20   کاتژمێر پێش ئێستا 8029 جار خوێنراوەتەوە

31ى ئاب.. خیانەتى دۆنا مارینا بە تامى كوردى

 

 پوختە

رۆژى 31ى ئاب لە مێژوى گەلى كورد دا رۆژێكى رەش و خیانەتێكى بێزراوە، كە تێیدا هێزێكى گەورەى رژێمى بەعس بە چاوساغى هێزەكانى پارتى دیموكراتى كوردستان، لەشكركێشى بۆ هەولێرى پایتەخت كردو دەبابەكانى بەعس حەرەمى پەرلەمانیان شكاند و شكستیان بە هێزەكانى یەكێتى نیشتمانى كوردستان هێنا.

لەو شەڕو لەشكركێشییەدا دەیان خەڵكى بێتاوان كەسانى ئۆپۆزسیۆنى بەعس لەنێو پارتە سیاسییەكان دا لەلایەن بەعسەوە گوللـەباران كران و بەشێكى زۆریشیان رەوانەى زیندانەكانى ناوەڕاست و باشورى عێراق كران، هاوكات هەزاران كەس ماڵ و حاڵى خۆیان بەجێهێشت و بەشاخ و دۆڵ و دێهاتەکاندا ملی رێگەیان گرت و ئاوارەو دەربەدەر بون،  كارەساتەكە، دۆخێكى خراپى دەرونى و ئابورى و ئەمنیى بەسەر خەڵكدا سەپاند و شتێكى نەهێشتەوە بە ناوى نەتەوەیى بون و ئینتیما و كوردایەتى و دڵسۆزیى بۆ خاك و نیشتمان، كە لە ئێستادا پارتى وەك چەواشەكردنێك بانگەشەى بۆ دەكات.

ئیرادە لەم راپۆرتەدا وەڵامى چەند پرسیارێكى گرنگ دەداتەوەو هاوكات داتایەكى وردى شەڕەكەش دەخاتەڕو.

31ى ئاب و لەشكركێشى بەعس بۆ هەولێر چۆن رویدا؟

لەماوەى هەفتەیەك بۆ دو هەفتەى پێش خیانەتە گەورەكەى پارتى، سەرەڕاى ئەوەى یەكێتى بە تەواوەتى هەولێرى پایتەختى كۆنترۆڵكردبو، رۆژ بە رۆژ لە بنكەو بارەگاكانى پارتى نزیكتر دەبۆوەو چوارچێوەى دەسەڵاتى پارتى بەرتەسكتر دەبۆوە. پاش ئەوەى یەكێتى نزیكدەبێتەوە لە ناوچە ستراتیژییەكانى پارتى و بنەماڵەى بارزانى، ئیدى ئەو حزبە هەست بە مەترسیى یەكجارەكى دەكات و هانا بۆ توركیا دەهێنێت، هەروەكو چۆن یەكێتى لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریى دەكرا، بەڵام توركیا وەڵامى ناداتەوە و دەڵێت: ئێمە خۆمان لەو شەڕە ناگلێنین. پاشان خودى مەسعود بارزانى لەرێى نامەیەكەوە داوا لە سەددام حسێن دەكات بەهانایانەوە بچن و هەولێر لە چنگى یەكێتى دەربهێنن، بەڵام سەرەتا بەعس لە بەر راى نێودەوڵەتى دودڵ دەبێت، تا دەگاتە ئەوەى پارتى چەند جارێك لە رێى توركیاوە داوا لە بەعس دەكات بەهانایانەوە بچن، سەرەنجام پاش ئۆكەى وەرگرتن لە فەرەنساو رۆژئاوا و ئەمریكا، بەغدا لەشكركێشییەكە ئەنجام دەدات.

زیانە گیانییەكان و قوربانییەكانى شەڕەكە چەند بون؟

سەرەتا كاتێك لەشكرى بەعس گەیشتە هەولێر، راستەوخۆ هێرشیانكردە سەر بارەگاى بەرەى توركمانى لە هەولێرو هەر لەوێدا 48 كەسیان كوشت و 38ى تریشیان رەوانەى گرتوخانەكانى بەغدا كرد، دواتر 30 بیناى تایبەت بە بەرەى توركمانى لەلایەن بەعسەوە داگیركراو بەشێكیان خاپوركران و دواتر هێزەكانى بەعس هەڵیانكوتایە سەر 38 قوتابخانەو بنكەى رۆشنبیرى ئەو بەرەیە و هێزەكانى پارتیش لە سەرەتاى شەڕەكەدا 13 ئەندامى یەكێتییان دەستگیركردو زۆر بێ رەحمانەو بەشێوەیەكى دڕندانە گوللـەبارانیان كردن.

هەر لەو سەروبەندەدا هێزەكانى سوپاى گاردى كۆمارى بەعس نزیكەى 700 ئەندامى یەكێتی و كۆنگرەى نیشتمانى عێراقى كە حزبەكەى "ئەحمەد چەلەبى" بو، دەستگیركردن و لەنێوان گوللـەبارانكردن و لەسێدارەدان و سەرنگون كردن و بێسەروشوێنبوندا كۆتایى پێهێنان.

دواتر بەعس پاشەكشەى كردو شارەكەى بۆ پارتى بەجێهێشت و ئەوانیش تا سەر سنورى ئێران بەهۆى شكستى شەڕەكەوە یەكێتییان دورخستەوە، چونكە ئەوكاتە یەكێتى ترسى ئەوەى هەبو بەعس پاشەكشەى نەكردبێت و تا شارى سلێمانى و ناوچە سنورییەكانى ئێرانیش هەنگاو بنێت.

هاوكات بۆ بەرگرتن لە كوشتارو قوربانى زیاتر، ئەمریكا هاتە سەرخەت و نزیكەى شەش هەزار پێشمەرگەى یەكێتى پاراست لە قەتڵوعام كردن و لە رێى هەڕەشەى نوێوە رێگەى لە عێراق گرت بەردەوامى بدات بە لەشكركێشییەكە.

داتاى سوپاى عێراق بۆ ئەو لەشكركێشییە چەند بو؟

بەعس لەو لەشكركێشییەدا نزیكەى 40 بۆ 45 هەزار سوپاى پیادەى مەشقپێكراوى گاردى كۆمارى و هێزەكانى فەیلەقى یەك و فەیلەقى پێنچى سوپاى عێراقى رەوانەى هەولێرى پایتەخت كرد، كە زیاتر لە 500 تانكى  (T72)ى سوپاى عێراق؛ شانبەشانى ئەو هێزى پیادەیە بەشداربون سەرەڕاى سەدان تۆپ و كاتیۆشاو راجیمەو چەكى قورسى تر.

شەڕەكە "قوسەى" كوڕە بچوكى سەددام كە ئەوكاتە تەمەنى تەنها 30 ساڵ بو بەڕێوەى دەبردو هەریەك لە سوڵتان هاشم ئەحمەد وەزیرى بەرگرى و عەبدولواحید شەنان ئال رەبات سەرۆكى ئەركانى سوپاى عێراق سەرپەرشتییان دەكردو لە شەش لاوە هێرشیان كردە سەر پێشمەرگەكانى یەكێتى نیشتمانى كوردستان.

کاریگەریەکانی ئەو خیانەتە لەسەر ئێستا و داهاتوی کوردستان چی بون و دەبن؟

خیانەتى 31ى ئاب ئەگەر نسكۆیەكى تایبەت بە هێزو سوپاى یەكێتى بوبێت، ئەوا كاریگەرییەكى خراپى دەرونى لەسەر هزرى تاكى كورد دروستكردو لە ئێستاش و لە داهاتوشدا كاتێك ناوى ئەو رۆژە دەهێنرێت وەكو رۆژێكى رەشى مێژوى كورد وێنا دەكرێت؛ كە هیچى لە رۆژى رەشى شەشى ئەیلولى شەهیدكردنى عەولە سیسە كەمتر نییە.

ئەو كارەساتە، ئیدى شتێكى نەهێشتەوە بەناوى ئینتیما بۆ خاك و وڵات و چەمكى شۆڕشگێڕیى و بەرخودان؛ و خەباتى كوردى بەشێوەیەك داماڵى كە لە پەراوێزیى وتەى هەر بەرپرسێك دا ئەگەر ئەو زاراوانە باسبكرایە ئەوا كەسەكە دەكەوتە بەر نەشتەرى زمانى گشتیى شەقام.

خیانەتى 31ى ئاب هەمو چەمكە نەتەوەییەكانى لە ماناى راستەقینەى خۆیان داماڵى.

كاریگەریى ئەو رۆژە لە زیهنى تاكى كورددا وا دەكات، بۆ ئێستا و داهاتوش هیچ پرەنسیپ و مەبدەئێكى پارتى (ئەگەر هەبێت)، بەهیچ جۆرێك باوەڕى پێنەكرێت و ببێتە جۆرێك لە گاڵتەجاڕیى.

بۆچى پارتی بۆ دوای 31 ی ئابیش لە خیانەت و هێنانی سوپای بێگانە و داگیرکەر سڵناکاتەوە؟

پارتى لە دواى 31ى ئاب، كە بو بە وانەیەكى گەورەو ئەزمونێكى تەحەمولكراوى خیانەت لاى ئەو حزبە، بڕیاریدا بۆ بەرژەوەندییە تایبەتەكانى خۆى بە هیچ جۆرێك سڵ لە هێنانى سوپاى داگیركەر بۆ سەر خاكى هەرێمى كوردستان نەكاتەوە، ئەوەتا لە دواى ئەو بەروارە بەردەوام داواى لە سوپاى تورك كردوە بە بیانوى هێرشكردنە سەر گەریلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان "پەكەكە" بەشێكى گەورەى خاكى كوردستان لە دەڤەرى بادینان داگیر بكات.

پارتى ئێستاش ئەگەر لە قەیران دا بێت هیچ كێشە نییە بەلایەوە ژیانى سەرجەم هاوڵاتییانى هەرێم بخاتە مەترسییەوە؛ هەروەكو چۆن لە ئێستادا بەهۆى تاڵانكردنى نەوتەوە باكى بە برسیبونى میللـەتى كورد نییەو قەیران و دۆخێكى خوڵقاندوە كە هیچ دوژمنێكى كورد تا ئێستا بەوجۆرە كوردى نەچەوساندۆتەوە، لەبەرئەوە ئەو حزبە بەرژەوەندییە باڵاكانى خۆى لەسەروى چەمكى بەتاڵى بە ناو نەتەوەیيە، كە حزبەكەى بەردەوام بانگەشەى بۆ دەكات، كەواتە ئەگەر پارتی ئێستا هەمان چارەنوسی ئەوکاتی لێنزیک بکەیتەوە، ئەوا 31 ی ئاب چەندینجارو بە چەندین شێوە دوبارە دەكاتەوە.

لەلایەكى ترەوە پارتى لەدواى ئەو خیانەتە، بەردەوام هەوڵیداوە ركابەرەكانى و یەكێتى و حزبە ئۆپۆزسیۆن و ئیسلامییەكانیش بەردەوام تەخوین بكات، ئەمەش لەپێناو ئاسایى كردنەوەى چەمكى خیانەتى 31ى ئاب و هاوكات ئاساییە لاى ئەگەر هەمو پارتە سیاسییەكانى ترى هەرێم لە خیانەتەوە بگلێنێت، بێگومان ئەمەش لەبەر كاڵكردنەوەى وێنەى رەشى 31ى ئاب لاى دانیشتوانى هەرێم.

كەواتە، 31ى ئابی 1996 ئەو رۆژەیە کە تێیدا ئەو دەبابانەی رژێمی بەعس، كە خەڵک لە راپەڕینە شكۆدارەكەى ساڵى 1991 بە دەستی بە تاڵ لە کوردستان دەریکردن، بە پێشوازیی پارتی گەڕانەوە هەولێر و چونە سەر پەرلەمانی کوردستان.

مام جەلال چۆن لەگەڵ غەسان شەربل باسى 31ى ئابى كردبو؟

ئەگەرچی پارتی ئامادەبوە بۆ شەڕی براکان بەعس بهێنێتە هەولێر، بەڵام مام جەلال لە چاوپێکەوتنێکی دا لەگەڵ رۆژنامەنوسی عەرەب غەسان شەربل دەڵێت، پێش خیانەتی 31ی ئاب، لە هەوڵی بەردەوامدا بوە تا شەڕ بوەستێت بۆیە چەند جارێک پەیوەندی بە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییەوە کردوە، تەنانەت لە پێناو راگرتنی شەڕی ناوخۆ یەکێتی ئامادە بوە لە شەقڵاوە و چیای سەفینیش پاشەکشە بکات.

ئەگەرچی یەکێتی ئەو ناوچانەی بۆ پارتى چۆڵ دەكرد؛ بەڵام پارتی هەر لەسەر شەڕفرۆشتنەکانی بەردەوام بوە و پەلاماری ئۆفیسە تایبەتەکەی مام جەلال دەدات لە شەقڵاوە و دەیسوتنێت و بەوەش شەڕی ناوخۆ دەستپێدەکاتەوە، وەک مام جەلال-یش دەڵێت، لە 31ی ئاب هێزەکانی بارزانی بە پشتیوانی گاردی کۆماری پەلامارییان داون.

ئایا خیانەتى 31ى ئاب هاوشێوەى خیانەتەكەى "دۆنا مارینا"یە؟

دۆنا مارینا، كچە خزمەتكارێكى مەكسیكى بو، دواتر بو بە وەرگێڕى تایبەت و خۆشەویستى "هێرناندۆ كۆرتیس"، ئەو جەنگاوەرە ئیسپانییەى فەتحى ئیمپراتۆریەتى "ئازتیك"ى لە ئیسپانیاى نوێ واتا "مەكسیك" كردو بەهۆى شارەزایى دۆنا مارینا لە هەردو زمانى "ناهیوتل" كە زمانى "ئازتیك"ەكان بو، لەگەڵ زمانى "مایا"، هەمو زانیارییەكى سەبارەت بە وڵاتەكەى دەدا بە "هێرناندۆ كۆرتیس" و رۆڵێكى بەرچاوى بینیى لە داگیركردنى وڵاتەكەى و خیانەت لە هاونیشتمانییەكانى خۆى.

دواجار، خیانەت هەر خیانەتە، دۆنا مارینا بیكات یان مەسعود بارزانى.

 

  • شتێكى گه‌وره‌ به‌ڕێوه‌یه‌.. تره‌مپ به‌كۆد په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

  • پێدەچێت هێرشه‌كه‌ى لاله‌زار كێشه‌ى گه‌وره‌ له‌نێوان پارتى‌و یه‌كێتى دروستبكات

  • پیاوه‌ ده‌مامكداره‌كه‌ى غه‌ززه‌.. تائه‌وكاته‌ى نه‌كوژرا كه‌س نه‌یده‌زانى ناوى چییه‌

  • 31ى ئاب.. خیانەتى دۆنا مارینا بە تامى كوردى

  • کشانەوەی ئەمریکا پرسیار لەسەر داهاتوی عێراق دەوروژێنێت

  • یه‌كه‌م دیبه‌یتى سه‌رۆكى ئه‌مریكا له‌دواى 31ى ئاب.. ڕوداوێك ئه‌مریكاى به‌ته‌واوى شه‌كه‌ت كرد

  • 29 ساڵ دواى 31ى ئابى 1996 بۆ یه‌كه‌مجار زانیاریى گرنگ ئاشكرابوو

  • پێكهێنانى حكومەتى هەرێم دەبێتە خەونێكى وەدینەهاتو

  • هەرێم چاوى لە واشنتۆنە بۆ پاراستنى كێڵگە نەوتییەكانى

سەرەکی