1 کاتژمێر پێش ئێستا
53 جار خوێنراوەتەوە
پەیامی ڕوونی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ بارزانی؛ هاوبەشیی ستراتیژی لە ناوەڕاستی بەستەڵەکی پەرلەمان و حکومەتدا
ڕۆژی چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە پیرمام مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستیڤ فەیگن هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق کرد.پێشتریش مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوڕوپا لە هەولێر و کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر کرد،پرسی سەرەکیی گفتوگۆکانیش دۆخی عێراق وهەرێمی کوردستان و ناوچەکە بووە.
بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا کە گوێندەلن وێندی گرین کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەیبوو، ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی عێراق و باڵیۆز ستیڤ فەیگن سوپاسی ڕۆڵی بارزانی کرد کە هەمیشە لە نزیکەوە پشتیوانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق بووە، لای خۆیەوە بارزانی هێمای بەوەدا لەسەر بنەمای دەستوور و پڕەنسیپەکانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق ڕێکخستۆتەوە، هەروەها مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەر حکومەتەکانی پێشووتری عێراق پابەندی ئەم بنەمایانە بوونایە دەستکەوتی زۆر زیاتر بۆ عێراق و هەموو پێکهاتەکان بە گشتی دەهاتنەدی.
سەرۆکی پارتی ئەوەشی خستەڕوو کە پشتیوانی لە سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق دەکەن لەچوارچێوەی دەستوور و پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان کە لە دەستووردا هاتوون. هەروەها جەختی لە پشتیوانیکردنی پێکهاتەکانی کوردستان بە تایبەت خوشک و برایانی کریستیان لەسەر بنەمای ڕێز و مافی دەستوری و شەڕاکەتیان کردەوە و هێمای بەوەدا کە دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، بارزانی ئاماژەی بە بایەخی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان کرد بۆ ئەوەی خوشک و برایانی کریستیان ئیرادەی خۆیان لای خۆیان بێت و کەس لە جێگەی ئەوان بڕیار نەدات.

لە درێژەی دیدارەکەدا باس لە بارودۆخی ناوچەکە کرا و مەسعود بارزانی جەختی لەوەکردەوە کە سیاسەتی ئێمە هەر لەسەرەتاوە ڕوون و ئاشکرابووە و ئێمە بەشێک نەبووین لە ئاڵۆزییەکان و بەشێکیش نابین لە ململانێ و کێشەکان. لەگەڵ ئەوەشدا پێمان باشە هەموو لایەک بە گفتوگۆ و دیالۆگ و ڕێگەی دیپلۆماسی کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
وەک بارەگای بارزانی ئاماژەی پێداوە، لای خۆیانەوە شاندی ئەمریکی پابەندیی خۆیان بەرانبەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕاشیانگەیاند کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان بەمانای کۆتاییهاتنی پابەندیی ئەمەریکا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان و عێراق نییە. هەروەها لە ڕابردوو هاوپەیمانان لەسەر داوای حکومەتی عێراق لێرەبوون و بە هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقی داعشیان تێکشکاند. جەختیشیان لەوە کردەوە ئەمریکا لە رووی ئاسایش و ئابووری و سیاسی و سەربازییەوە لە چوارچێوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکاندا پابەندە بە پاراستنی سەقامگیری و هاوپەیمانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.
ڕۆژی سێشەممە 20ی تشرینی یەکەمی 2026 لە پیرمام مەسعود بارزانی پێشوازی لە شتێفان ڤێنت بەرپرسی نوێی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوڕوپا لە هەولێر کرد.

وەک بارەگای بارزانی ئاماژەی پێداوە، لە دیدارەکەدا شتێفان ڤێنت خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ بارزانی و ئەرکی تازەی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و پێزانینی بۆ کراوەیی و میواندۆستیی خەڵکی کوردستان هەبوو. هەروەها ئەوەشی ڕاگەیاند کە یەکێتیی ئەوڕوپا بە بایەخێکی زۆرەوە دەڕوانێتە پێگە و کاریگەریی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و خۆی بە پشتیوان و هاوبەشی هەرێم دەزانێت.
هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسی و پێشهات و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و بیروڕاش لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا.
ڕۆژی چوارشەممە 14ـی تشرینی یەكەمی 2026 لە پیرمام مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو گوێندەلن (ویندی) گرین كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر خۆشحاڵیی خۆی ڕاگەیاند بەوەی لە هەرێمی كوردستان دەستی بەکار کردۆتەوە و ئەوەشی خستەڕوو كە لە هەوڵەكان بۆ پێشخستنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریکا بەردەوام دەبێ و هێماشی بەوەدا كە وڵاتەكەی خۆی بە پشتیوانێكی سەرەكیی خەڵكی كوردستان دەزانێت و ڕێزی تایبەتیان بۆ پێگەی مەسعود بارزانی هەیە لە عێراق و ناوچەكە و هیواشی خواست هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە لە ڕۆڵی خۆی لە بەهێزكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا بەردەوام بێت.

هەروەها مەسعود بارزانی بە گەرمی بەخێرهێنانی كونسوڵی ئەمریكای لە هەولێر كرد و سوپاسی ئەمریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا پاڵپشت و یارمەتیدەری هەرێمی كوردستان بووە. بارزانی دەستپێكردنەوەی كاروبارەكانی كونسوڵخانەی ئەمریكای لە هەرێمی كوردستان بە هەنگاوێكی ئەرێنی لە قەڵەم دا بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاجیاكان برەوی زیاتر وەربگرێت.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە دەبێ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەكەدا بەرقەرار بێت.
ئەم چڕبوونەوەیەی دیداری دیپلۆماتکارانی باڵای ئەمریکا و ئەوروپا لە پیرمام لە کاتێکدایە کە دوو ساڵ بەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستاش نە پەرلەمانی کوردستان کارا کراوەتەوە و نە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێکهێنراوە. ئەم درێژەکێشانەی بێپەرلەمانی و نەبوونی حکومەتێکی نوێ، بۆتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمدا.
-
پەیامی ڕوونی ئەمریکا و ئەوروپا بۆ بارزانی؛ هاوبەشیی ستراتیژی لە ناوەڕاستی بەستەڵەکی پەرلەمان و حکومەتدا
|
-
سەڕەرای نەمانی پاساوەکانی؛ تورکیا ئامادە نییە لە عێراق و سوریا بکشێتەوە
|
-
هەرێمی کوردستان بە شکاندنی ژمارەی پێوانەیی پێش بەلجیکا و عێراق کەوتووە
|
-
مەزڵوم عەبدی: هێزەکانی هەسەدە دەچنە ناو سوپای سوریا، بەڵام لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە
|
-
ئاژانسی تهسنیم باس له بڵاوهپێكردنى درۆن له ههرێمى كوردستان دهكات و ئۆكرانیا ڕهتیدهكاتهوه
|
-
نرخی بەنزین ڕووی لە دابەزین کرد و سلێمانی و هەولێر جیاوازیی گەورەی نرخ لە نێوانیان هەیە
|
-
چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیار لەسەر چەک و یاساکان دەدات؛ لیژنەی دارایییش دژی قەرزکردن دەوەستێتەوە
|
-
گرژییە سنوورییەکان؛ تاران و بەغداد لەسەر دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات ڕێککەوتن
|
-
هەرێمی کوردستان؛ قەوارەیەک لەنێوان قوربانیدانی مێژوویی و مەترسیی لەدەستدانی شەرعییەتدا
|
|
|
|