شەرڤانێکی ژن
2 کاتژمێر پێش ئێستا
88 جار خوێنراوەتەوە
ئاماری شەڕ و بۆردومانی نزیكەی 40 رۆژی نێوان هەسەدە و گروپەكانی سەر بە توركیا
ناوەندی هەواڵ
لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا فرۆكەی جەنگیی و درۆنی توركیا، هێرشەكانیان بۆسەر دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق و بەشی باشوری كۆبانێ چڕكردووەتەوە، ئەمرۆش بۆدووەمجار بۆردومانی كاروانی خەڵكی سڤیلیان كرد كە بۆ پشتیوانی شەڕڤانان دەچنە بەنداوی تشرین، بەهۆیەوە چەند كەسێك شەهید و بریندار بوون.
چڕبوونەوەی هێرشەكانی توركیا لەكاتێكدایە، گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیاش لەدەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق هێرشدەكەن بەڵام بە توندی هێرشەكانیان وەڵام دەدرێتەوە.
لە هەشتی كانوونی یەكەمی ساڵی ڕابردوەوە، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، توركیا و گروپە چەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە لە سوریا دەیانەوێت بەنداوی تشرین داگیر بكەن كە دووەم گەورەترین بەنداوی سوریایە، ناوبەناویش بۆردومانی دەوروبەری كۆبانێ و ڕەقە دەكەن.
چی ڕوویدا؟
لەماوەی 38 ڕۆژی ڕابردوودا و تا ئەمڕۆ، سەرەڕای كۆكردنەوەی هێزێكی زۆر و پشتیوانی زۆری ئاسمانیی فرۆكەی جەنگیی و درۆنی توركیا، بەڵام ئەو هێزانەی سەر بە توركیا كە ناویان لە خۆیان ناوە "سوپای نیشتمانی سوریا" نەیانتوانیوە هیچ بەرەوپێشچوونێكی مەیدانی لەشەڕەكەدا بەدەست بهێنن، بەڵكو ئێستا لە دووریی هەشت كیلۆمەتر لە بەنداوەكە و لە گوندەكانی عەلوش، تل عەریش، سەعیدیە و نەعیمە لە نزیك شارۆچكەی ئەبوقلقل شەڕ بەڕێوەدەچێت.
پێنج درۆنی پێشكەوتووی توركیا خراونەتە خوارەوە
توركیا لە هێرشەكانیدا فرۆكەی جەنگیی و درۆنی جۆری "بەیرەقدار" و "ئاكنجی" بەكارهێناوە كە پێشكەوتووترین جۆری درۆنی توركیان و شەش موشەك هەڵدەگرن، جگە لەبەكارهێنانی تۆپهاوێژ و تانك و موشەك و زرێپۆش.
توركیا درۆنی پێشكەوتووی بەكارهێناوە
لەوماوەیەدا دەیان پێگەی ژێرخانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆردومانكراون و زیانی گەورەیان بەركەوتووە، بەتایبەتی لە باشور و ڕۆژئاوای شاری كۆبانێ و دەوروبەری بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاق، جگە لە چەندین گوندی دەوروبەری گرێ سپی و عەین عیسا و تل تەمەر و چەند گوندێكی دەوروبەری حەسەكە.
365 چەتەی سەر بە توركیا كوژراون
بەپێی ئامارێكی ئاژانسی هاواری ڕۆژئاوای كوردستان كە هێزەكانی سوریای دیموكرات پشتڕاستیان كردووەتەوە، لەماوەی 38 ڕۆژی شەڕدا 365 چەكداری گروپەكانی سەر بە توركیا كوژراون كە زۆربەیان لەدەوروبەری بەنداوی تشرین بووە و ئەوانی دیكەش لە نزیك پردی قەرەقۆزاق و ناوچەكانی تل تەمر و عەین عیسا.
پێنج درۆنی توركیا خراونەتە خوارەوە
لەلایەن خۆشیانەوە هێزەكانی سوریای دیموكرات تێكشكاندنی سێ درۆنی جۆری بەیرەقداریان لە نزیك پردی قەرەقۆزاق و درۆنێكی جدۆری ئەنكایان لە دەوروبەری تل تەمر، هەروەها درۆنێكی جۆری ئاكسونگوریان لە دەوروبەری درباسیە ڕاگەیاندووە.
زیاتر لە 80 شەڕڤان شەهیدبوون
هێزەكانی سوریای دیموكرات تا 15 ی كانوونی دووەم 81 شەڕڤانیان شەهید بوون، كە زۆربەیان لەدەوروبەری پردی قەرەقۆزاق و بەنداوی تشرین بووە.
نزیكەی 50 كەسی سڤیل شەهیدبوون
هەر بەهۆی هێرشەكانی توركیا و گروپە چەكدارەكانیەوە، لە ڕۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا 49 سڤیل شەهیدبوون كە بەشێكیان ڕۆژنامەنوس بوون.
|