×

2025-01-02 127 جار خوێنراوەتەوە

دەزگای ئاسایش: داخستنی چوار ناوەند له‌ سلێمانی بە بڕیاری عێراق بووە؛ ئه‌وانیش ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌

ناوەندی هەواڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە داخستنی چوار ناوەندی هونەری و ڕاگەیاندن لە سلێمانی ڕایگه‌یاند، کە داخستنەکە لەسەر بڕیارێکی ئەنجومەنی دادوەری عێراقەوە بووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو ناوەندانە دەڵێن، "لە ژێر فشاری سیاسی تورکیا بووە".

ڕۆژی 31ی 12ی 2024، هێزێكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بارەگای ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و کۆمپانیای گزنگی بەرەبەیان کە بەرنامە بۆ تەلەفزیۆنی ژن تیڤی بەرهەم دەهێنێت و دوو ڕێکخراوی هونەری بەناوی نوێگەر و مەرزیە داخست.

عەقید سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم بە دەنگی ئەمریکای وتووە: "ئێمە لایەنی جێبەجێکارین؛ بڕیارەکە لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری عێراقەو دراوە کە مۆڵەتیان نەماوە بۆ کارکردن لە عێراقدا".

‎ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، "مۆڵەتیان تەواو بوە؛ کاتەکە دیارە هەتا کۆتایی 2024 بووە، بڕیارەکە دەرکراوە و ئێمە جێبەجێکارین چونکە لەو شوێنانەیە کە سنوری ئێمەن".

بەڵام بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندانە داخستنەکە بە سیاسی ناودەبەن و دەڵێن، "بڕیارێکی هاوبەشە لەنێوان تورکیا و عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان".

ڕوناک مەجید، ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان ڕایگەیاندووە، "ئاسایش بەبێ ئاگادارکردنەوە یاخود بڕیاری دادوەر هاتە سەر بارەگاکەمان و ئاگاداریان کردین کە دەبێت بارەگاکەمان دابخەین".

وتیشی، "درێژکراوەی ئەو بڕیارەیە کە لە مانگی هەشتدا درا و سێ پارتی سیاسیان لە هەرێم قەدەغەکرد، بۆ ئەمەش ڕێککەوتنی هاوبەش ئەنجامدراوە لە نێوان عێراق و تورکیا؛ فشار لە بەرپرسانی سلێمانیش کراوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە؛ بۆیە بڕیارەکە سیاسییە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی 1ی 2024، سەبارەت بە داخستنی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان لە سەنتەری میترۆ لە شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بەڕێوەچوو، لەکۆنگرەکەدا کە پەیامنێری دەزگای میدیایی"ئیرادە" ئامادەبوو، دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆوتی"پێمان وایە ئەمەی ڕوویداوە بڕیارێکی سیاسییەو ئامانج لێی بەرتەسکردنەوەی کاری میدیاییە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە داوادەکەین لەدەزگای ئاسایشی هەرێم  ڕوونکردنەوەی زیاتر بدات ئایا هۆکاری داخستنی یان وەستاندنی کارەکانی ئەوکۆمپانیایە چییە و چۆن کراوە ڕوون بکرێتەوە.  

دیاری محەمەد وتیشی، پێویستە ڕۆژنامەنووسان هاوپشت بن و ببنە هۆکاری فشار دروست کردن، بۆئەوەی دەسەڵات نەتوانێت بە شێوەیەکی ئاسان ڕێگری لەکاری ڕۆژنامەنووسان یان کەناڵە میدیایەکان بکات. 

هەر لەکۆنگرەکەدا، تەوار عادل کارمەندی کۆمپانیای گزنگی بەربەیان لەبارەی داخستنی كۆمپانیاكەیان وتی، سەرباری تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر داخستنی کۆمپانیاکەماندا، تا ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان و لایەنی جێ بەجێکار کە بەرپرسە لەداخستنی کۆمپانیاکەمان هیچ ڕوون کردنەوەیەکی نەداوە.

وتیشی، پێمان وایە دەرکردنی بڕیاری دەخستنی دەزگایەکی میدیایی، جاڕێکی دیکە هەرێمی کوردستان بە گشتی و سنوری پارێزگای سلێمانی بەتایبەتی دەخاتە سنوری بازنەی بەرتەسکردنەوەی ئازادی کاری میدیایی هێندەی دیکە  ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە ڕووی ئازادی کاری میدیایەوە لەکەدار دەکات. 
هەرچەندە ئەو ناوەندانە جەخت لە بونی مۆڵەتی فەرمی دەکەنەوە، بەڵام دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، بەپێی بڕیارەکە هۆکاری داخستنیان دەگەڕیتەوە بۆ تەواوبونی مۆڵەتی فەرمی.

هەریەکە لە ڕێکخراوی نوێگەر و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و کۆمپانیای گزنگی بەربەیان ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن لە بوارە جیاوازەکاندا و بە وتەی بەڕێوەبەرانیشیان خاوەنی مۆڵەتی فەرمین لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق، هەرچی ڕێکخراوی مەرزیەی هونەرییە، چەند مانگێک بەسەر دامەزراندنیدا تێپەڕیوە و خاوەنی تەنها یەک بەرهەمی هونەریە بەناوی ئەگریجە.

بەرپرسانی ئەو ناوەندانە ڕایدەگەیەنن، هەتا ئێستا هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان لەلایەن حکومەتی عێراق و هیچ نوسراوێکی فەرمی دادگایان سەبارەت بە بڕیاری داخستنەکە پێنەگەیشتووە.

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی کە ئاڕاستەی ڕای گشتی کراوە، کۆمپانیای گزنگی بەربەیان بڕیارەکە بە پێشێلكردنی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان ناودەبات و جەختدەکاتەوە لە گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی و دەڵێت "هەتا كۆتایی به‌رده‌وام ده‌بین".

لە ڕاگەیەنداوەکەی کۆمپانیای گزنگی بەربەیاندا هاتووە، "وه‌ک كۆمپانیای گزنگی به‌ربه‌یان، كه‌ ماوه‌ی حه‌وت ساڵه‌ له‌ باشوری كوردستان كار ده‌كه‌ین و ده‌نگ و ڕه‌نگی ژنانی باشوری كوردستانین، به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك سه‌ركۆنه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ ده‌كه‌ین و ڕایده‌گه‌یه‌نین، بڕیاره‌كه‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌مو قوربانیدانه‌كانی ژنانی باشووره‌ له‌ كایه‌كانی ژیاندا، ئەم هه‌وڵه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ تێكۆشانی ژنان له‌ چوار پارچه‌ی كوردستان گه‌یشتوه‌ته‌ قۆناغێكی بێ وێنه‌ و له‌ جیهانیشدا باس له‌ پێشه‌نگایه‌تی ژنانی كورد ده‌كرێت".

هەروەها دەشڵێت، "بە‌ڵام به‌ سیاسه‌تێك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵات و داگیركه‌راندایه‌ و له‌ هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆی كوردستانیدا كه‌ ماوه‌ی 33 ساڵه‌ فه‌رمانڕه‌وایی كوردیی تیایدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بڕیاری ڕاگرتنی كۆمپانیایه‌كی میدیای دەدرێت".

بڕیاری داخستنی ئەو ناوەندانە لە کاتێکدایە، ڕۆژی 1ی مانگی (ئاب/8)ی 2024 دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان لە ئەنجومەنی دادوەری عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سێ حزبی کوردی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەرکرد کە بریتیبون لە "تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی كوردستان و پارتی ئازادی دیموكراتی ئێزدی و بەرەی تێكۆشانی دیموكراتی.

  • یەكێتی و پارتی سێیەم كۆبوونەوە لەبارەی پێكهێنانی حكومەت دەكەن

  • ساڵی ڕابردوو لەكۆی سێ هەزار و 461 كێشەی خێزانی؛ یەکێتی زانایان: هەزار و 340 جیابوونەوە هەبووە

  • مامۆستایانى ناڕازى: بڕیارى بەردەوامى بایکۆتمان نەداوە

  • دەزگای ئاسایش: داخستنی چوار ناوەند له‌ سلێمانی بە بڕیاری عێراق بووە؛ ئه‌وانیش ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌

  • گزنگی بەربەیان، داخستنی کۆمپانیاکەمان ڕێگایەکە بۆ زیاتر سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربرین

  • وەزارەتی دارایی هەرێم: هەرکات بەغداد 441 ملیارەکەی نارد دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکەین

  • هاوکاریی هاوپەیمانان گەیشت دەستبەدابەشکردنى دەکرێت

  • نرخى ئەمپیرێک کارەباى موەلیدە کرا بە 20 هەزار دینار

  • ئامارى برینداربوون و گیانلەدەستدان لە ئاهەنگى شەوى سەرى ساڵ راگەیەندرا

سەرەکی