یەکەمین کۆبونەوەی نائاسایی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراوی گۆڕان
7   کاتژمێر پێش ئێستا 180 جار خوێنراوەتەوە

بزووتنەوەی گۆڕان نەخشەڕێگەی کارکردنی بۆ شەش مانگی داهاتوو ڕاگەیاند

ناوەندی هەواڵ

جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراوی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکەمین کۆبوونەوەی نائاسایی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا و تێیدا کارنامە و نەخشەڕێگەی سیاسی و ڕێکخراوەیی بزووتنەوەکەی بۆ شەش مانگی داهاتوو ڕاگەیاندووە. 

بەپێی ڕاگەیەندراوی بزوتنەوەی گۆڕان، دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاراستەی کارکردنی بزووتنەوەکەی لە قۆناغی داهاتوودا ڕوون کردەوە و ڕایگەیاندووە؛ ئاشتەوایی ناوخۆیی و گێڕانەوەی گۆڕانخوازە دابڕاوەکان کاری لەپێشینەیان دەبێت.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، کە گۆڕان کار دەکات بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی گوتارێکی بێلایەنی نیشتمانییەوە و هەوڵەکان بۆ باشترکردنی بژێوی و ژیانی هاووڵاتیان چڕ دەکرێنەوە، وەک ئەولەوییەتێکی باڵای سیاسیی بزووتنەوەکە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە 

راگەیەندراوی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی:  هەنگاوێک بەرەو ئاشتەوایی و بەدەستهێنانەوەی متمانە

ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، یەکەمین کۆبونەوەی نائاسایی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراوی گۆڕان، دوای کۆنفرانسی دامەزراندن و لابردنی ئاستەنگە یاساییەکان بەڕێوەچو. 

کۆبونەوەکە بە وەستانێک بۆ گیانی پاکی شەهیدان و ماندوبونی تێکۆشەران، بەتایبەت لە یادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و شاری سلێمانی دەستی پێکرد.

دواتر، دانا ئەحمەد مەجید رێکخەری گشتی وتارێکی پێشکەشکرد و هەڵوەستەی لەسەر ئاڵۆزی و پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە کرد. باسی لەوەکرد پاراستنی هەرێمی کوردستان لە شەڕ و ئاڵۆزییەکان پێویستی بە ستراتیجێکی کوردستانی بێلایەن هەیە، کە بتوانێت بەرژەوەندییە باڵاکانی بپارێزێت. 

بۆ ئەم مەبەستەش، لیژنەیەک ڕاسپێردرا بۆ داڕشتنی ستراتیجێکی نیشتمانی، نەتەوەیی و کوردستانی لە بوارەکانی سیاسی و میدیاییدا، بە ئامانجی یەکخستنی کۆدەنگی سیاسی و بەهێزکردنی پێگەی هەرێم لە ناوخۆ و عێراق و دەرەوەدا. لەو بارەیەوە داوا لە دامەزراوە فەرمی و لایەنە سیاسییەکان کرا، بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکەین و، لەپێناوی بەرژەوەندی لاوەکی و کاتیدا هەرێمی کوردستان نەکەینە گۆڕەپانی شەڕ.

دواتر لەبارەی دۆخی رێکخراوەیی گۆڕان، رێکخەری گشتی سوپاسگوزاری خۆی بۆ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان دەربڕی، کە لە ساڵێکی پڕ لە قەیرانی سیاسی و ڕێکخراوەییدا، بە هەوڵ و ماندوبونیان، کۆنفرانسی دامەزراندنیان گرێدا. لەو بارەیەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە شەش مانگی داهاتو، ئەرکی سەرەکیمان بریتی دەبێت لە پەرەپێدانی ئاشتەوایی و سەردانیکردنی گۆڕانخوازان بە گشتی، بەتایبەتی ئەو کەسانەی بە هەر هۆکارێک لە گۆڕان دابڕاون. هەروەها، گرنگی بە پەیوەندیکردن لەگەڵ هاوڵاتیان بە گشتی و ژنان و گەنجان بە تایبەتی، وەک بنەمایەک بۆ فراوانکردنی بنکەی جەماوەری و بەشداریکردنی زیاتری توێژە جیاوازەکان لە پرۆسەی سیاسی و بڕیارداندا.

لە بەردەوامی قسەکانیدا، دانا ئەحمەد مەجید باسی لە مەلەفەکانی پەیوەندییەکان، ڕێکخستن و خۆڕێکخستنەوە و هەڵبژاردنی ئۆرگانەکان بە شێوەیەکی دەستووری کرد، ئەمەش وەک نیشانەی پابەندبونی گۆڕان بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و دامەزراوەیی، و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی پارتێکی دامەزراو و رێکخراو.

لە کۆتایدا، رێکخەری گشتی دووپاتی کردەوە، گۆڕان هی هەموانە و بەرپرسیارێتی هەستانەوەی تەنها لەسەر شانی جڤات نییە، بەڵکو پێویستی بە پشتگیری و خستنەگەڕی هەمو گۆڕانخوازانە، چونکە گۆڕان پڕۆژەیەکی نیشتمانیە و بە هەوڵی هاوبەش دەتوانرێت ئامانجەکانی بەدی بهێنرێن.

دواتر دەرگای گفتوگۆ بۆ ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی کرایەوە، تێیدا هەنگاوی کرداری بۆ کۆبونەوەی داهاتو و پێکهێنانی لیژنە پەیوەندیدارەکان بۆ خۆڕێکخستنەوە و خۆنوێکردنەوە گفتوگۆ کرا. هەموان بەیەکەوە بە ئومێد و گەشبینیەوە بەڵێنیان بە خوا و خەڵک و گۆڕانخوازاندا؛ نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی داخوازییەکانی هاوڵاتیان بکەن و ژیان و بژێوی خەڵک لە پێشەینەی ئەرکە سیاسیەکان بێت.

جڤاتی نیشتمانی گۆڕان
سلێمانی
7ی ئازاری2026

  • بزووتنەوەی گۆڕان نەخشەڕێگەی کارکردنی بۆ شەش مانگی داهاتوو ڕاگەیاند

  • سی پی جەی: ساڵی 2025 خوێناویترین ساڵ بووە بۆ رۆژنامەنووسان

  • توندوتیژی خێزانی لە عێراق بە ڕێژەی 150% زیادی کردووە

  • ناوی ئەندامانی نوێی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان

  • تەوقەکەی ماکرۆن لەگەڵ عەبدی: پەیامێکی دیپلۆماسی و هاوسەنگی نوێ لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە دا

  • کۆبوونەوەی لوتکە بەڕێوەدەچێت

  • سوریا گروپی گەشتیاریی تێكەڵ و مۆسیقای لەناوچە گەشتیارییەكان قەدەغەكرد

  • حەبیب حەلاوی بۆ هاکان فیدان: هەڕەشەت لێقبوڵ ناکەین

  • حکومەتی هەرێم کۆدەبێتەوە، كۆبوونەوەکە لەسەر كێشەی پارەی كارەبا نابێت

سەرەکی