3   کاتژمێر پێش ئێستا 88 جار خوێنراوەتەوە

سودانی' پێویسەتە وڵاتانی هەرێمی لە گرنگی ئەو دوو ڕووبارە تێبگەن'

ناوەندی هەواڵ

محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە گرنگە وڵاتانی هەرێمی لە گرنگی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات تێبگەن، لەو بارەیەوە پێشنیازێکی هەرێمییان خستۆتە روو .

ساڵانێکە هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بە هۆکاری سیاسی و سەربازی عێراقیان توشی کارەساتی ژینگەیی کردۆتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە پێنجەمین کۆنفراسی ئاو لە بەغداد لەبارەی گرفتەكانی ئاو، پێش ئەوەی فشارە سیاسی و سەربازیەکانی ئەو دوو وڵاتە بخاتە ڕوو، داوای کرد کە هاوڵاتیانی عێراقی بەرپرسیارییەتى هەڵبگرن لە پاراستن و دەستگرتن بە ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی و ووتی پێویستە مامەڵەیەکی درووست لەگەڵ ئاودا بکرێت .

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسەکەدا ڕایگەیاند، کە پشێنیازێکی هەرێمیان خستووەتەڕوو بۆ پاراستنى هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لە وشکبوون و داڕمان، داواش لە وڵاتانى ناوچەکە دەکات لە گرنگی ئەو دوو ڕووبارە تێبگەن بەو پێیەی ئەو دوو ڕووبارە شوێنەوارێكی مێژوویی و دێرینترین ڕووباری جیهانن ..

بە پێی ووتەکانی شیاع سودانی، عێراق هەنگاوی باشی بڕیوە لە دابینکردنی تەکنەلۆژیای ئاودێری و کشتووکاڵی، لە ماوەی چەند ساڵی کارکردنیان وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق  بایەخی زیاتریان بە سامانی ئاو داوە .

ساڵانە و بە دیاریکراوی لەوەرزی گەرما هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران بە هۆکاری سیاسی و سەربازی و ئابوری ئاو لە عێراق دەگرنەوە، هەردوو دەوڵەت بیانووی خۆیان هەیە بۆ گرتنەوەی ڕووبارەکان، بەڵام هەندێک جار و لە کۆبوونەوە داخراوەکان تورکیا بە ڕوونی بە عێراق و بەرپرسانی وڵاتەکەی دەڵێت ئاو لەبەرامبەر نەوت یان ئاو لەبەرامبەر چارەسەری پرسە ئەمنیەکان کە تورکیا وەک تیرۆر ناوی دەبات و مەبەستیەتی کورد و شۆڕشە جیاوازەکانی پێ لە قاڵب بدات .

هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لە باکوری کوردستانەوە لە تورکیا هەڵدەقوڵێت، ئەو دەوڵەتە ڕووبارەکان بە موڵکی خۆی دەزانێت، سودانی لە پینجەم کۆنفرانسی ئاو لە بەغداد ووتی " ڕووباری دیجلە و فورات بابەتێکی جیهانییە نەک ناوخۆیی، بۆیە دەبیت وڵاتانى هەرێمی گرنگی پاراستنى ئەو دوو ڕووبارە لەبەرچاو بگرن" .

سەرۆک وەزیرانی عێراق کە دەوڵەتەکەی بەدەست کەمی ئاو و وشک بوونی زۆنگاوەکانی خوارووی عێراق و بە بیابان بوونی بەردەوامی ساڵانەی بەشێک لە زەویەکانیەوە دەناڵێنێت لە کۆنفرانسەکەدا نەیتوانی بە ڕوونی دەستبخاتە سەر کێشە و ئاڵنگاریەکان لەوانە و گرنگترینیان فشارەکانی هەردوو دەوڵەتی دراوسێ کە ڕووبارەکان تێاندا هەڵدەقوڵێت و بە عێراقدا تێدەپەڕن ..
زانیاری 
ناوەندی ئاماری عێراق دەڵێت : لە عێراق ( 6.2 ملیۆن ) دۆنم خاکی کشتوکاڵی هەیە، لە ( 75٪ )ی ئەو ئاوەی دێتە عێراقەوە بۆ کشتوکاڵ بەکاردێت، لە ( 25٪ ) بۆ هۆکارە مرۆیی و پیشەسازییەکان بەکاردێت، بۆیە هەر کەمبوونەوەیەک لە ئاوەکانی دیجلە و فورات سەرەتا زیان بە کشتوکاڵ و پاشان بە ژینگەی عێراق دەگەیێنێت.

بەشێک لە ڕێککەوتن و لێکتێگەشتنەکانی نێوان عێراق وتورکیا لە بواری ئاو : 

ڕێککەوتنی سێ قۆڵی تورکیا – عێراق – سوریا لە ( 1923 ) لە پەیماننامەی لۆزان لە بڕگەی ( 109 )
ماددەی( 109 ) ( "هیچ یەک لەم سێ وڵاتە مافی دامەزراندنی بەنداو یان کۆگای ئاویان نییە لەسەر دیجلە و فورات ).

پەیماننامەی دۆستایەتی و هاوسێیەتی ساڵی ( 1946 ) ( گرەنتی کردنی پشکی ئاوی عێراق لە هەردوو ڕوبارەکە ).

لێکتێگەشتنی ئاو و ئابوری ساڵی  ( 1978 ) دەستپێکی توندبوونەوەی فشارە ئاوییەکانی تورکیا بۆ سەر عێراق و تەواو کردنی بەنداوی ( کیبانی ) لە لایەن تورکیاوە .

ڕێکەوتنی ئاوی و سەربازی تورکیا و عێراق ( 1983 ) .

لێکتێگەشتنی ساڵی ( 2014 ) دا وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق و تورکیا ( تورکیا بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەشە ئاوی عێراق لە رووبارەکانی دیجلە و فورات بەردەداتەوە ) .

توند کردنەوەی فشاری تورکیا بۆ سەر عێراق و هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی عێراق بۆ ناو شەڕی ڕوبەڕووبوونەوەی شۆڕشی کوردی لە باشور و باکوری کوردستان :

پڕۆژه‌ی گاپ : رووبه‌ری پرۆژه‌كه‌ نزیكه‌ی له‌ (10%)ی رووبه‌ری گشتی توركیا پێكده‌هێنێت، تێچووی پرۆژه‌كه‌ له‌ نێوان (6-9%) بوودجه‌ی گشتی ساڵانەی توركیایه‌.

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ پێكهاتوه‌ له ( 22 ) به‌نداو و ( 13)  پرۆژه‌ی سه‌ره‌كی کە ( 14 ) بەنداو و ( 7 ) پڕۆژەی له‌سه‌ر رووباری فورات و ( 8 ) بەنداو و( 6 ) پڕۆژەیان لەسەر رووباری دیجلەیە.

  ساڵی 2008 تورکیا دەستیکرد بە دروستکردنی بەنداوی ئەلیسۆ، لەسەر رووباری دیجلە و ساڵی ( 2018 ) تەواوی کرد، ئەم بەنداوە توانای گلدانەوەی ( 11 ) ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەمەش بەردانەوەی ئاوی دیجلە بۆ عێراق %60 کەمدەکاتەوە، بە تەواوکردنی ئەم بەنداوە و بەنداوەکانی دیکەی ناو پڕۆژەی گاپ، مەترسییەکان بۆ سەر عێراق زیاتر بوون.

بە پێی بڕیارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ساڵی ( 1997 ) ( هەموو ئەو رووبارانەی بە چەند وڵاتێکدا تێدەپەڕێت بە رووباری نێودەوڵەتی دەناسێندرێن و مافی هەموو ئەو وڵاتانەشە کە ئاوەکەی پێدا تێدەپەرێت مافیانی تێدا پارێزراو بێت)
بەڵام تاوەکو ئێستا تورکیا نەچووەتە ژێر باری ئەو رێککەوتنە و دیجلە و فورات بە رووباری سنووربڕ دەناسێنێت نەک رووباری نێودەوڵەتی، بەوەش ئەو دەوڵەتە خۆی لەبەرپرسیاریەتی دەدزێتەوە و رێگە بەخۆی دەدات پابەند نەبێت بە رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی بواری ئاوەوە
.


  • سودانی' پێویسەتە وڵاتانی هەرێمی لە گرنگی ئەو دوو ڕووبارە تێبگەن'

  • سبەی وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردن دەستپێدەکات

  • عێراق دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی بۆ فەرمانبەرانی راگەیاند

  • پارێزگاری به‌سره‌ به‌ره‌نگاری سودانی ده‌بێته‌وه‌

  • عێراق لیژنەی باڵای ئاسایشی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو پێکهێنا

  • راگەیەندراوى کۆتایى لوتکەى عەرەبى لە بەغداد بڵاوکرایەوە

  • بەغدا.. كۆبوونەوەی لوتكەی عەرەبی دەستیپێكرد

  • مەزڵوم عەبدی پشتیوانی بۆ کۆبونەوەی ترەمپ و ئەحمەد شەرع ڕاگەیاند

  • عێراق سەربازەکانی لە پاکستان دەکشێنێتەوە

سەرەکی