دابه‌زینی به‌های دۆلار
5   کاتژمێر پێش ئێستا 83 جار خوێنراوەتەوە

هۆیه‌كانی دابه‌زینی به‌های دۆلار له‌ عێراق

ناوەندی هەواڵ

شاره‌زایانی ئابووری هۆكاری جیاواز له‌باره‌ی هۆیه‌كانی دابه‌زینی به‌های دۆلار له‌ عێراقدا ئاشكرا ده‌كه‌ن.

له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا به‌های دۆلاری ئه‌مریكی له‌به‌رامبه‌ر دیناری عێراقیدا له‌ بازاڕه نافه‌رمییه‌‌كانی ئاڵوگۆڕی دراودا دابه‌زینی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و ڕۆژانه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ نرخه‌ فه‌رمێكه‌ی.

نه‌بیل مه‌رسومی شاره‌زایی بواری ئابووری، هۆكاری دابه‌زینی به‌های دۆلاری ئه‌مریكی له‌ بازاڕه‌كانی عێراقدا له‌به‌رامبه‌ر دیناردا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و به‌رەو پێشچوونانه‌ی له‌ گفتوگۆكانی نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا هاتۆته‌ ئاراوه‌.

ئەو شارەزا ئابوورییە دەشڵێت،هه‌رچه‌نده‌ دابه‌زینی به‌های دۆلار له‌به‌رامبه‌ر دیناری عێراقیدا چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌لای ئه‌وه‌وه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌ گفتوگۆكانی نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌.

مه‌رسومی پێی وایه‌، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ جیاوازییه‌كی به‌رچاو هه‌یه‌ له‌نێوان به‌های فه‌رمی دۆلار له‌به‌رامبه‌ر دیناردا له‌گه‌ڵ ئه‌و نرخه‌ی له‌بازاڕه‌كانی ناوخۆی عێراقدا مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی ئه‌مریكا و ئێران یاخود سه‌ركه‌وتنی گفتوگۆكانیان، نرخی دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ به‌ها فه‌رمێكه‌ی، یاخود به‌ته‌واوه‌تی وه‌ك نرخه‌ فه‌رمێكه‌ی لێدێت. 

ئه‌مڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئه‌مریكی له‌به‌رامبه‌ر دیناری عێراقیدا له‌ بازاڕه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراودا نزیك بۆته‌وه‌ له‌ 142000 دینار له‌گه‌ڵ جێگیری نرخه‌ی فه‌رمێكه‌ی له‌ بازاڕی فه‌رمیدا.

هه‌رچه‌نده حه‌یده‌ر ئه‌لشێخ‌ شاره‌زای بواری دارایی و ئابووری بۆچوونێكی تری هه‌یه و‌ پێی وایه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی دابه‌زینی به‌های دۆلار له‌به‌رامبه‌ر دیناری عێراقیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی داواكاری له‌سه‌ر دۆلار و هه‌روه‌ها زۆر له‌ سه‌رمایه‌داران  و وه‌به‌رهێنه‌ران ڕوویان له‌ دانان و پاشه‌كه‌وتكردنی ئاڵتوون كردووه‌ له‌بری دۆلار. 

حه‌یده‌ر ئه‌لشێخ بڕوای وایه‌ له‌پاڵ ئه‌و هۆكاره‌دا، هۆكاری دیكه‌ش هه‌یه‌ له‌وانه‌، ڕێوشوێنه‌كانی حكومه‌ت بۆ ڕێگریكردن له‌ بازرگانیكردنی نایاسایی و داخستنی سنووره‌كان به‌سه‌ر به‌قاچاخ بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی دۆلار، هه‌موو ئه‌مانه‌ پێكه‌وه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر دابه‌زاندنی به‌های دۆلار له‌به‌رامبه‌ر دیناردا داناوه‌.

معین كازمی ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراقیش له‌ لێدوانێكیدا بۆ ڕاگه‌یاندنه‌كانی عێراق گوتی: دابه‌زینی نرخی دۆلار له‌ عێراقدا شتێكی كاتی نییه،‌ به‌ڵكو به‌رده‌وام ده‌بێت تا ده‌گات به‌ نرخه‌ فه‌رمێكه‌ی، ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی هه‌موو ئه‌و كارانه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی بواری دارایی له‌ عێراقدا له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا ئه‌نجامیان دابوو، وا ئێسته‌‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت‌.  

موزه‌فه‌ر محه‌مه‌د ساڵح ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری دارایی له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكی ڕۆژنامه‌نووسیدا ڕایگه‌یاند: داواكاری له‌سه‌ر دۆلار له‌به‌ر سێ هۆكاری سه‌ره‌كی دابه‌زیوه‌: "سه‌ركه‌وتنی بانكی مه‌ركه‌زی له‌ پاره‌داركردن، هاندانی پاره‌داركردنی ڕاسته‌وخۆی بازرگانییه‌ بچووكه‌كان دوای لابردنی كۆت و به‌نده‌كان، هه‌روه‌ها كارئاسانیكردن بۆ ده‌ستڕاگه‌شتنی گه‌شتیاران به‌ دۆلار له‌ ڕێگه‌ی كارت و له‌ڕێگه‌ی فڕكه‌خانه‌كانه‌وه‌ به‌ نرخی فه‌رمی".

جیاوازی نێوان نرخی فه‌رمی دۆلار كه‌ بانكی ناوه‌ندی عێراقی پشتگیری ده‌كات و بۆ هه‌ر دۆلارێك  1320 ديناره‌، له‌گه‌ڵ نرخی بازاڕدا كه‌ له‌ نێوان 150-142 دینار بووه‌ له‌ چه‌ندین مانگی ڕابردوودا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ به‌رده‌م ئابووری عێراق بووه‌، هه‌روه‌ك هۆكاره‌كانیشی جێگه‌ی مشتومڕی سیاسییه‌كان و ته‌نانه‌ت لێپێچینه‌وه‌ی ئه‌مریكاش بووه‌ كه‌ به‌ به‌رده‌وامی فشار ده‌كات كه‌ سنووره‌كان له‌به‌رامبه‌ر به‌قاچاخبردنی دۆلاردا دابخه‌ن و جیاوازی نێوان نرخی فه‌رمی و نرخی بازاڕی ناوخۆیی عێراقی نه‌هێڵن.

  • هۆیه‌كانی دابه‌زینی به‌های دۆلار له‌ عێراق

  • ترەمپ بڕیارى نوێ لەبارەى باجە گومرگییەکانى رادەگەیەنێت

  • هاوکارى هاوپەیمانان بۆ مانگى چوار دابەشدەکرێت

  • پەرلەمانتارێک هۆکارى دواکەوتنى مووچەى مانگى چوار ئاشکرادەکات

  • كارەبا گرانەكەی حكومەت گەیشتە سلێمانی

  • عێراق دەست بەدابەشكردنی موچەی مانگی پێنج دەکات لەهەرێمیش چارەنووسى موچەى مانگى چوار نادیارە

  • لیستی مووچەى مانگى چوار ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت

  • عێراق یەدەگی غازی ناوخۆیی و هاوردەکراوی ئەمساڵ بەهێزتردەکات

  • دوازدە ویلایەتی ئەمەریکا سکاڵایان دژی ترەمپ تۆمار کرد

سەرەکی