×

هونەر جەمال، وتەبێژى وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم
2024-10-09 589 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دارایی: لەمەودوا مووچەى خانەنشینانى هێزەکانی 70 نادەین

ناوەندی هەواڵ

وتەبێژی وەزارەتى دارایى هەرێم لەسەر دابەشنەکردنى مووچەى خانەنشینانى هێزەکانى  70 دەڵێت" لەمەودوا مووچە بە خانەنشینانی ئەو هێزە نادەین، هاوکات سەرچاوەیەک لە هێزەكانی 70 سەبارەت بە داوخستنی مووچەی خانەنشینانی هێزەكانیان دەڵێت" دواخستنی مووچەی ئەفسەران و پێشمەرگە خانەنشینەكانی هێزەكانی 70 مەبەست لێی بێزاركردن و بێومێدكردنیانە كە ساڵانێكی زۆر خەبات و خزمەتییان كردووە،گرفتەش لەلایەن حكومەتەوە وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار دەهێنرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، هونەر جەمال، وتەبێژى وەزارەتى دارایى و ئابورى هەرێم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا وتی" ئێمە  هۆکاری دواکەوتنی مووچەی یەکەی 70 نین و ماوەی 11 ساڵە کێشەی مووچەکانیان بەردەوامە و گرفتەکە یاساییە و زۆربەی دۆسییەکانیان کێشەی تێدایە".

وتیشى" لە ساڵی 2015ەوە بە نووسراو داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە دۆسیەی ئەو مووچەخۆرانە بنێرن بۆمان، لەکۆى نۆ هەزارو 75 کەس تەنیا دۆسیەى 200 کەسیان ناردووە و ئەوانەش کێشەیان تێدایە، لەمەودوا یەکەی 70 دەبێت بەرپرسیارێتیی مووچەی خانەنشینانی یەکەکەی هەڵبگرێت".

بەوتەی  هونەر جەمال، وتەبێژى وەزارەتى دارایى،  لە مانگی نیسانى ئەمساڵەوە یەک دینار بۆ مووچەی خانەنشینانی یەکەی 70 لە بەغدادەوە نەهاتووە و ئێستا خانەنشینانی یەکەی 70 هیچ تەرخانکراوێکی داراییان نە لە بەغدا و نە لە هەرێمی کوردستان نییە.
دەشڵێت" ماوەی چوار مانگە حکومەت لەسەر بڕیارى وەزیرى دارایى و لەسەر بەرپرسیارێتیى خۆى مووچەی خانەنشینانی یەکەی 70ی داوە".

وتەبێژى وەزارەتى دارایى، باسی لەوەشکرد، ئەوان لەگەڵ بەغدا کێشەی مووچەی وەزارەتی کارەبا و پەرلەمانیان هەیە و چاوەڕێى ناردنى ئەو لێبڕینانە دەکەن کە بەغدا پێشتر لەمانگەکانى ڕابردوو بڕیویەتى.

هاوکات، حاکم فەتحوڵڵا عومەر، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى خانەنشینانى پێشمەرگە سەربە وەزارەتى پێشمەرگە و بەڕێوەبەرى خانەنشینانى یەکەى 70 بە میدیای نزیک لەیەکێتی وتووە، "مانگانە ئەو کێشەیە دووبارە دەبێتەوە و تا ئێستا چارەسەر نەکراوەو چاوەڕوانن لەلایەن وەزارەتی داراییەوە تەمویلی مووچەکانیان بگات".

دەشڵێت"وتەبێژى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکی حکومەت، لەسەر هێڵە لەگەڵ وەزارەتى دارایى بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە و چاوەڕێى وەڵامن، چونکە هیچ گرفتێک لە لیستی مووچەی خانەنشینیی هێزەکانی حەفتا نییە، بەڵام مانگانە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە کێشەیان بۆ دروستدەکرێت و ناردنی مووچەکانیان دوادەخرێت".

 سەرچاوەیەک لەهێزەکانی 70ی پێشمەرگە بەدەزگای میدیایی"ئیرادە"ی وت، خانەنشینی هێزەكانی 70 ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەكاتەوە كە كەمتەرخەمی كرابێت لە ڕێكخستنەوەی دۆسییەی خانەنشینانی هێزەكانیان ئەو هەنگاوەی وەزارەتی دارایی دروستكردنی كێشە بۆ مووچەی خانەنشینانی هێزەكانی 70 بۆ مەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار دەهێنرێت"، چونکە "مانگەكانی دیكەش بەهەمان یاسا و لیستی مووچە خەرجكراوە".

"سەرچاوەکە وتیشی، دواخستنی مووچەی ئەفسەران و پێشمەرگە خانەنشینەكانی هێزەكانی 70 مەبەست لێی بێزاركردن و بێومێدكردنیانە كە ساڵانێكی زۆر خەبات و خزمەتییان كردووە و دروستكردنی ئەم گرفتەش لەلایەن حكومەتەوە وەك بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار دەهێنرێت". 

بەگوێرەی زانیارییەكانی "ئیرادە" مانگی پێشووش هەمان لەمپەر بۆ خانەنشیانی هێزەکانی 70 دروستكراوەو دواتر چارەسەركراوە، ئەم مانگەش بەهەمانشێووە سەریهەڵداوەتەوە.

ئەوە كەسانەی لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی هێزەكانی 70 مووچە وەردەگرن ئەو پێشمەرگانەن كە ماوەی یاسایی خزمەتییان تەواوكردووە و بەپێی یاسای خزمەت و خانەنشینی ساڵی 2007 و ڕێنماییە بەركارەكان خانەنشین دەكرێن، بەڵام لەئێستادا و دوای هاتنەسەرخەتی بەغدا سەبارەت بەڕێكخستنەوەی مووچەكان، پێویستە بەپێی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عیراق كاروبارەكان جێبەجێ بكرێت، ئەوەش ئاڵۆزییەكی دروست كردووە وپێویستی بەكات دەبێت تا ڕێكارەكان جێیبەجێ دەكرێت.

  • وەزارەتى دارایی خشتەى مووچەى مانگى نۆی بڵاوکردەوە

  • زیاتر لە 77 ملیار دینار لە داهاتى نانەوتى هەرێم خرایەسەر هەژمارى دارایی فیدراڵ

  • خانەنشینانی سەربازی مووچەی مانگی 9 بە هاوتاکراوی وەرناگرن

  • وەزارەتى دارایى هەرێم مووچە خۆران بێئومێد دەکات

  • هه‌رێم له‌ ناردنى پاره‌ له‌ به‌غداوه‌ بێ ئومێد بووه‌؛ له‌ داهاتى ناوخۆ ده‌ست به‌دابه‌شكردنى مووچه‌ ده‌كات

  • ناتۆ: گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل دابینکردنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەپچڕێنێت

  • هاوڵاتییه‌كى هه‌رێمى كوردستان به‌ بلیتێك ده‌بێته‌ ملیۆنێرى دینار

  • هەرێم لەسەر داوای ئۆپیك بەرهەمهێنانی نەوت كەمدەكاتەوە

  • بەمەرج مووچەى خانەنشینانى یەکەى 70 خەرجکرا

سەرەکی