ئامانج زەمان لەکاتی ئەو دانیشتنەی بەهۆیەوە دەستگیرکرا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
37 جار خوێنراوەتەوە
وردەكاری دەستگیركردنی سێ قاچاغچی كورد
ناوەندی هەواڵ
میدیای بەریتانیا ئاشكرایكرد، لە هەرێمی كوردستان، سێ كەس بە تۆمەتی بازرگانی كردن بە مرۆڤەوە (قاچاخچی) دەستگیركران دواتریش دەزگای ئاسایشی هەرێم زانیارییەكەی پشتڕاستكردەوە، ئەو كەسانە تۆمەتبارن بە پەڕاندنەوەی كۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئەوروپا و بەریتانیا.
دانیشتنێكی گۆرانی میللی قاچاغچییەك بە گرت دەدات
بەپێی هەواڵێكی بی بی سی بەریتانی، گروپێكی سێ كەسی لە هەرێمی كوردستان لەلایەن ئاسایشی كوردستانەوە دەستگیركراون بە تۆمەتی هەبونی پەیوەندی لەگەڵ (ئامانج حەسەن زادە) كە ماوەیەك بەر لەئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆكەوە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە بەریتانیا دەستگیركراو بە 17 ساڵ زیندانیكردن لەلایەن دادگای بەریتانیاوە سزا درا.
وردەكاری دەستگیركردنی سێ هاودەستی ئامانج زەمان
بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای نیشتیمانی تاوانی بەریتانی، ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە سێ ئۆپەراسیۆندا، توانیویانە سێ هاوڵاتی هەرێمی كوردستان دەستگیربكەن، یەكێك لەوانە تەمەنی 38 ساڵە و تۆمەتبارە بە گواستنەوەی پەنابەران لە توركیاوە بۆ یۆنان و ئیتاڵیا لە رێگای بەلەمی بچووكەوە.
یەكێكی دیكە لە دەستگیركراوەكان پیاوێكی 40 ساڵە كە كاری حەواڵەی بانكی دەكات لەبری (ئامانج حەسەن زادە)، واتە ئەم كەسە نێوەندگیر بووە لەنێوان قاچاخچییەكان و پەنابەران.
كەسی سێیەم، پیاوێكی دیكەی 30 ساڵانە و بە تۆمەتی نێوەنگیریكردن لەنێوان پەنابەران و قاچاخچییەكان لە كاری كردووە، واتە پەنابەری زیاتر بۆ قاچاخچییەكان كۆكردوەتەوە.
بەپێی هەواڵەكەی بی بی سی، هەر سێ دەستگیركراوەكە لە نێوان 8 بۆ 12ـی ئەم مانگە لە پارێزگای سلێمانی دەستگیركراون.
ئامانج حەسەن زادە كێیە؟
ئامانج حەسەن زادە ناسراوە بە (ئامانج زەمان)، هاوڵاتیی هەرێمی كوردستانە تەمەنی 34 ساڵە و لە شاری پریستۆنی بەریتانیا نیشتەجێبووە، سزادراوە لەلایەن دادگای بەریتانیاوە بە تۆمەتی پەڕاندنەوەی پەنابەران لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا. ئامانج ئەو كاتە ئاشكرا بوو كە لە دانیشتنێكی گۆرانی وتنی میلیدا (گەعدە)، گۆرانیبێژەكە بەندی بەباڵا هەڵدەدات و بە باشترین قاچاخچیی پێناسەی دەكات، ئەو ڤیدیۆیە بوو بە هۆكاری دەسگیركردن و سزادرانی بۆ ماوەی 17 ساڵ لەلایەن بەریتانیاوە.
ئاماری پەنابەران
بەپێی ئامارەكانی بەریتانیا، تەنها لە 2024 زیاتر لە 70 پەنابەری نایاسایی لە كەناڵی ئینگلیز خنكاون، بۆیە حكومەتی بەریتانیا دەیەوێت بەهەر ڕێگایەك بێت چوونی پەنابەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەكەی رابگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەكانی رابردوودا لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق ژمارەیەك كۆبونەوەیان كرد.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان، لە سەرەتای ساڵی 2020 تا كۆتایی 2024، زیاتر لە 16499 هاوڵاتی عێراقی لە رێگەی بەلەمی بچووك و بەرێگای نایاسایی لە كەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندوەتە بەریتانیا، بەجۆرێك 12%ی ئەو كەسانەیان پێكهێناوە كە لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا گەیشتونەتە خاكی بەریتانیا.
بەپێی ئامارەكانی حكومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2023 عێراقییەكان لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو هاوڵاتیا بیانییانە بوون كە بە بەلەمی بچوك لە فەرەنساوە گەیشتبونە بەریتانیا، ساڵی 2024 ریزبەندییەكەیان دابەزیوە بۆ حەوتەم.
عێراق و بەریتانیا ڕێككەوتنیان كردووە
دوێنێ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە گەشتێكی سێ رۆژە گەیشتە بەریتانیا، بڕیارە گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر ئیمزاكردنی ئەو لێكتێگەیشتن و رێككەوتنە بكرێت، كە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ئیڤیت كوبەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە سەردانەكەی بۆ بەغداد و هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كرد و بناغەكەی داڕێژرا، ئەویش تەرخانكردنی بڕە پارەیەكە بەناوی هاوكارییەوە بۆ عێراق، بۆ یارمەتیدانی حكومەتی ئەو وڵاتە بۆ روبەڕوبوونەوەی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەكان.
حكومەتی بەریتانیا دەیەوێت بە ئیمزاكردنی رێككەوتنی هاوبەشی و هەماهەنگی لە بوارەكانی وەبەرهێنان لەرێگەی كۆمپانیا بەریتانییەكان ئەوانەی لە عێراق كاردەكەن دەرفەتی كاری زیاتر لە عێراق دەستەبەر بكات، بەتایبەتی لە پرۆژەكانی ئاو، وزە، پەیوەندییەكان و گەیاندن، ژێرخانی بەرگریی.
|