‌ستبردنێك بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان ، یان دابەشکردنی سامان و
دەسەڵاتەکان بە سوودی ناوەند پێچەوانە بکاتەوە، له‌لایه‌ن گه‌لی كوردستانه‌وه‌ وەک پاشگەزبوونەوە لە ڕێککەوتنی مێژوویی 2005 ئه‌م پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌ له‌ بنه‌ماكانی ڕێككه‌وتنی سیاسی - یاسایی، نەک چاکسازی.

ناکرێت دۆسیەکانی وەک نەوت و غاز، کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و جێبەجێکردنی ماددەی 140، لەگەڵ پێگەی دەستووریی هێزی پێشمەرگە، وەک پرسگەلێکی تەکنیکی و لاوەکی لە هەموارکردنی دەستوور جیا بکرێنەوە. ئەم پرسانە دەست بۆ ناوکۆک و كرۆكی هاوبەشیی نێوان هەولێر و بەغدا دەبەن. کەواتە هەر دیالۆگێکی دەستووری کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینە و کاریگەری کوردی تێدا نەبێت، لەڕووی نیشتمانییەوە شەرعییەتی لاوازه‌ و لە باشترین دۆخیشدا دەقگەلێک بەرهەم دەهێنێت کە بە ڕواڵەت یاسایین، بەڵام لە ناوەڕۆکدا ستەمکارانە و نادادپەروەرانەن.

لە ڕوانگەی یاساییەوە هەموارکردنی دەستوور ڕێکارێکی دەستووریی ڕوون و ڕەزامەندیی زۆرینەیەکی جەماوەری و پێکهاتەیی دەوێت، نەک بڕیارێکی سەپێنراو لەلایەن باڵادەستێکی سیاسییەوە. لە ڕووی سیاسیشەوە هیچ هەموارکردنێکی بەردەوام بەبێ سازانی گشتگیر لەنێوان هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان (کورد، عەرەب، تورکمان، کریستیان و ئەوانی تر) سەرناگرێت. چونکە
دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە و دەستکاریکردنی بەبێ ڕەزامەندیی هاوبەشە سەرەکییەکان، مانای هەڵتەکاندنی بناغەی دەوڵەت خۆیەتی.

لێرەوە دەبێت گوتاری سیاسی و ڕوانگەی ستراتیژیی کورد بە تەواوی ڕوون و بێپەردە بێت:بەڵێ بۆ هەر هەموارکردنێک کە گرێکوێرە یاساییەکان بکاتەوە و شەفافییەت و کارایی دامەزراوەکان زیاد بکات، بەڵام نەخێرێکی یەکلاکەرەوە بۆ هەر هەوڵێک کە فیدراڵیزم لەرزۆک بکات یان قەوارە و مافەکانی هەرێمی کوردستان لاواز بکات.

پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوە نییە کە "ئایا دەستوور پێویستی بە دەستکاری هەیە یان نا؟"، بەڵکو ئەوەیە: کێ ئاراستەی ئەم هەموارە دیاری دەکات؟ بە چ گەرەنتییەک؟ و لە بەرژەوەندیی کێ؟
ئەگەر کوردستان هاوبەشێکی کارا و یەکلاکەرەوە نەبێت لەم پرۆسەیەدا، ئەوا دەستکاریی دەستوور چاکسازی نابێت، بەڵکو هەنگاوێک دەبێت بۆ داڕشتنەوەی عێراق لەسەر بنەمای زۆرینەی
مەزهەبی و گەڕانەوە بۆ دەوڵەتێکی مەرکەزیی سەرکوتکەر.

سەرەکی