2025-02-17 223 جار خوێنراوەتەوە

کێشە سەرەکییەکان چین؟

ئیرادە میدیا

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان تەنها هەنگاوێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم نرابێت کۆبوونەوەیەکی چەند سەعاتی پەرلەمان بوو کە تیایدا پەرلەمانتارە دەرچووەکان سوێندی یاساییان خوارد و بە فەرمی بوونە پەرلەمانتار، بە واتایەکی تر ئیتر لەو ڕۆژەوەی کە سوێندی یاساییان خواردووە بونەتە خاوەنی مووچە و دەرماڵەی باش، کۆبوونەوەی پەرلەمانیش ماوەتەوە تا ئەو کاتەی یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەت ڕێکدەکەون.

هەردوو حزبی باڵادەستی هەرێم زۆر بێ باکن و بە ئێستاشەوە لەسەر پۆست و پلەوپایە ناکۆکن و چارەنوسی هەرێمیان بە ئاسۆیەکی نادیار گەیاندووە.

پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، تا ئێستا ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام و دەباشان کردووە، لیژنەی تەکنیکی نێوانیشیان پێنج کۆبوونەوەیان کردووەو ڕەشنووسێکیان لەسەر دەسەڵاتی پۆستە باڵاکان و پەیکەری حکومەت ئامادەکردووە و لە کۆبوونەوەی باڵای نێوان هەردوو حیزب بڕیاری لەسەر دەدرێت، بە پێی قسەی هەردوولاش لە ڕێککەوتنی کۆتایی نزیکن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا کراوە دوور لەچاوی ڕاگەیاندنەکان بووەو کێشە سەرەکییەکان قسەی کۆتاییان لەسەرنەکراوە.

ڕەشنووسە بۆ پێکهێنانی کابینەی 10 لە نۆ تەوەر و 15 خاڵ پێکهاتووە

 بەپێی زانیارییەکان، تەوەرەکانی ڕەشنووسەکە بریتین لە بوارەکانی سیاسی، پەرلەمان، دارایی، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، وزە و پێشمەرگە.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیێنراوی دواین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا ڕایانگەیاندووە، "لەسەر زۆر بابەتى سیاسى و ئیدارى لەگەڵ یەکێتى نیشتمانى کوردستان هاوڕایى دروست بووە و پێویستى بە گفتوگۆى زیاتر هەیەو چاوەڕی دەکەن  لە کاتێکى نزیکدا مژدەى پێکهێنانى سەرۆکایەتى پەرلەمان و کابینەى نوێ لە سەر بنەماى یەک هەرێم، یەک حکومەت، یەک هێزى پێشمەرگە، ڕابگەیێنرێت".

لوتکەی پارتی و یەكێتی پۆستە باڵاکانی حکومەت یەکلایی دەکەنەوە

کێشەسەرەکییەکە تائێستا لەنیوان ئەو دوولایەنەدا یەکلایی نەبووەتەوە، کێشەکە لە سەر سێ بابەتی سەرەکییە، ئەوانیش بریتین لە "پۆستی سەرۆکی حکومەت، خودی سەرۆک وەزیرانی ئێستا، وەزارەتی ناوخۆ".

لەبانگەشەی هەڵبژاردن ودوای ڕاگەیەندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان  یەکێتی بەردەوام داوا دەکات سەرۆک وەزیران لە مەسرور مەسعود بارزانییەوە بگۆڕدرێت بۆ کەسێکی دیکە ئەوکات ڕازی دەبێت لە گەڵ پارتی حکومەتی نوی دروستبکات. 

بەڵام پارتی ڕاستەوخۆ بە یەکێتی یان وتووە سەرۆکی ئێستای حکومەت هێڵی سوورەو ئەوان بەو داواکاری یە ڕازی نین و ڕەتیدەکەنەوە، لەبەرامبەر ئەوەشدا یەکێتی بە پارتی وتووە: یان کەسەکە بگۆڕن یان پێویستە چوار ساڵی داهاتووی سەرۆکی حکومەت بکرێت بە نۆرە و دوو ساڵی سەرۆکی حکومەت لای یەکێتی بێت.

کێشەی ئاڵوگۆڕی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ

وەزارەتی ناوخۆش کێشەیەکی گەورەی دیکەی شاراوەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمە و پارتی بە بارتاقای  پۆستی سەرۆکی حکومەت هەوڵ دەدات وەزارەتی ناوخۆ ڕادەستی هیچ لایەنێکی دیکە نەکات، یەکێتیش ئاگاداری ئەو هەوڵەی پارتی یەو وەک کارتێکی فشار داوای پۆستی ناوخۆش دەکات ئەو هەنگاوەشی بۆ ئەوەیە  تا پارتی بخاتە نێوان بەرداشی دووساڵی سەرۆکایەتی حکومەت و پۆستی وەزارەتی ناوخۆوە.

مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستانیش، دەڵێت، پێویستە پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای دەنگی لایەنە سیاسییەکان و بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت و حکومەتێکی سەرتاسەری و بەهێز و یەکگرتوو بێت.

بەشداری لایەنەکانی دیکە

بەپێی زانیاریی و بەدواداچوونەکانی میدیای "ئیرادە" بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بەشێکی زۆر لەلایەنەکان بەئاشکرا ڕایانگەیاندووە کە بەشداری حکومەت ناکەن بەڵام ئەوەی تا ئێستا ناڕوونە بەشداری نەوەی نوێ یە، نەوەی نوێ هەرچەندە ڕایگەیاندووە دەنگەکانی نادات بە پارتی، چاودێارن پێیان وایە نەوەی نوی نایەوێت خۆی تووشی فشارەکانی ئێران بکات، ئەوەشی کە ڕۆژانە سەرۆکی جوڵانەوەکە دەیڵێت تەنها قسەیە و دادەنیشێت تا بزانێت یەکێتی و پارتی خۆیان چۆن ڕێک دەکەون با ڕێک بکەون.

یەکێتی چۆن دەیەوێت مەرجەکانی  لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا بەسەر پارتیدا بسەپێنیت؟

ئەگەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم لەدوای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و پێش پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق تەواوبکرێت ئەوە یەکێتی بەشێکی زۆر لە مەرجەکانی بەسەر پارتیدا دەسەپێنێت. 

بەڵام ئەگەربابەتەکە پێچەوانە ببێتەوە و پارتی بتوانێت پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بۆ دوای پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق دوابخات ئەوکاتە بارودۆخ و ڕەوشی سیاسی لەهەرێم گۆڕانی زۆری بەسەرایێت و دەکەوێتە نێوان دوو ئەگەرەوە ئەوانیش بریتین لە: 

*ئەگەری یەکەم: بەرەی ئێران دەنگی پێویست بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو کۆدەکەنەوە.
*ئەگەری دووەم:پێویستان بە کورسییەکانی پارتی دەبێت.

لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەگەری دووەمدا یەکێتی ناچاردەبێت بە نیوەی داواکانی ئێستای ڕازی ببێت ئەو هەنگاوە کاری پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی 10 ئاسان دەکات، ئەوەش وادەکات پێکھێنانی حکومەتی نوێی هەرێم زۆر زیاتر دوا بکەوێت تا نزیکی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق ببێتەوە، ئەگەر ئەوە ڕووبدات  ئەوکاتە ئەگەرهەیە پێکھێنانی حکومەتی هەرێم بەو شێوەیە بێت کە سەرۆکی کۆماری عێراق و سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بۆ پارتی بێت و سەرۆکی ھەرێم و وەزارەتی ناوخۆش بۆ یەکێتی بێت، دابەشکاری دەستەو وەزارەتەکانی دیکەش بەرامبەر یەکتری دەمێننەوە بۆ نمونە خوێندنی باڵا بۆ یەکێتی و پەروەردە بۆ پارتی.

بەدەر لەو دوو ئەگەرەی کە لەسەرەوە باسکراوە وەڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت تورکیاو ئێران بەردەوام ڕۆڵ و کاریگەریان هەبووە لەسەر پێکهێنانی حکومەت و پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان و هەر لایەنەیان ویستوویانە ئەنجامەکە لەبەرژەوەندی لایەنی دڵخوازی خۆیان کۆتایی پێبهێنن تا لەداهاتوودا هیچ بەربەستێک بۆ داواو خواستەکانیان لەناوچەکە دروست نەبێت.

کۆی ئەو خەمساردی و ناکۆکییانەی پارتی و یەکێتی لە کاتێکدایە ناوچەکە بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێپەڕدەبێت و ئەگەری دارشتنەوەی نەخشەیەکی نوێ لە لایەن زلهێزەکانی دنیاوە بۆ ناوچەکە لە ئارادایە و بەرپرسانی باڵای هەرێمیش بە نیازن کورد بەم پەرتەوازەییەوە ببەنە نێو ئەو قۆناغ و نەخشە نوێیەوە کە ناوچەکە چاوەرێی دەکات.

ڕۆژی 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و 30ی تشرینى یەکەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى هەڵبژاردنەکەی ڕاگەیاند.
 
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی، گۆڕان 1 کورسی و هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان 1 کورسی و کۆتاکان 5 کورسیان بەدەستهێنا.

  • کۆمپانیای کۆڕەک بارگرانیە بۆ سەر داهاتی هەرێم و هاوڵاتیان پێویستە فشاربکرێت ئەو کۆمپانیایە هەڵبوەشێتەوە

  • کێشە سەرەکییەکان چین؟

  • داهاتووی خوێندنی ئەمساڵ چی لێ دێت ؟

  • پرۆسه‌ی ئاشتی ئه‌مجاره‌ له‌ توركیا چۆن ده‌ستی پێكرد؟ جیاوازییه‌كانی له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ شكستپێهنراوه‌كانی پێشوو چین ؟

  • باسی مووچەیەكی ساڵی ڕابردووی نەكرد

  • "بەرپرسان جیاوازیی لەنێوان كەناڵەكان دەكەن"

  • ڕێككەوتنی پێشوەخت بۆ پەسەندكردنی

  • نهێنی كۆبوونەوە بەپەلەكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغداد بۆ پرسی مووچە و بودجە ئاشكرابوو

  • زانیاریی له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كان؛ به‌غداد نه‌رمى نواندووه‌ و هه‌رێم ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه‌

سەرەکی