2025-07-02
7166 جار خوێنراوەتەوە
سودانى فشار دەكات بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەكانى داهاتو
پوختە
لەگەڵ زیادبونى پاشەکشەى لیستەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە حکومەتی عێراق خۆی لە تەمێکی پڕ لە پرسیار و گێژاودا دەبینێتەوە، ئەمجارەیان مشتومڕ لەسەر سروشتی یاساکان، یەکپارچەیی، یان ژینگەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکو باس لە گێڕانەوەیەک دەکات کە لە پشت پەردەوە بونى هەیە و خۆى لە فشاری سیاسی لەلایەن حکومەتەوە دەبینێتەوە كە دەکرێتە سەر هەندێک هێز و لیست و هاوپەیمانى بۆ ئەوەی ناچار بە كشانەوەیان بكات، ئەمەش بە هەوڵێکی گوماناویى بۆ دواخستن و درێژکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ كاتێكى نادیار شرۆڤە دەكرێت.
هاوكات، سەرەڕاى فشارەكان، پێشتر رەوتى سەدر بەشدارینەكردنى لە هەڵبژاردنەكانى داهاتو راگەیاندبو، بەڵام ئەوەى جێى سەرنجە ئەوەیە كە لە چەند رۆژى رابردودا لیستى "هاوپەیمانى نەسر"ى حەیدەر عەبادی لە بەیاننامەیەك دا كشانەوەى خۆى لەو پرۆسەیەدا ئاشكراكرد.
فشارەكانى سودانى ئاشكران یان نهێنى؟
هەرچەندە فشارەكانى محەمەد شەییاع سودانى سەرۆكوەزیرانى عێراق بە فەرمی لەلایەن هیچ قەوارەیەکی سیاسی گەورەوە پشتڕاستنەكراونەتەوە، بەڵام دوبارەبونەوەی كشانەوەى لیست و هاوپەیمانێتییەكان لە میدیا و بازنەی سیاسیدا کاردانەوەی خێرای بەدوای خۆیدا هێنا، دیارترینیان لەناو خودی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بو.
چوارچێوەى هەماهەنگیى هەوڵەكان رەتدەكاتەوە بەروارەکە جێگیر دەكات
یەکەم وەڵام لەلایەن "عەلی ئەلفەتلاوی" ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە هات و ئەوەى یەکلاکردەوە كە ئەو مشتومڕانە هیچ ڕاستییەکیان تێدا نییەو ئەو دەنگۆیانەی کە بڵاوبونەتەوە سەبارەت بەوەی سودانی فشارى لەسەر هێزە سیاسییەکان دروستكردبێت بۆ کشانەوە، دورن لە راستییەوە.
ئەلفەتلاوی بە ماڵپەڕى "بەغداد ئەلیەوم"ى راگەیاندوە، ئەو قسانەی کە باس لە فشاری سودانی دەکات بۆ لایەنە سیاسییەکان بۆ ڕاگەیاندنی کشانەوەی خۆیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بەمەبەستی دواخستنی و مانەوەی بۆ ماوەیەکی زیاتر لە پۆستەکەیدا، نادروستە و قبوڵکراو نییە، هەمو لایەک هاوڕان لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەبێ هیچ دواخستنێک لە هیچ بارودۆخێکدا.
ئەلفەتلاوی بەم لێدوانە ڕاستەوخۆ هەر هەوڵێکی فەرمی بۆ تێکدانی خشتەی کاتی هەڵبژاردن ڕەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە کۆدەنگی سیاسی لەسەر پێویستی پابەندبون بە وادەی دەستوریی ماوەتەوە.
کشانەوە بڕیارێکی ناوخۆییە و هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتەوە نییە
سەبارەت بە کشانەوەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، کە لە چەند هەفتەی ڕابردودا یەک لە دوای یەک دەستیان بەو هەنگاوە کردوە، ئەلفەتلاوی ڕونیکردەوە، ئەو هەڵمەتى کشانەوەیە لە سروشتدا گشتی نین و وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ پەکخستنی هەڵبژاردن بەکارناهێنرێن، بەڵکو لە بڕیارە ناوخۆییەکانی ناو خودی ئەو لیستانەوە سەرچاوەیان گرتوە.
ئەو ئەندامەى چوارچێوەى هەماهەنگیى ئاماژەى بەوەشدا؛ کشانەوەی هەندێک لایەنى سیاسی له هەڵبژاردنەکان هۆکاری ناوخۆیی په یویست به خودی لیستەكەوە هەیە چ ته کنیکی بێت یان به شێوەیەكى تر، لەبەرئەوە بەهۆی کشانەوەی هەندێک لایەنى سیاسیی ناكرێت پرۆسەی هەڵبژراردن دوابخرێت. هاوكات، هەر بە وتەى ئەلفەتلاوى جەماوەرێكى زۆرى لایەنەكانى تر بە چڕیى بەشدارى هەڵبژاردنى داهاتو دەكەن.
لەلایەكى ترەوە، بەپێی ئەم لۆژیکەى ئەلفەتلاوی بێت، چوارچێوەى هەماهەنگیى لە داهاتودا ڕێگریی لەو کەسانە دەکات کە هەوڵدەدەن کشانەوەکان بە دواخستنەکەوە ببەستنەوە، بەو پێیەی زۆرینەی سیاسی هێشتا بە بژاردەی هەڵبژاردنەوە دەلکێن، ئەمەش وەک ڕێگەیەکی ئیجباری بۆ سەقامگیریی داهاتو.
لە نێوان تۆمەت و ئینکاريی.. ڕاستی لە کوێدایە؟
سەرەڕای ئەم ئینکارییە ڕونانە، بڵاوبونەوەی ئەم تۆمەتانە لە بۆشایییەکەوە نایەت، هەندێک لە چاودێران دوبارە کشانەوەی ژمارەیەک لیستى بچوک دەبەستنەوە بە دواکەوتنی هەندێک ڕێکاری تەکنیکی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، کە دەرگای بەڕوی لێکدانەوەکاندا کردۆتەوە و گومانیان لەسەر وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردن دروستکردوە، تەنانەت بەشێوەیەکی بەشەکیى- ش.
بەڵام لە ئێستادا هیچ ئاماژەیەکی یاسایی و بڕیارێکی فەرمی نییە کە ئەم سیناریۆیە پشتڕاست بکاتەوە، نە لەلایەن کۆمیسیۆن و نە لە حکومەت و نە لە دەستەی سەرۆکایەتى.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی ناو کۆمیسیۆنی باڵاش کە پێشتر لێدوانی ڕۆژنامەوانییان داوە، ئامادەکارییە تەکنیکی و کارگێڕییەکان بەبێ گۆڕانکاریی بەردەوامن، خشتەی کاتیش وەک خۆی ماوەتەوە، بەڵام كشانەوەى یەك لە دواى یەكى لیستەكان شتێكى ترمان پێدەڵێت.
-
چاوە شارداوەکان گوزەر دەكەنە نێو عێراق
|
-
کێ لە پشت هێرشى درۆنەكانەوەیە؟
|
-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم 'هەر پابەندییەک لە سەر هەرێم بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە'
|
-
سودانى فشار دەكات بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەكانى داهاتو
|
-
بەغدا لە چاوەڕێی زریانێكى توڕەتردایە لە دژى ئێران
|
-
ئایا ئەمریكا حەشدى شەعبى هەڵدەوەشێنێتەوە؟
|
-
هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە بەڕێوەیە، چاوەڕێی بانگەوازی نوێ لە ئیمراڵی و هەنگاوی نوێ لە پەکەکە دەکرێت
|
-
خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی نیگەرانن گرێبەستی پرۆژەی ڕوناكی ڕەتدەكەنەوە
|
-
ئێران.. فەتواکان هۆشداريی لەبەئامانجگرتنی خامنەیى دەدەن
|
|
|