کێڵگەیەکی نەوت لە هەرێمی کوردستان
2025-01-06
122 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی نەوتی هەرێمەوە؛ بودجەی عێراق ڕەوانەی پەرلەمان نەكراوە
ناوەندی هەواڵ
تائێستا خشتەی بودجەی گشتی 2025 لەلایەن حكومەتی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان نەكراوە، پرسی هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە تێچووی هەناردەی نەوتی هەرێمی كورستان هۆكارەكەیەتی.
سامر زیاب حەمدانی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: تائێستا خشتەی بودجەی گشتی ساڵی 2025 نەگەیشتووەتە ئەنجومەنی، ئەوەی هەیە تەنها پڕۆژەی هەمواركردنەوەی بودجەی گشتییە و تایبەتە بە بڕگەیەك كە پەیوەندی بە تێچووی دەرهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان و هەناردەكردنیەتی لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە.
سامر زیاب وتیشی: گفتوگۆی نێوان لیژنەی دارایی و سەرۆكوەزیرانی عێراق بەردەوامە بۆ ناردنی خشتەكانی بودجەی ئەمساڵ لەماوەی ئەم وەرزەی یاساداناندا بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
مانگی تشرینی دووەم ساڵی رابردوو، لیژنەی دارایی گفتوگۆی لەسەر چەند بابەتێكی پەیوەست بە هەمواری یاسای بودجەی گشتی وڵات بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) كرد، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە میكانیزمی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و تیچووی دەرهێنانی و گونجاندن و جێكردنەوەی لەناو ژمارە و خشتەكانی بودجەدا.
بڕگەی تایبەت بە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا، دوای ماوەیەكی زۆر لە گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغداد ئامادەكراوە، 16 دۆلار وەك تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێكی نەوت دیاری كراوە، ئەوەش دوای راوێژێكی زۆر لەنێوان هەردوو حكومەت و لیژنەی راوێژكاریی كۆمپانیا بیانییەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان گەڵاڵە كرا.
لەلایەمی دیكەوە، ئەحمەد عید توێژەری بواری ئابوری ڕایگەیاند: دواكەوتنی ناردنی خشتەی بودجەی گشتی بۆ پەرلەمان دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆكار، لەوانە گۆڕانكاریی و هەمواركردنەوەی خشتەكانی پاشكۆی بودجە لەسەر داواكاریی وەزارەتەكان، بۆ زیادكردنی تەرخانكراو و شایستەی دارایی موچەخۆران و خانەنشینان و تۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتی.
وتیشی: بەشێكی دیكەی پەیوەندی بە ئەو ناكۆكیانەوە هەیە كە پەیوەستە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە و ئەوەش بوەتە بەربەست لەبەردەم ئامادەبوونی خشتەی كۆتایی پاشكۆی بودجەی 2025، چۆڵبوونی كورسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ماوەی ساڵێك و پڕنەكردنەوەی ئەو پۆستە و دواتر پشووی وەرزی یاسادانان، بەشێكی دیكەن لە هۆكارەكان.
ڕۆژی 12ی حوزەیرانی 2023، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بودجەی ساڵانی (2023-2024-2025)ی پەسەندكرد، ئەوەش بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی عێراقدا بودجەی سێ ساڵ پێكەوە پەسەندبكرێت بەو قەبارە گەورەیە و بە 197 ترلیۆن و 828 ملیار دیناری عێراقی، رێژەی كورتهێنانی بودجەش بە 63 ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە، كە دەكاتە نزیكەی سێیەكی بودجەی گشتی.
لە بودجەكەدا بازدانێكی گەورە لە خەرجییەكان هەیە بەتایبەتی تەرخانكراوی مووچە بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبوەتەوە بەهۆی بەردەوامیی دامەزراندن لە كەرتی گشتی، لەبەرامبەردا بودجەی وەبەرهێنان كەمكراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەپێی بودجە عێراق دەتوانێت بەردەوام بێت لە قەرزركردن لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان.
|