2025-08-30 8868 جار خوێنراوەتەوە

29 ساڵ دواى 31ى ئابى 1996 بۆ یه‌كه‌مجار زانیاریى گرنگ ئاشكرابوو

هەرێمی کوردستان ده‌چێته‌ نێو یه‌كێك له‌تاڵترین ساڵیاده‌كان، ئه‌ویش 29 ساڵەی ڕوداوی 31ی ئابى 1996 کە تێیدا لەنێوان 30 بۆ 40 هەزار سەربازی عێراقی لەگەرمەی شەڕی براکوژی نێوان پارتی‌و یەکێتیی، ڕویان له‌پایته‌ختى هه‌رێم كردو داگیریانكرد.

یەکێتیی نیشتمانى كوردستان هه‌میشه‌ لەبەیاننامەكانیدا ڕوداوەکە بەخیانەت وەسفده‌كات، ساڵى ڕابردوو نوسیبوى، "28 ساڵی تەواو بەسەر خیانەتی 31ی ئاب، کارەساتی هەرە گەورەی ژیانی سیاسیی گەلەکەمان تێپەڕدەبێت کە پەلاماردانی سوپای فاشستی بەعس بوو بۆ سەر هەولێری پایتەختی کوردستان، لەسەر بانگهێشتی ڕەسمی پارتی دیموکراتی کوردستان‌و لەپێناو سەپاندنی باڵانسێکی ناڕەوا".

چاودێران پێیانوایه‌، لەناو پرۆسەی سیاسیی ئه‌م هه‌رێمه‌دا دەکرا لەجیاتی سەپاندنی خیانەت‌و سەپاندنی هەژمونی نانیشتمانیی‌و نا نەتەوەیی، بەبانگەوازی کوردانەو پەرۆشییەکی ئاشتیخوازانەوە ناکۆکیه‌ ناوخۆییه‌كان چارەسەربكرانایه‌و خوێن‌و خەمێکی زۆر بۆ گەلی کوردستان‌و ناوبانگی نێودەوڵەتی ئەزمونى هه‌رێم کە لەسەرەتای دروستبون‌و پێکهاتندا بوو، بگێڕدرابایەوە.

وه‌ك هه‌میشه‌ش له‌وه‌ڵامى ئه‌و تاوانباركردنه‌دا، پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، حەقیقەتی 31 ی ئاب، "دفع الافسد بالفاسد بوو".

بۆ ئەمریکا، ئەو ڕوداوە ئەوکات کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر سیاسەتی واشنتۆن لەعێراق‌و ناوچەکە.

ئه‌وكات وەزارەتی دەرەوەى ئه‌مریكا چى وت؟
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا له‌ناكاو خۆى كرد به‌هۆڵى كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌كانداو زانیاریی لەسەر جوڵەی هێزەکانی عێراق بەرەو هەولێر بەڕۆژنامەوانان وت.

کۆنگرەکە بەر لەچونی سوپای عێراق بوو بۆناو شارى هەولێر، لەکۆنگرەکەدا ئاماژە بەوەکرا، پێشتر سەرۆک بێڵ کلنتۆن بەیاننامەیەکی لەسەر پێشهاتەکە بڵاوکردوه‌تەوەو داوایکردوە خەڵکی ئەمریکا دوعای سەلامەتی بۆ ئەو هێزە ئەمریکیانە بکەن کە لەهەولێرن.

وه‌كو وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا ئه‌وكات وتویه‌تى، "دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک بێڵ کلنتۆن کۆبوەتەوە بۆ ڕاوێژکردن لەسەر بژاردەکانی ئەمریکا بۆ وەڵامدانەوەی جوڵەکانی سوپای عێراق بەرەو هەولێر".

ڕەتیدەکاتەوە کە ئەمریکا هیچ ئاماژەیەکی هەبێت بەوەی کە هێزەکانی عێراق بیانەوێت ناوچەی دژە فڕین ببەزێنن، بەڵام دەڵێت، "ڕەنگە هەستتان بەوە کردبێت کە لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا، هاوکات لەگەڵ چالاکیە سەربازییەکانی سوپای عێراق، شێوازی کارکردنی هێزەکانی ئەمریکاو ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەی لەگۆڕەپانەکەدا هەن گۆڕاوەو هەندێک گۆڕان‌و گونجاندنیش کە پەیوەندیدارن بەفڕۆکەو کەشتیەکانەوە لەئێستادا بەردەوامن".

بەرپرسە باڵاکەى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ئێمە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار هاوکاریمان پێشکەش بەکوردەکان کردوە، لەگەڵ هەموو لایەنە جیاوازەکانی کورد کارمانکردوە بۆ ئەوەی هانیان بدەین بەوەی، یەکەم: دوژمنکارییەکانیان بەرامبەر یەکتر سنوردار بکەن؛ دوەم، هاوکاریی بکەن لەبەرەنگاربونەوەی دەستدرێژییەکانی سەدام حسێن‌و لەپێشخستنی ئامانجەکانی خۆیان لەڕێگەی گرنگیدان بەکۆمەڵێک بابەتی وەکو بوژانەوەی ئابوریی‌و هاوکاری مرۆیی بۆ ئەوکەسانەی کە پێویستیان پێیەتی، سەختی ئەم دۆخەی ئێستا لەوەدا زەقبوەتەوە کە وا دیارە هەندێک هاوکاری هەیە لەنێوان چەند لایەنێکی سەربازی کوردو هێزە عێراقییەکاندا، کەواتە ئەمە تەنها بریتی نییە لەدۆخێک کە تەنها لەشکرکێشی هێزە عێراقییەکان هەبێت، پێدەچێت بەشێوەیەکی بنەڕەتی هەندێک هاوکاری هەبێت لەگەڵ بەشێک لەهێزە کوردییەکان، ئێمە پێمانوایە ئەگەرێکی زۆری هەیە پەیوەندییان هەبێت بەپارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌".

ئیداره‌كه‌ى کلینتۆن 31ى ئابى 1996 چى وت؟
هەر ڕۆژی 31ی ئابى 1996، بەرپرسێکی باڵای ئیداره‌كه‌ى بیڵ كلینتۆن لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتى:"هێزەکەی عێراق کە بەڕێکەوتوە بەرەو هەولێر پێکهاتوە لە 30 بۆ 40 هەزار سەربازی پڕچەککراو بەتانک‌و زرێپۆش‌و تۆپخانە، سەرەڕای ئەگەری هەبونی موشەکی ئاسمانیش".

بەرپرسەکە جه‌ختیكرده‌وه‌، "سەربازەکان تەقەمەنییان بۆ دابینکراوە کە ئەمە زۆر دەگمەنە، چونکە سەدام حسێن بەتەواوی متمانەی بەهێزی سەربازی خۆی نییە، هیچ ئاماژەیەکمان نەبینیوە کە پێشێلی [ناوچەی دژە فڕین دەکەن، بەڵام ئەمە دۆخێکی نائاساییە، ئێمە لەساڵی 1991وە ئەمجۆرە چالاکییە سەربازییەمان نەبینیوە، ئێمە چەندینجار هۆشداریمان بەعێراقداوە، لەنێوانیاندا سەرەتای ئەم هەفتەیە لەڕێگەی نوێنەرایەتیمان لەنەتەوەیەکگرتوەکان ئاگادارمان کردنەوە کە هەڵەیەکی زۆر جددی دەکەن ئەگەر دەستبکەنەوە بەهەر سەرکوتکردنێک بۆ سەر کەمینەی کورد لەباکور، بەڵام سەرەڕای ئەو هۆشدارییەی ئێمە، هێز کۆکردنەوە تائێستا بەردەوامبوە، سەرۆکیش، وەک پێشتر ئاماژەم کرد، فەرمانیکردوە بەئامادەکارییەکان بۆ هەر ڕوداوێکی نائاسایی‌و ئێمە ڕونمانکردوەتەوە کە هەر ئۆپەراسیۆنێک دژی کورد بەبابەتێکی زۆر قورس‌و جدی دەزانین".

سەبارەت بەئامانجی سەدام لەم جوڵە سەربازییە، بەرپرسەکەی بەڕێوەبەرایەتی کلینتۆن وتویه‌تى، "دڵنیا نین، چونکە پێموایە سەدام بەمکارە ناتوانێت هێزی خۆی لەباکوری عێراق بچەسپێنێت".

بەرپرسەکە ئه‌وه‌شى وت:"ئەوەی ئاگاداربین، هەندێک دەستوەردان هەبوە کە لەلایەن ئێرانەوە، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەرفراوان نییەو بەدڵنیاییەوە پاساوێک نییە بۆ هەر جوڵەیەکی بەم قەبارەیە، بەڵام تورکیا بەرژەوەندیی لەباکور هەیە، ئێرانیش هەروەها، عێراقیش هەروەها، ئێران‌و عێراق لەبنەڕەتدا بەدرێژایی چەندین ساڵ کوردیان وەکو پولی شەترەنج لەناکۆکی خۆیاندا بەکارهێناوە".

كلینتۆن خۆى چى وت؟
بیڵ کلینتۆن لەدەرکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا بەفەرمی کاردانەوەى نیشاندا، ئه‌وه‌ش سێ ڕۆژ دوای ئەوەی هێزە عێراقییەکان ڕویان له‌هەولێر كردو داگیریانكرد.

سەرۆکی ئه‌وكاتى ئەمریکا وتى، "سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق ڕایگەیاندوە چەند سەربازێکی دیاریکراوی کشاندوەتەوە، بەڵام هەولێر هەر لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی عێراقدایە".

کلینتۆن باسى له‌وه‌شكرد، "ئەم کردەوانە پێویستیان بەوەڵامێکی توند هەیەو وەڵامیشیان وەرگرتوە، بەیانی ئەمڕۆ فەرمانم کردوه‌ بەهێزەکانی ئەمریکا کە هێرشبکەنەسەر عێراق، موشەکەکانمان ئەم پەیامەیان نارد بۆ سەدام حسێن: کاتێک گەلی خۆت دەچەوسێنیتەوە یان هەڕەشە لەدراوسێکانت دەکەیت دەبێت باجەکەی بدەیت".

ئه‌وكات كلینتۆنى سه‌رۆكى ئه‌مریكا ئه‌وه‌شى باسكرد، "وا دیارە گروپێکی کوردی کە لەڕابردودا دژایەتی سەدامیان دەکرد، ئێستا بڕیاری هاوکارییان لەگەڵیداوە، بەڵام ئەوە ناتوانێت ببێتە پاساو بۆ ئەوەی سوپای عێراق بەربدرێتە دانیشتوانی سڤیلی شاری هەولێر، چەندینجار لەماوەی هەفتەو مانگەکانی ڕابردودا کارمانکردوە بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەستێکی بەردەوام لەنێوان لایەنە ناکۆکەکانی کورد، هێرشەکەی عێراقیش ئاگری ئەو ناکۆکییانە خۆشتر دەکات‌و هەڕەشەی ناسەقامگیریی لەسەرتاسەری ناوچەکە دروستدەکات".

موشه‌كه‌كانى ئه‌مریكا ڕوه‌و عێراق هه‌ڵدران
دوای لێدوانه‌كه‌ى سەرۆکی ئەمریکا، ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە کە 27 موشەک ئاڕاستەی هێزە عێراقیەکان کراوە لەباشوری عێراق، ڕۆژێک دوای ئەوەش، کەشتیە سەربازییەکانی ئەمریکا لەکەنداو لەهێرشێکی تردا 17 موشەکیان ئاڕاستەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی باشوری عێراق کرد.

هەروەها ناوچەی دژەفڕین لەباشور بەپانتایی نزیکی 97 کیلۆمەتر درێژکرایەوە تا نزیک بەغدا.

کۆشکی سپیش بێ هه‌ڵوێست نه‌بوو
هەر دوای لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا، مایک مککێری وتەبێژی ئه‌وكاتى کۆشکی سپی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەرپرسانی ئەمریکا لەڕۆژی 18ی ئابى 1996وە سەرۆک کلینتۆنیان لەزانیارییە هەواڵگرییەکان ئاگادارکردەوە سەبارەت بەناکۆکی نێوان پارتی‌و یەکێتیی‌و ئەگەری تێوەگلانی هێزەکانی عێراق.

وتەبێژی کۆشکی سپی وتى، "ئەوکات ئەم ئەگەرە ڕون نەبوو تا ڕۆژانی 25و 26ی ئەو مانگە کاتێک گومانیان کەوتەسەر جوڵە سەربازییەکانی حکومەتی عێراق لەنزیک هەولێر، بەتایبەت دوای ئەوەی گاردی کۆماری عێراق بەشداربوو لەجوڵەکان".

نزیككردنه‌وه‌ى پارتى‌و یه‌كێتیى له‌یه‌ك زۆر مه‌حاڵه‌
مایک مککێری جه‌ختیكرده‌وه‌، "وەک زۆرێک لەئێوە دەزانن، بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو زۆر بەزەحمەت کارمانکردوە بۆ ئەوەی ئەم دوو لایەنە کوردییە، پارتی دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، پێکەوە کۆبکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەرەیەکی هاوبەش دژی سەدام حسێن پێکبهێنن، ئەوە پرۆسەیەکی سەخت‌و بەڕونیش تاڕادەیەکی تراژیدی مەحاڵ بوە بەهۆی ناکۆکی‌و بەریەککەوتنی خۆیان، بەڵام ئێمە سەرەڕای ئەوەش، لەماوەی ئەو هەفتەیەدا کە لە 26 ئابەوە دەستیپێکرد بەردەوامبوین، بەردەوامبوین لەهەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی هەردولایەن لەڕێگەی ئەو دانوستانانەی کە لەلەندەن بەڕێوەچون، ئێمە هەوڵماندەدا دەستبەجێ ئاگربەستێک ببهێنینە کایە بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان پارتی‌و یەکێتیی".

په‌یوه‌ندیى به‌بارزانى‌و تاڵه‌بانیه‌وه‌ ده‌كرێت
لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەى وته‌بێژى كۆشكى سپیدا هاتوه‌، "پێش ڕوداوەکانی 31ی ئاب، ڕۆبەرت پێلێترو یاریدەدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پەیوەندیی بەمەسعود بارزانی‌و جەلال تاڵەبانی کردوەو بانگهێشتیکردون بۆ ئەوەی لەلەندەن کۆبونەوە بکەن یاخود نوێنەری خۆیان بنێرن بەمەبەستی ئاگربەست، گفتوگۆکان دەستیانپێکردبوو ئەو ڕۆژەی یەکەم کاروانی سەربازی عێراقی چوە ناو هەولێر".

  • شتێكى گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌یه‌.. تره‌مپ به‌كۆد په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

  • پێدەچێت هێرشه‌كه‌ى لاله‌زار كێشه‌ى گه‌وره‌ له‌نێوان پارتى‌و یه‌كێتى دروستبكات

  • پیاوه‌ ده‌مامكداره‌كه‌ى غه‌ززه‌.. تائه‌وكاته‌ى نه‌كوژرا كه‌س نه‌یده‌زانى ناوى چییه‌

  • 31ى ئاب.. خیانەتى دۆنا مارینا بە تامى كوردى

  • کشانەوەی ئەمریکا پرسیار لەسەر داهاتوی عێراق دەوروژێنێت

  • یه‌كه‌م دیبه‌یتى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌دواى 31ى ئاب.. ڕوداوێك ئه‌مریكاى به‌ته‌واوى شه‌كه‌ت كرد

  • 29 ساڵ دواى 31ى ئابى 1996 بۆ یه‌كه‌مجار زانیاریى گرنگ ئاشكرابوو

  • پێكهێنانى حكومەتى هەرێم دەبێتە خەونێكى وەدینەهاتو

  • هەرێم چاوى لە واشنتۆنە بۆ پاراستنى كێڵگە نەوتییەكانى

سەرەکی