2025-08-30 6176 جار خوێنراوەتەوە

یه‌كه‌م دیبه‌یتى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌دواى 31ى ئاب.. ڕوداوێك ئه‌مریكاى به‌ته‌واوى شه‌كه‌ت كرد

لە6ی مانگی دەی 1996، یەکەم دیبەت بۆ هەرڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو لەنێوان بیڵ کلینتۆن‌و سیناتۆری کۆماری باب دۆڵ.

لەدیبەیتەکەدا کاندیدی کۆمارییەکان ڕەخنەی لەسیاسەتی کلینتۆن گرت لەوەی نەیتوانیی ناکۆکی هێزە کوردییەکان (پارتى‌و یه‌كێتیى) کۆتایی پێبهێنێت تا لەئەنجامدا هێزی عێراقی چوە ناو هەولێر ئه‌وشاره‌ى وه‌ك پایته‌خى كوردستانى عێراق ناسراوه‌.

سیناتۆر باب دۆڵ دەڵێت، "بەڕێوەبەری CIA هەڵبژێردراوی سەرۆک، بۆ خۆی دەڵێت کە سەدام ئێستا بەهێزترە لەوەی کە پێشتر بوو، من لەوە تێناگەم بۆچی ناوچەی دژە فڕین لەباشور درێژکرایەوە لەکاتێکدا کێشەکە لەباکور بوو".

زیاتر وتى:"ئەوەی ئێمە کردومانە لەسەردەمی بەڕێوەبەرایەتی جۆرج ده‌بلیو بوشدا کوردەکان لەوەزارەتی دەرەوە بون‌و دانوستانیان دەکرد بۆ ئەوەی ناکۆکییەکانیان چارەسەربکەن، بەڵام ئێستا ئەوەی بۆمان ماوەتەوە بریتییە لەهەزاران‌و هەزاران پەنابەر، پێموایە 3000 کورد دەنێرین بۆ گوام".

مەبەستی سیناتۆر باب دۆڵ بریتیبوو لەو هەزاران کەسەی کە حکومەتی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەیانیدا بۆ ئەمریکا بەهۆی ڕوداوەکانی 31ی ئابى ساڵى 1996وه‌.

بە گوێرەی ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا بێت، ئەو کوردانە هاوکاریی حکومەتی ئەمریکایان کردوەو بەڕێوەبەرایەتی کلینتۆن ترسی لەوەهەبوو کە ڕژێمی سەدام هەوڵی تۆڵەکردنەوە بدات لێیان.

لەدیبەیتەکەدا کلینتۆن وەڵامی کاندیدی کۆمارییەکانى دایه‌و ڕایگه‌یاند، "بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر هەرگیز ئەوەندەی ئەمریکا خەمی کوردیان نەبوە، ساڵانێکی زۆرە ئۆپەراسیۆنێک لەتورکیا جێبەجێدەکەین بۆ پاراستنیان، ئەوەی ڕویدا ئەوەبوو، یەکێک لەسەرکردە کوردەکان بانگهێشتیکرد بۆ ئەوەی بەرەو باکور بچێتە سەرەوە، هەستمان بەوەکرد لەبەرئەوەی هەموو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێیان وتبوو کە ئەوکارە نەکات، بەڵام کاتێک ئەوکارەیکرد، دەبوایە شتێک بکەین، بەدڵنیاییەوە هەستم نەکرد کە پێویستبکات سەربازە ئەمریکییەکان پابەند بکەم بەوەی ئەوەی لەو شوێنە بیکەنە دەرەوە، کەواتە شتێکی گونجاو لەڕوی ستراتیژییەوە کە دەبوایە بیکەین ئەوەبوو توانای هەڕەشەکردنی لەدراوسێکانی کەمبکەینەوە، ئێمە ئەوەمانکرد لەڕێگەی فراوانکردنی ئەو ناوچەیەی کە پێی دەوترێت ناوچەی دژە فڕین، لەڕێگەی زیادکردنی کۆنترۆڵی هاوپەیمانەکانمان بۆ سەر ئاسمانی عێراق لەسنوری کوه‌یتەوە تا دەگاتە بەردەم بەغدا".

كلینتۆن ده‌پرسێت، جا ئایا ئەمە کارێکی دروست بوو؟، هه‌ر خۆیشى وه‌ڵامده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت، "من باوەڕم وایە بەڵێ، ئایا بەتەواوی کاریگەربوو؟ ئایا وای لێکرد لەباکور بکشێتەوە؟ ئێستا کەمێک کشاوەتەوەو هیوادارم بەردەوام بێت، ئێمە لەوە فێربوین ئەگەر یەک ئینج بدەین بەسەدام، ئەوا ئەو میلێک دەبات، ناچاربوین شتێک بکەین، هەرچەندە سەرەتا هەموو هاوپەیمانەکانمان پشتگیریی ئەوەیان نەدەکرد، بەڵام پێموایە ئێستا زۆربەیان پێیانوایە ئەوەی ئێمە کردمان کارێکی گونجاو بوو".

لێدوانی کاربەدەستێکی باڵای وەزارەتی دەرەوە
لە 11ی مانگی 12ى ساڵى 1996 گۆردن براون کاربەدەستێکی باڵا لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو باڵیۆزی پێشوی ئەمەریکا بۆ مۆریتانیا، دوای ئاڵۆزی ناوخۆیی کورد بێئومێدی دەردەبڕێت لەپێکهاتەی کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و کوردانیش به‌تایبه‌تى.

ئەو بەرپرسەی پێشوترى ئه‌مریكا دەڵێت، "بەڕاستی دەبێت سەیری دیوی پشتەوەی دابەشکاریە سیاسییەکان بکەیت بۆ ئەوەی ئەو خێزان‌و هۆزانەی بناسیت کە باڵادەستن، پێموایە کە ئەنترۆپۆلۆژی‌و شیکاریی کۆمەڵناسی هەندێکجار زۆر لەبارترە لەشیکاری سیاسی بۆ تێگەیشتن لەکولتورە عەرەبی‌و نەریتییەکانی ئەم ناوچەیە، لەعێراق ئەوەم بۆ دەرکەوت، ئەگەر لەوێش ئەمەم بۆ دەرنەکەوتبێت بەدڵنیاییەوە لەوێ ئەو باوەڕەم بۆ چەسپا، سیاسەت لەعێراقدا خێزانییە، وەک چۆن دەبینین کوردەکان ئەمڕۆ ناتوانن لەنێوان یەکتردا لەسەر زۆر شت ڕێکبکەون لەکاتێکدا ئێستاو لەماوەی 40 ساڵی ڕابردودا دیارترین هەلی خۆ بەڕێوه‌بەریی‌و سەربەخۆیییان پێدراوە، کەچی لەدەستیدەدەن، چونکە ئەو دوو خێزانە کوردەی کە پێشەنگن ناتوانن بگەنە یەکتری".

بیل كلینتۆن له‌نامه‌كه‌یدا له‌باره‌ى 31ى ئابه‌وه‌ چى بۆ کۆنگرێس نوسیى؟
لە 3ی مانگی سێی 1997 بیڵ کلینتۆن لەنامەیەکیدا بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا باسى لەدوایین پەرەسەندنەکانی دوای ڕودای 31ی ئابى 1996 كرد، لەنامەکەیدا نوسیبوى، "سەرەڕای بەردەوامی ئەمریکا لەئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی، بەڵێنده‌ده‌م بەبونی بەهێزی ئەمریکا لەناوچەکەدا بەمەبەستی ڕێگریکردن لەچالاکیەکانی سەدام حسێن".

سەرۆکی ئەمریکا ئه‌وه‌ى نوسیبوو، "سەبارەت بەباکوری عێراقیش، ئێمە سێ خولی گفتوگۆمان ئەنجامداوە لەگەڵ هاوبەشە بەریتانی‌و تورکەکانمان‌و لەگەڵ لایەنە کوردییە سەرەکییەکانی باکوری عێراق- پارتی‌و یەکێتیی، ئامانجی خێرای ئێمە بریتییە لەبەهێزکردنی ئاگربەستی 23ی مانگی 10 بەنێوەندگیریی ئەمریکا کە تائێستا بەردەوامە، هەروەها هاندانی ئاشتەوایی سیاسیی نێوان پارتی‌و یەکێتییە، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بەردەوامە لەهۆشیاریدان بەهەمولایەنە پەیوەندیدارەکان کە شەڕی نێوانیان لەباکور تەنها دەتوانێت بەقازانجی سەدام حسێن‌و ئێران بێت، پێمانوایە ئه‌و دوو وڵاته‌ش نابێت هیچ ڕۆڵێکیان لەو ناوچەیەدا هەبێت، نایشارینه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى له‌گه‌ڵ سه‌دام‌و یه‌كێتیش له‌گه‌ڵ ئێران ئێمه‌ى زۆر نیگه‌ران كردوه‌".

دەشڵێت، "هەروەها هانی هەردولایەنە کوردییەکه دەدەین که هەنگاو بەرەو ئاشتەوایی بنێن، لەدوایین خولی دانوستانەکانی ئاستی باڵادا لەئەنكەرە کە لە 15ی مانگی یەک بەڕێوەچون، کوردەکانی عێراق ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئەوەی هاوکاری یەکتر بکەن لەبوارەکانی وەک پەروەردەو تەندروستیی‌و گواستنەوە، نوێنەرانی هەردوو حزبە کوردیەکەو هەرسێ وڵات‌و هێزی چاودێری ئاشتیی لەئەنكەرە بەردەوامن لەکۆبونەوەی دوو هەفتە جارێک بۆ پەرەدان بەڕێوشوێنەکانی زیادکرنی متمانەی نێوانیان".

نامه‌ى دوه‌مى کلینتۆن تایبه‌ت به‌ 31ى ئاب!!
لە 23ی مانگی 9ى 1997 دوای ساڵێک لەڕوداوەکانی 31ی ئابى 1996، بیل کلینتۆن لەنامەیەکیدا بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران‌و سیناتی ئەمریکا ئاماژەى به‌وه‌كردبوو، ئەمریکا سەرۆکایەتی هەوڵەکان دەکات بۆ دابینکردنی ئارامی لەباکوری عێراق (واته‌ هه‌رێمى كوردستان)‌و کەمکردنەوەی دەستێوەردانی عێراق‌و ئێران له‌كاروباره‌كانیاندا.

کلینتۆن له‌نامه‌ى دوه‌میدا ئاماژه‌ى به‌وه‌دابوو، "بەشێکی گرنگی ئەم هەوڵە کارکردن بوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان دوو حزبی سەرەکی کوردی عێراق، پارتی‌و یەکێتیی".

سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا دەڵێت، "کۆتایی مانگی حەوتی ساڵی 1997 جەلال تاڵەبانی لەسەر ئەمە سەردانی ئەمریکای کردو مەسعود بارزانیش بانگهێشتێکی حکومەتی ئەمریکای قبوڵکرد بۆ سەردانی واشنتۆن، لەناوەڕاستی مانگی چواری ساڵی 1997 هێزێکی چاودێری ئاشتی پێکهێنراوە بەپشتگیریی ئەمریکا بۆ ڕێگریی لەشکاندنی ئاگربەستی نێوان یەکێتیی‌و پارتی".

کلینتۆن لەنامەکەیدا به‌وردى ئه‌وه‌شى باسكردبوو، "هێزەکە بڕیارە لەکۆتایی ساڵی 1997 ژمارەیان بەرزبکرێتەوە بۆ زیاتر لە 400 کەس بۆ چاودێریی ئاگربەست، چالاکییەکانی ئەو هێزە چاودێرە قورس بوە، چونکە هێزەکانی پەکەکە چونەتە شوێنی جیاکەرەوەی نێوان پارتی‌و یەکێتیی‌و لەچەند حاڵەتێکدا پارتی، یەکێتیی بەوە تۆمەتبارکردوە کە لەڕێگەی پەکەکە ئاگربەستی نێوانیان لەچەند شوێنێک شکاندوە".

سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە، سەرۆکی ئەمریکا وتویه‌تى، "ئەمریکا لەگەڵ بەریتانیاو تورکیا بەردەوامن لەجەختکردنەوە لەسەر گرنگی پابەندبونێکی توندی ئاگربەستەکە".

  • شتێكى گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌یه‌.. تره‌مپ به‌كۆد په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

  • پێدەچێت هێرشه‌كه‌ى لاله‌زار كێشه‌ى گه‌وره‌ له‌نێوان پارتى‌و یه‌كێتى دروستبكات

  • پیاوه‌ ده‌مامكداره‌كه‌ى غه‌ززه‌.. تائه‌وكاته‌ى نه‌كوژرا كه‌س نه‌یده‌زانى ناوى چییه‌

  • 31ى ئاب.. خیانەتى دۆنا مارینا بە تامى كوردى

  • کشانەوەی ئەمریکا پرسیار لەسەر داهاتوی عێراق دەوروژێنێت

  • یه‌كه‌م دیبه‌یتى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌دواى 31ى ئاب.. ڕوداوێك ئه‌مریكاى به‌ته‌واوى شه‌كه‌ت كرد

  • 29 ساڵ دواى 31ى ئابى 1996 بۆ یه‌كه‌مجار زانیاریى گرنگ ئاشكرابوو

  • پێكهێنانى حكومەتى هەرێم دەبێتە خەونێكى وەدینەهاتو

  • هەرێم چاوى لە واشنتۆنە بۆ پاراستنى كێڵگە نەوتییەكانى

سەرەکی