×

مەزڵوم عەبدی
2025-01-13 148 جار خوێنراوەتەوە

داعش نیازی شكاندنی زیندانەكانی هەیە؛ مەزڵوم عەبدی هۆشداری دەدات

ناوەندی هەواڵ

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە" هۆشداری دەدات لە نیازی داعش بۆ شكاندنی زیندانییەكان و ئازادكردنی بە كۆمەڵی ئەندام و چەكدارە دەستگیركراوەكانی.

جموجوڵی داعش دوای كەوتنی ئەسەد

 لەدوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە (هەشتی كانونی یەكەمی 2024)، جموجۆڵی داعش لە بەشێك لەناوچەكانی سوریا دەستیپێكردووەتەوە و شەڕڤانانی هەسەدە لەچەندین شوێن روبەڕوویان بوونەتەوە، هەروەها لە كەمپەكانی تایبەت بە دەستگیركراوانی داعش دۆخی نائاسایی دروستبووە.

داعش پلانی شكاندنی زیندانەكانی هەیە

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "زە سەنی" بەریتانی هۆشداریدا لە هەوڵی داعش بۆ دوبارە سەرهەڵدانەوەیان.

عەبدی دەڵێت، پلانێكی ئەو رێكخراوەیان بۆ شكاندنی زیندانەكان تێكشكاندووە، بەڵام رێكخراوەكە هێشتا هەوڵدەدات زیندانەكان بشكێنێت و ئەندام و چەكدارە دەستگیركراوەكانی ئازاد بكات.

زۆربەی ئەندام و كەسوكاری داعش لە دوو كامپدان

زۆربەی ئەندام و چەكدار و كەسوكاری چەكدارانی داعش لە هەردوو كامپی هۆڵ و رۆژن كە ژمارەیان نزیكەی 10 هەزار چەكدارە،  لەگەڵ 50 هەزار كەس لە كەسوكاری چەكدارانی داعش، زۆرینەی دەستگیركراوەكان لە كامپی هۆڵن كە دەكەوێتە سنوری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان و لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە سەرپەرشتی دەكرێت.

مەزڵوم عەبدی دەشڵێت:"داعش بەشێك لە چەكی بەجێماوی سوپای ئەسەدی دەستكەوتووە و جموجۆڵیان زیادیكردووە، بەم دواییانە لە رەققە و باشوری حەسەكە هێرشیان كردووەتە سەر شەڕڤانان و بەهۆیەوە سێ شەڕڤان شەهیدبوون".

وتیشی :"داعش مەترسی لەسەر كامپی هۆڵ دروستكردووە و جموجۆڵیان زیادبووە، زانیاریی هەواڵگریمان هەیە كە پلانیان هەیە بۆ شكاندنی زیندانییەكان، پێویستە چالاكییەكان لەدژی داعش بەردەوام بن".

لەبارەی هەڵوێستی گروپەكانی نزیك لە توركیا و دەستەی تەحریر شام لەو بارەیەوە، عەبدی دەڵێت: ئەو گروپانە لەرووی ئایدۆلۆژییەوە نزیكن، بۆیە هەمان هەڵوێستیان هەیە و پێیانوایە هیچ جیاوازییەك لەنێوان زیندانییەكان و چەكدارانی داعش نییە، لەكاتێكدا ئەوانەی لەلایەن هەسەدەوە زیندانیكراون سەرجەمیان چەكداری داعشن.

"لەگەڵ دابەشبوونی سوریادا نین"

فەرماندەی گشتی هەسەدە رایگەیاند: ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا دەكەن و ئەمریكاش هاوكارە لەگفتوگۆكانیان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا و توركیادا.

جەختیشیكردەوە، هەڵوێستی ئەوان ئەوەیە نابێت سوریا دابەش بێت و جەخت لە پاراستنی مافی كەمینەكان دەكەنەوە لە سوریای نوێدا.

كامپی هۆڵ

كامپەكە لە حەوت بەشی سەرەكی پێكهاتووە، مەترسیدارترینیان ئەو بەشەیە كە كەسوكاری چەكدارانی داعشی تێدایە و بە كانگای گەرای داعش دادەنرێت لە كامپی هۆل.

حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن زیادیكردووە

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەیان حاڵەتی كوشتن و خنكاندن و هەڵواسینی دانیشتوانی كامپەكە تۆماركراوە، كە بەوتەی سیامەند عەلی وتەبێژی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) زۆرینەیان لەلایەن ژنانی داعشەوە ئەنجامدراوە بە تۆمەتی ئەوەی ئەو كەسانە پەیڕەوی ئیسلامیان نەكردوە، پێشتریش چەندینجار ژنان و منداڵانی داعش هێرشیان كردوەتە سەر پاسەوان و پارێزەران و كارمەندانی ناوخۆیی و رێكخراوە مرۆییەكانی كامپەكە.

بەپێی سەرچاوەیەكی رۆژئاوای كوردستان، لەماوەی 72 سەعاتدا و تا رۆژی شەشی كانونی یەكەمی 2025، 11 حاڵەتی تاوان لەناو كامپی هۆل تۆماركراوە، كە چواریان حاڵەتی كوشتن بووە و یەكێك لە كوژراوەكان عێراقی بووە، ئەوەش كاریگەریی گەورەی لەسەر ئاسایشی ناو كامپەكەی دورستكردووە.

بەپێی هەمان سەرچاوە؛ دوای روداوەكان هێزێكی ئەمەریكی و هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە 13 خاڵی دەوربەری كامپی هۆل جێگیركراون، بەتایبەتی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای كامپەكە، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی هێرشی گروپە چەكدارەكانی سوریا بە پاڵپشتی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، بەتایبەتی دەوربەری بەنداوی تشرین و باشور و رۆژئاوای مەنبج و كۆبانێ.

چەند سەرچاوەیەكی دیكە ئاشكرایان كردووە، بەهۆی دۆخی ناسەقامگیری سوریاوە بەتایبەتی دوای روخانی رژێمی سوریا و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن دەستەی تەحریری شام و بەردەوامی هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، دۆخێكی نائاسایی لەناو كامپی هۆل دروست بووە و نزیكەی 50 كەس توانیویانە لە كامپەكە هەڵبێن و تائێستا چارەنوسیان نادیارە.

 

  • پەنابەرانیش دەگرێتەوە؛ سەرۆكوەزیرانی عێراق هاوبەشیی ستراتیژی و ڕێككەوتنی ئەمنیی لەگەڵ بەریتانیا واژۆ دەكات

  • ئەنجامی سەرەتایی ئەو لیژنەیەی بۆ یەكلاكردنەوەی مشتومڕی نێوان هەرێم و بەغداد پێكهێنراوە

  • نەوت جارێكی دیكە گڕ لە پەیوەندییەكانی هەرێم وبەغدا بەردەدات؛ سودانی بۆ نەوتی كەركوك دەچێتە بەریتانیا

  • لەكاتێكدا باسی پرۆسەی ئاشتی دەكات؛ توركیا قەییومی بۆ شارەوانییەكەی دیكەی سەر بە دەم پارتی دانا

  • لەچوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی سوریا؛ كورد و سوننە فشار دەكەن و بەنیازی دەستكەوتی زیاترن

  • داعش نیازی شكاندنی زیندانەكانی هەیە؛ مەزڵوم عەبدی هۆشداری دەدات

  • ژمارەی هێزەكان لەماوەی 21 ساڵدا؛ ئایا كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق ڕوودەدات؟

  • پێویستی بە كوردە؛ ئەردۆغان نیازی خۆی بۆ سێیەم خولی سەرۆكایەتی توركیا ئاشكراكرد

  • ڕۆژئاوای كوردستان لەنێوان هەڕەشەی توركیا و دڵنیایی ئەمریكا و ئەوروپا

سەرەکی