10 کاتژمێر پێش ئێستا
13087 جار خوێنراوەتەوە
چاوە شارداوەکان گوزەر دەكەنە نێو عێراق
پوختە
عائید ئەلهیلالی سیاسەتمەداری سەربەخۆ لەلێدوانێكى دا بۆ میدیا عێراقییەكان هۆشداری دا لە پەرەسەندنی ئەو نیگەرانییانەى لە ناوخۆى عێراق دا هەن سەبارەت بە بونی ئەو شانە سیخوڕییانەى پەیوەندییان بە مۆسادی ئیسرائیلەوە هەیە. ئەمەش لەژێر ڕۆشنایی ئاشکراکردنی پێشێلکارییە ئەمنییەکانى ناوخۆی ئێران لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی تاران و تەلئەبیب لەم دواییانەدا.
زاراوەى چاوە شارداوەکان چییەو بە كێ دەوترێن؟
تێرم و زاراوەى چاوە شاردراوەكان لە نێوەندە سیاسییەكاندا بەو ئەندامانەى دەزگاى هەواڵگریى ئیسرائیل "مۆساد" دەوترێن كە لە هاوڵاتییانى ناوخۆى وڵاتى بەرانبەر پێكدێن و لە هەمان وڵاتدا بە مەبەستى كارى سیخوڕیى دەچێنرێن و ئاشكرابون و لەسێدارەدانیشیان بە لاى ئیسرائیلەوە هیچ گرنگییەكى نییەو تا ئەو رادەیە وابەستەیە پێیانەوە كە زانیارى هەواڵگريى بۆ تەلئەبیب وەدەستبخەن.
چاوە شاردراوەكان تێكچونى متمانەى كۆمەڵایەتى بەرهەمدەهێنن
ئەلهیلالی پیێوایە، ئێران پاش شەڕی ئەم دواییە؛ چۆتە قۆناغێکی بێوێنەی گرژیی ئەمنییەوە، ڕاپۆرتەکان دزەکردنی سیخوڕەکانیان لە قوڵایی دامودەزگاکانی دەوڵەتدا ئاشکراکردوە، ئەمەش وایکردوە حكومەتى تاران سانسۆرێکی توند بسەپێنێت، لەنێویاندا لەسەر پەیوەندییەکان و میدیاکان و تەنانەت سەفەری نێوان پارێزگاکانیش، ئەو سیاسەتمەدارە سەربەخۆیە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم کەشوهەوایە "دۆخێکی گومانی کۆمەڵایەتی و تێکچونی متمانەی کۆمەڵایەتیی" بەرهەمهێناوە.
ڕونیشیکردەوە، ئەزمونی ئێران وەکو بانگەوازێکی بەئاگابونەوە بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەت عێراق، کە بە یەکێک لە ناسکترین ژینگە ئەمنییەکان دادەنرێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لەگەڵ دوبارەبونەوەی بەردەوامی ئەو ڕاپۆرتانەی ئاماژە بە چالاکییە هەواڵگرییە نەبینراوەکانی ئیسرائیل دەکەن.
هەر لەو سەروبەندەدا چەندینجار میلیشیا چەكدارەكانى شیعە هەرێمى كوردستانیان تۆمەتبار كرد بەوەى بنكەى ئیسرائیل لە هەرێم هەیە، بەڵام تۆمەتەكەیان هیچ راستییەكى تێدانەبو، چونكە لەساتەوەختى لێدانى ئێران، حكومەتى هەرێم بە ئاشكرا ئیدانەى ئەو هێرشانەى كرد و راگەیاندراوى فەرمى لەوبارەیەوە بڵاوكردەوە.
نیگەرانییەكان لە ناوخۆى عێراق زیاد دەكەن
ئەلهیلالی هەر لەو لێدوانەى دا بۆ كەناڵەكانى راگەیاندن ئەوەى خستەڕو كە نیگەرانییەکان لە ناوخۆى عێراق سەبارەت بە بونی شانە سیخوڕییە خەوتوەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبن، کە دەکرێت لە هەر ساتێکدا چالاک بکرێن، بە تایبەت لە ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ناوچەکەدا. ئەمەش وا دەکات عێراق بەرەو ڕوی پێشێلکارییەکانی ئاسایشی ناوخۆ بێتەوە، جا چ لە ڕێگەی دزەپێکردنی زانیاری هەستیارەوە بێت یان جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان کە ژێرخانی ئاسایشی نیشتمانی بکەنە ئامانج. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای هۆشدارییەکان، ئەو ڕێوشوێنانەی تا ئێستا گیراونەتەبەر، بەرزنابنەوە بۆ ئاستی مەترسییەکان، بەوپێیەی عێراق هێشتا پشت بە شێوازە هەواڵگرییە تەقلیدییەکان دەبەستێت و بەدەست توانا ئەلیکترۆنی و تەکنیکییە لاوازەکانەوە دەناڵێنێت، ئەمە جگە لە بونی بۆشایی سنورییەکان و نەبونی یاسای ڕێگریی و کاریگەر.
لەحاڵەتى دزەكردنى ئەو چاوانەدا گەورەترین تەحەددا چى دەبێت؟
عائید ئەلهیلالی لە وەلامى پرسیارێكى لەم چەشنەدا ئەوە روندەكاتەوە كە گەورەترین تەحەددا بریتییە لە دروستکردنی سیستەمێکی ئەمنیی زیرەک و یەکگرتو کە توانای ڕوبەڕوبونەوەی پێشێلکارییەکانی هەبێت؛ بەبێ ئەوەی بخزێتە ناو چاودێرییەکی هەمەلایەنەوە کە دەتوانێت پەیوەندی نێوان هاوڵاتییان و دەوڵەت لاواز بکات.
ئەم لێدوانانە لە چوارچێوەی پەرەسەندنی نیگەرانی ناوچەیی سەبارەت بە چالاکییە هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دێت، بەتایبەتی دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ئێران کە بە پێی ڕاپۆرتی میدیایی و لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئێران، پێشێلکاری بەربڵاوی ئامێری ئەمنیی ئیسرائیلی بەخۆیەوە بینیوە، هاوكات لەلایەن حكومەتى تارانەوە ئەوەش ڕاگەیەندرا کە ئەو شانە سیخوڕیانەی لە ناوخۆی ئێراندا بۆ مۆساد کاردەکەن، هەڵوەشێنراونەتەوە و بەشێکیان دزەیان کردۆتە ناو پێگە هەستیارەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە.
ئەم دۆخە چ هۆشدارییەك دروستدەكات؟
ئەم دۆخە هۆشداریى ئەوەى لە عێراق دروستکردوە، كە وڵاتێک کە بەدەست ناسکیی درێژخایەنی ئەمنی و ململانێی نێوان دەزگا هەواڵگرییەکان و چەندین ناوەندی بڕیارەوە دەناڵێنێت، ئەمە جگە لە بۆشاییە سنورییەکان و کاریگەریی بەربڵاوی دەرەکی، لەلایەكى ترەوە گومان لەسەر ئەگەری چالاکی هەواڵگریی ئیسرائیل لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا پەرەیسەندوە، بەتایبەتی لە ناوچە سنورییەکان یان ئەو ناوچانەی کە بنکەی سەربازيی و جموجۆڵی نێودەوڵەتییان تێدایە، بەتایبەت تۆمەتباركردنى ناڕەواى هەرێمی کوردستان، کە نەیارانی بە ناڕاستەوخۆ بە ئاسانکاریی كردن بۆ بونی پێگەى ئیسرائیل تۆمەتبارى دەکەن.
-
چاوە شارداوەکان گوزەر دەكەنە نێو عێراق
|
-
کێ لە پشت هێرشى درۆنەكانەوەیە؟
|
-
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم 'هەر پابەندییەک لە سەر هەرێم بووە، بەزیادەوە جێبەجێی کردووە'
|
-
سودانى فشار دەكات بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەكانى داهاتو
|
-
بەغدا لە چاوەڕێی زریانێكى توڕەتردایە لە دژى ئێران
|
-
ئایا ئەمریكا حەشدى شەعبى هەڵدەوەشێنێتەوە؟
|
-
هەفتەیەکی یەکلاکەرەوە بەڕێوەیە، چاوەڕێی بانگەوازی نوێ لە ئیمراڵی و هەنگاوی نوێ لە پەکەکە دەکرێت
|
-
خاوەن مۆلیدەكانی سلێمانی نیگەرانن گرێبەستی پرۆژەی ڕوناكی ڕەتدەكەنەوە
|
-
ئێران.. فەتواکان هۆشداريی لەبەئامانجگرتنی خامنەیى دەدەن
|
|
|