کۆبوونەوەی شاندی هەرێم و بەغداد
20 کاتژمێر پێش ئێستا
354 جار خوێنراوەتەوە
زانیاریی لهبارهى كۆبوونهوهكان؛ بهغداد نهرمى نواندووه و ههرێم ڕهتیكردووهتهوه
ناوەندی هەواڵ
کۆبوونەوەکانى هەردوو وەفدى هەرێم و بەغداد بۆ رێککەوتن لەسەر موچە و شایستە داراییەکانى هەرێم بەردەوامن، ئەندامێکى لیژنەى ئابورى پەرلەمانى عێراق دەڵێت "بەغداد لەبارەى موچەى فەرمانبەران نەرمى نواندووە و و هەرێم رەتیکردووەتەوە".
کۆبوونەوەکان لە رۆژى هەینییەوە لە بەغداد لەنێوان هەردوو وەفدى عێراق و هەرێم دەستیانپێکردووە، بە ئامانجى گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر موچە و شایستە داراییەکانى هەرێم بۆ ساڵى 2025 و دووبارەنەبوونەوەى کێشەکانى ساڵى رابردوو.
سۆران عومەر ئەندامى لیژنەى ئابورى پەرلەمانى عێراق به "ئیراده میدیا" ى ڕاگهیاند: "لەکۆبوونەوەکاندا، عێراق نەرمى نیشانداوە و داوایکردووە هەژمارى فەرمانبەران لە پڕۆژەى هەژمارى من لە بانکە ئەهلییەکان رادەستى بەغداد بکرێت بۆ ئەوەى راستەوخۆ موچە بخرێتە سەر هەژمارەکان، بەڵام هەرێم ئەوەى رەتکردووەتەوە".
وتیشى "لە کۆبوونەوەکانى هەردوو وەفدى هەرێم و بەغداد پێکداهەڵپژان روویداوە لەبارەى کردنەوەى لقى بانکەکانى راشید و رافیدەین لە هەرێمى کوردستان بۆ بەبانکیكردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان".
بەوتەى سۆران عومەر، هەروەها لەسەر موچەى خانەنشینیش گرفت دروستبووە.
جگە لەبردنی لیستی مووچەی مانگی یەك و دووی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ لیستی خانەنشینان، شاندی هەرێم داوای پارەی مووچەی مانگی 12 ی ساڵی ڕابردوویان كردووە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانى "ئیراده میدیا" تەیف سامی ئەوەی ڕەتكردووەتەوە، بۆیە شاندی هەرێم جارێكی دیكە بۆ دابەشكردنی مووچەی ئەو مانگە داوای قەرزیان كردووە.
هەربەپێی زانیارییەكان شاندی هەرێم ئامادەییان دەربڕیوە جگە لەجێبەجێكردنی داواكارییەكانی بەغداد لە لیستی مووچە، لە 50% ی داهاتی نانەوتی ڕادەستی بەغداد بكەن.
وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان رۆژى هەینى ڕوونکردنەوەیەکى لەبارەى کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەفدى عێراق بڵاوکردەوە و جەختیکردەوە، كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە بەڵام هێشتا تێبینی ماوە و كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن.
ئاماژەى بەوەشکردبوو، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە بەرەو پێشچوونەكانی پڕۆژەی هەژماری من كراو بەداتا و زانیاریی ژمارەی تۆماركراوان لە پڕۆژەكە خرایەڕوو ، هاوكات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشكردنی مووچە خستەڕوو كە پێی پلانەكە بۆ ئەم مانگە نزیكەی 274بە هەزار فەرمانبەر لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان بەشێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن".
دوای كۆبوونەوەكە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: "باسی كێشەی خشتەكانی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانمان كرد، زۆر لە جەوێكی ئیجابیدا هەردوولا وەكو یەك تێگەیشتنی هەبووە، ئومێدەوارین سبەینێ تەواو ببێت و بۆ یەكشەممە تەمویل بكرێت".
سەردانى شاندەکە بۆ بەغداد دواى چەند هەفتەیەک هات لە کارى بەردەوامى دوو شاندى هەرێم و بەغداد کە لەشارى هەولێر سەرقاڵى ئامادەکردنى لیستى نوێی موچە و یەکخستنى بوون، بەپێی تێبینییەکانى وەزارەتى دارایی عێراق.
کۆبوونەوە لەکاتێکدایە، ناکۆکییەکانى هەرێم و بەغداد لەچەند هەفتەى رابردوودا لەبارەى موچە و شایستەى دارایی هەرێم لە ساڵى 2024 قوڵبوونەوەیان بەخۆوە بینى، کە چارەنوسى موچەى مانگى 12 ى فەرمانبەرانى بەنادیارى هێشتووەتەوە و بەغداد هیچ بڕە پارەیەکیشى بۆ موچەى مانگى یەک نەناردووە.
فادى شەمەرى راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق پێشتر رایگەیاندبوو، کۆبوونەوەى نێوان هەردوو شاندى هەرێم و بەغداد بۆ گەیشتنە بە چارەسەرى کۆتایی کێشەکان بەپێی دەستور و بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدراڵى.
جەختیشیکردەوە، بەغداد سورە لەسەر پابەندبوونى تەواوەتى بەدەستور و یاسا کارپێکراوەکان و بودجە، بەردەوامیش دەبێت لەچارەسەرکردنى کێشەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان.
|