لیندسی گراهام سیناتۆری ئەمریکا لەکاتی سەردانی بۆ رۆژئاواک کوردستان و بینینی مەزڵوم عەبدی
3 کاتژمێر پێش ئێستا
74 جار خوێنراوەتەوە
توركیا نیگەرانە
ناوەندی هەواڵ
هێزەكانی سوریای دیموكرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاستی هەماهەنگی نێوانیان بەرزدەكەنەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش هەڕەشەی چارەنوسی خراپ لە شەڕڤانان دەكات.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزەكانی سوریای دیموكرات، مەشق و راهێنانیانی شەوانەیان لەبنكەی قەسرەك لە دەوروبەری خۆرئاوای حەسەكە ئەنجامداوە كە تێیدا چەك و موشەك و هەلیكۆپتەری تێدا بەكارهێنراوە، ئەوەش بە ئامانجی بەرزكردنەوەی ئاستی هەماهەنگی نێوانیان و پتەوكردنی توانای هێزە شەڕكەرەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر مەترسییەكی چاوەڕوانكراو.
لەدوای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 2015 هەسەدە هاوبەشێكی سەرەكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و هەردوولا هەماهەنگی پتەوی سەربازی لە نێوانیاندا هەیە و لە ئێستاشدا بەردەوامن لە هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ رێگریی لە سەرهەڵدانەوەی داعش، كە لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە جموجۆڵی دەستپێكردووەتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بە سێ موشەك ماتۆڕێكیان كردە ئامانج كە لانی كەم كەسێكی هەڵگرتبوو، لەسەر رێگەی كامپی قەلعە لە باكوری خۆرئاوای شاری سەرمەدا لە نزیك سنوری سوریا و توركیا، كە بەهۆیەوە دوو كەس كوژران و كەسێكی دیكەش برینداربوو، ئەوەش دووەم هێرشی لەو شێوەیەیە لەماوەی ئەمساڵدا، دوای ئەوەی لە (10ـی كانونی دووەمی 2025) چەكدارێكی داعشیان لە دەوروبەری رەققە كردە ئامانج.
هەسەدە لە ئێستادا لەدوو بەرەوە رووبەڕووی هێرش و مەترسی بووەتەوە، لەلایەكەوە شانبەشانی هاوپەیمانان دەجەنگێت بۆ رێگریی لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش، لەلایەكی دیكەوە روبەڕووی هێرشی توركیا و گروپە چەكدارەكانی نزیك لەو وڵاتە بووەتەوە.
جۆن كێربی راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی كۆشكی سپی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا جەختیكردەوە، هێزەكانیان لە سوریا بۆ یەك ئامانجی سەرەكی ماونەتەوە، ئەویش رێگرتنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش، كە دەیەوێت ناسەقامگیریی سوریا بقۆزێتەوە بۆ خۆ رێكخستنەوەی.
وتیشی "ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە ئەو ئەركە ئەنجام دەدەین و هاوبەشیمان لەو بارەیەوە بەهێزە و بەردەوامی پێدەدەین".
جۆن كێربی مەترسییە ئەمنییەكانی توركیای لەبارەی سنورەكانییەوە بە "مەترسی رەوا" ناوبرد و وتی توركیا مافی خۆیەتی بەرگریی لەخۆی بكات دژی هەر هێرشێك كە دەكرێتەسەری، بەڵام نایانەوێت ئەوە ببینن كە هێرشی گروپە چەكدارەكان، هەسەدە ناچاربكات سەرنجی دوربخاتەوە لە ئەركە سەرەكییەكەی كە بەرەنگاربوونەوەی داعشە.
ژمارەیەك ناوچەی ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەتایبەتی بەنداوی تشرین لە سنوری مەنبەج زیاتر لە مانگێكە روبەڕووی هێرشی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە توركیا بوونەتەوە، سەرباری بەردەوامی هەڕەشەكانی دەسەڵاتدارانی توركیا لەهەسەدە بۆ چەكدانان یان یەكخستنیان لەگەڵ گروپە چەكدارەكانی دیكەی سوریا و بوون بە بەشێك لە سوپای نوێی سوریا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رۆژی چوارشەممە (15ـی كانونی دووەمی 2025) لەوتارێكدا لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا هەڕەشەی لە شەڕڤانان كرد كە ئەگەر چەك دانەنێن و خۆیان هەڵنەوەشێننەوە، لەو چارەنوسە رزگاریان نابێت كە چاوەڕوانیانە.
هەروەها شەڕڤانانی تۆمەتباركرد بەوەی دەستیان بەسەر سێیەكی خاكی سوریا و سامانی سروشتی ناوچەكەدا گرتووە.
|