×

2024-11-19 158 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری پێشمەرگە بە فەرمانێکی وەزاری، سەنگەر گواستنەوەی پێشمەرگەی قەدەغەکرد

ناوەندی هەواڵ

بە پێی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی پێشمەرگە کە کۆپیەکی بۆ دەنگی ئەمەریکا نێردراوە و واژۆی (شۆڕش ئیسماعیل)ی وەزیری پێشمەرگەی لەسەرە، سەنگەر گواستنەوەی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە قەدەغە کردووە، نوسراوەکە وێڕای ئەوەی دیاردەکە بە "قێزەون" ناودەبات، سزای یاسایی ئەو کەسانەش دەدات کە سەنگەر لەنێوان یەکەکانی بەیەکێتی و پارتی دەگوازنەوە.

نوسراوەکەی وەزیری پێشمەرگە کە لە ڕۆژی 12ی مانگی 11 دەرچووە، باس لەوە دەکات لە پێناو دروست کردنی هێزی "یەکگرتووی کوردستان" ئەم بریارەی داوە.

لە ناوەرۆکی بڕیارەکەدا هاتووە،" لە پێناو دروستکردنی هێزێکی نیشتیمانی "یەکگرتووی کوردستان" بڕیارماندا بە قەدەغەکردنی سەنگەرگواستنەوە لە ناو هێزی پێسمەرگەی کوردستان بە فەرمانی وەزاریمان ژمارە 16085."

هەروەها دەشڵێت،" بەهۆی سەرهەڵدانی ئەم دیاردە ناشرین و نا نیشتیمانییە لە چەند یەکەیەکی دیاری کراودا ، ئاگاداری تەواوی هێزی پێشمەرگە و فەرماندەکانی دەکەینەوە کە هەر حاڵەتێک لەم شێوەیە ڕووبدات، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکەینەوە."

دەرکردنی ئەم فەرمانە لە کاتێکدایە، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016وە جگە لە دابینکردنی 20 ملیۆن دۆلاری مانگانە بۆ ئەو لیوایانەی کە ڕاستەوخۆ سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، لە هەمانکاتدا پاڵپشتی دارایی و لۆجستی و سەربازی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بە مەبەستی یەکگرتنەوە و ڕێکخستنەوەیان. بە پێی ئەو لێکتێگەشتنە هاوبەشەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هەیەتی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، ئەو 20 ملیۆن دۆلارە ساڵانە کەم دەبێتەوە بەڕێژەی لەسەدا 25، واتە لە 2026 دا سفر دەبێتەوە.

هاوکات بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە ڕەخنە ئاڕاستەی وەزارەتەکە دەکرێت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی میکانیزمی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بە پێی ئەو لێکتێگەشتنە هاوبەشەی لە نێوان هاوپەیمانان و پێشمەرگەدا هەیە.

ئاستەنگیەکانی بەردەم یەکگرتنەوەکەش بۆ کێشەکانی نێوان هێزەکانی 70ی یەکێتی و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی دەگێڕنەوە.

بە قسەی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە کە داوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە،" پرسی سەنگەر گواستنەوە لە نێوان یەکەکانی یەکێتی و پارتی بۆتە دیاردە و لە پێش هەڵبژاردنەوە سەری هەڵداوە بۆیە وەزیر ئەم بڕیارەی دەرکردووە."

سەرچاوەکە دەشڵێت،" پێشتریش ساڵی 2019 ئەو بڕیارە هەبوو، بەڵام کاری پێنەدەکرا، لەدوای سەرهەڵدانەوەی دیاردەکە، وەزیر ئەم بڕیارەی دەرکردووە."

لە خاڵێکی تری فەرمانە وەزاریەکەدا ئاماژە" بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گواستنەوانە دەکات کە لە دوای فەرمانە کۆنەکەی ساڵێ 2019ەوە کراون."

  • پرۆسەى سەرژمێری ڕادەگیرێت

  • سێ ژن وەک بەتەمەنترین هاوڵاتى عێراقی لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیدا تۆمارکراون

  • پارێزگاری كه‌ركوك داوایەک لە هاوڵاتیان ده‌كات

  • بۆردوومانەکانى تورکیا کشەى بۆ سەرژمێری درووستكردووە

  • بەپێی دەستوور ئەنجامی سەرژمێری كورسیەكانی پەرلەمانی كوردستان کەم دەکاتەوە

  • قۆناغی دووەمی پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتووان لە عیراق و هەرێم بەردەوامە

  • به‌شێك له‌ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانى كه‌ركووك ناڕه‌زایى له‌به‌رامبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى كورد ده‌رده‌بڕن بۆ سه‌رژمێرى

  • پشووی فەرمانبەر و ئەفسەر و کارمەندانی هێزەکانی ناوخۆ درێژ کرایەوە

  • ئەنجامى وەرگرتنى قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ڕاگەیەندرا

سەرەکی