هاوسەرۆکانی شارەوانی ئاکدەنیز
2025-01-13
81 جار خوێنراوەتەوە
لەكاتێكدا باسی پرۆسەی ئاشتی دەكات؛ توركیا قەییومی بۆ شارەوانییەكەی دیكەی سەر بە دەم پارتی دانا
ناوەندی هەواڵ
دوای دەستگیركردنی هاوسەرۆك و سێ ئەندامی شارەوانی ئاكدەنیز لە مێرسین، قەیوم لە جێگەیان دانرا و هاوسەرۆكانی شارەوانییەكەش زیندانی دەكرێن كە سەر بە دەم پارتین.
دوای ئەوەی رۆژی 10ی ئەم مانگە، پۆلیس هەڵیكوتایەسەر سەر چەند ماڵێك لە قەزای ئاكدەنیزی مێرسین و هۆشیار ساری یەڵدز و نوریە ئاسڵان هاوسەرۆكانی شارەوانی و سێ ئەندامی دیكەی شارەوانییەكەی دەستگیركرد كە سەرجەمیان سەر بە دەم پارتیین و لە هەڵبژاردنەكاندا متمانەی دەنگدەرانیان وەرگرتووە، دوو رۆژ دواتر و دوێنێ یەكشەممە برانە بەردەم دادگا و بڕیاری دەستەبەسەرییان بۆ دەرچوو، ئەمڕۆش وەزارەتی ناوخۆی توركیا زەیت شەنەر قائیمقامی قەزای ئاكدەنیزی وەك قەیوم بۆ سەرۆكی شارەوانی قەزاكە دەستنیشان كرد.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا رایگەیاند: جگە لە هاوسەرۆكانی شارەوانی، سێ ئەندامی دیكەی شارەوانییەكەش دەستگیركراون.
تۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکەیان دراوەتەپاڵ
داوای دەستگیركردنی هاوسەرۆكانی شارەوانی قەزای ئاكدەنیز و سێ ئەندامی دیكەی ئەنجومەنەكە، رەوانەی بەردەم داواكاری گشتی ناوچەكە كران، داواكاری گشتی تۆمەتی "ئەندامێتی، پڕوپاگەندە، پارەداركردنی رێكخراو" مەبەستی "پەكەكە"ی ئاڕاستەكردن و تۆمەتباری كردن بە سەرپێچی كردنی یاسا كارپێكراوەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەتی یاسای ژمارە 2911ـی توركیا.
داوای ئاڕاستەكردنی تۆمەتەكان لەلایەن داواكاری گشتییەوە، دادگای تاوانەكانی مێرسین فەرمانی دەستگیركردنی بۆ هۆشیار ساری یەڵدز و نوریە ئاسڵان و سێ ئەندامی دیكەی شارەوانی ئاكدەنیز دەركرد و هەمان تۆمەتی ئاڕاستە كردن.
ئیبراهیم كایا، هاوسەرۆكی لقی مێرسینی كۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی لە مێرسین لەبارەی بڕیارەكەی دادگاوە رایگەیاند: بڕیاری دەستگیركردنی هاوسەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانی نایاساییە، ئەوەی دادگا دەیكات جگە لە شانۆگەرییەك هیچی تر نییە، چونكە پێشتر بڕیاری دوورخستنەوەی هاوسەرۆكانی شارەوانی دراوە.
هەر لەو بارەیەوە، بەدریە كوش هاوسەرۆكی دەم پارتی لە مێرسین رایگەیاند: بە بڕیارێكی سیاسی هاوڕێكانمان دەستگیر كراون، بە بیانووی درۆ و پووچ، پێویستە دەستبەجێ ئەم بڕیارە نایاساییە هەڵبوەشێنرێتەوە، ئێمە لە پشت خەباتی هاوڕێكانمانەوە وەستاوین.
تورکیا لەگەڵ ئەم ڕەفتارانە باس لە پرۆسەی ئاشتیش دەکات
دەستگیركردنی هاوسەرۆكانی شارەوانییەكی مێرسین لەكاتێكدایە، ماوەیەك باس لە دووبارە دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا دەكرێت و دوای بانگەوازێكی دەولەت باخچەلی هاوسەرۆكی مەهەپە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان، شاندی دەم پارتی لە زیندانی ئیمرالی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان كرد و لەبارەی پرۆسەی چارەسەرییەوە گفتوگۆیان كرد، دواتر پەیامێكی ئۆجەلانیان بۆ رای گشتی و دەسەڵاتدارانی توركیا بڵاوكردەوە.
دوای سەردانی ئۆجەلان لە زیندان، شاندی دەم پارتی لەگەڵ زۆربەی پارت و فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی توركیا كۆبونەوە، دواتر سەردانی هەریەك لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپەیان كرد لە زیندان و ئەوانیش پاڵپشتیی خۆیان بۆ پرۆسەی چارەسەری و بانگەوازەكەی ئۆجەلان دەربڕی.
لە سەروبەندی كۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەكان، سەرچاوەیەك لە دەم پارتییەوە رایگەیاند: دوای كۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەكان، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش كراوە كە ماوەی نۆ ساڵە لە گرتووخانەی ئەدیرنە زیندانی كراوە و پاشانیش شاندەكە كە پێكهاتوون لە سڕی سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان و ئەحمەد تورك، دەگەڕێنەوە لای ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی و ئەنجامی كۆبونەوە و گفتوگۆكانی پێ دەگەیەنن.
|