6 کاتژمێر پێش ئێستا
91 جار خوێنراوەتەوە
جەنگی ئێران سەری لە سەرۆك و بەرپرسانی ئەمریكا شێواندووە
بەشێك لە بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا، رەشبینن بەرامبەر نەبوونی ستراتیژێكی روون بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی ئێران.
بەگوێرەی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز، هەرچەندە بەرپرسانی كۆشكی سپی نیگەرانن لەوەی ستراتیژێكی روون نیە بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی ئێران و لەوبارەیەشەوە پرسیاریان هەیە، بەڵام خۆیان دەبوێرن لەوەی راستەوخۆ سەرۆك ئاگادار بكەنەوە، چونكە ترەمپ بەردەوام ئەوە دووپات دەكاتەوە كە پرۆسەی سەربازیی دژ بە ئێران سەركەوتوو بووە.

هەڕەشە بەردەوامەكانی ئێران
بەوتەی ئەو رۆژنامەیە، هەڕەشە بەردەوامەكانی ئێران بۆ بە ئامانجگرتنی گوێزەرەوەكانی نەوت، بووەتەهۆی راگرتنی بازرگانی لە كەنداو و بەرزبوونەوەی نەوت، ئەمەش وای لە سەرۆكی ئەمریكا كردووە بەدوای دەرچەیەكدا بگەڕێت تا ئامرازێك بدۆزێتەوە بۆ شاردنەوەی كاریگەرییە ئابوریەكانی لەناو ئەمریكا.
بەدووریان زانیوە ئێران پەنا بۆ داخستنی گەرووی هورمز ببات
بەشێك لە بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن، راوێژكارانی ئیدارەی ترەمپ پێشتر بەدووریان زانیوە ئێران پەنا بۆ داخستنی گەرووی هورمز ببات، كە 20% ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بەڵام گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییە دەریخستووە ئەم هەڵسەنگاندنە ورد نەبووە.
بەوتەی نیویۆرك تایمز،ئەو گۆڕانكاریانە ئەنجامی هەڵە هەڵسەنگاندنی ترەمپ و راوێژكارەكانی بووە بۆ سروشتی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ململانێیەك كە هەڕەشە لە مانەوەی دەكات، لەكاتێكدا وەڵامدانەوەی ئێران زۆر توندتر بووە لەوەی لەمیانی جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی رابردوو كردی.
بەشێك لە كۆمارییەكانی ئەمریكا، نیگەرانن
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی و نەوت لەجیهان، بەشێك لە كۆمارییەكانی ئەمریكا، نیگەرانن لە كاریگەرییەكانی ئەو قەیرانە بۆ ئابوری ئەمریكا.
لێدوانی دژ بەیەكیان سەبارەت بە جەنگ لە ئێران و ئامانجەكان داوە
لەلایەكی ترەوە بەپێی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەگەڵ دەستپێكی جەنگ دژ بە ئێران، بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ لەوانەش خودی سەرۆك، لێدوانی دژ بەیەكیان سەبارەت بە جەنگ لە ئێران و ئامانجەكان داوە، هەروەها سەبارەت بە كاتی جەنگەكە و كۆتایی هاتنی.
لەگەڵ یەكەم رۆژی جەنگەكە ترەمپ وتی ئێران هەڕەشەیەكی نزیكە و گفتوگۆكان بۆ كۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمیەكەی شكستی هێناوە.دووپاتیشیكردەوە پێویستە بەرنامە ئەتۆمیی و مووشەكییەكەی لەناو ببرێت، داواشی لە ئێرانیەكان كرد شۆڕش بكەن و وڵاتەكەیان رزگار بكەن.
بەڵام دوای چەند رۆژێك ترەمپ وتی ئێران دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنی پێشووی ئەمریكا كردووە و جەنگەكەش دوو سێ رۆژی دیكە بەردەوام دەبێت، هەر هەمان رۆژیش وتی جەنگەكە بۆ چەند هەفتەیەك درێژ دەبێتەوە.

لە یەكی ئاداری ئەمساڵ، لیندسی گراهام كە سیناتۆرە و یەكێكە لە راوێژكارانی ترەمپ، رایگەیاند ئامانجی هەڵمەتە سەربازییەكە سەركەوتنە بەسەر هەڕەشە مووشەكییەكانی ئێران نەك رووخاندنی رژێمەكە.دواتریش كۆشكی سپی پشتیوانی ئەم قسەیەی كرد و وتی كراوەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ سەركردەكانی رژێكی ئێران بكەن.
بەڵام هەر بە چەند كاتژمێرێكی كەم دوای قسەكانی لیندسی گراهام و كۆشكی سپی، سەرۆكی ئەمریكا دووبارە داوای لە ئێرانیەكان كرد وڵاتەكەیان بەدەستبهێننەوە و وتیشی ماوەی جەنگەكە چوار بۆ پێنج هەفتە دەخایەنێت.
رۆژێك دواتر ترەمپ رایگەیاند هیچ وادەیەك نییە بۆ كۆتایی هێنان بەم جەنگە، پێت هێگسێس وەزیری بەرگریی ئەمریكاش رایگەیاند ئەمریكا دەستی بە جەنگ نەكردووە و هێزەكانیان لەلایەن ئێرانەوە روبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە.
پێچەوانەی قسەكانی وەزیری بەرگریی، ماركۆ روبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند ئەمریكا سەرەتا هێرشی كردووە تا بەرپەرچی هێرشی تۆڵەسێنەرانەی ئێران بداتەوە، چونكە ئێران لەماوەی ساڵ و نیوێكدا توانیویەتی هەڕەشە بۆ جیهان لە رێگەی مووشەك و درۆنەكانیەوە دروست بكات.
رۆژی سێی ئەم مانگە واتە سێی ئادار، ترەمپ بیری چوەوە كە ماركۆ روبیۆ چی وتووە و رایگەیاند سەرەتا ئێران هێرشی كردووە، بۆیە ئەمریكا ناچار بووە جوڵە بكات، رەتیشیكردەوە ئیسرائیل ئەمریكای ناچار بە هەڵگیرسانی جەنگ كردبێت.
چواری ئادار جارێكی تر وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند: ئەمریكا فەرماندەی یەكەیەكی ئێرانی كوشتووە كە تێوەگلاوە لە هەوڵی تیرۆركردنی دۆناڵد ترەمپ، بەڵام ئاماژەشی بەوەدا كە ئەمە ئامانجی سەرەكیی پرۆسەی جەنگ دژ بە ئێران نەبووە.
رۆژی پێنجی ئادار ترەمپ لە ئاكسیۆسەوە رایگەیاند دەیەوێت بەشدار بێت لە هەڵبژاردنی رابەری نوێی ئێران، لەكاتێكدا هەر ئەو رۆژە راپۆرتەكان باسیان لەوە دەكرد موجتەبا خامنەیی وەك رابەری نوێ لەلایەن ئێرانیەكانەوە دیاریكراوە.

جەنگی ئێران نزیكە لە كۆتایی
رۆژی هەینی شەشی ئادار، ترەمپ رایگەیاند پێشوازی لە هیچ رێككەوتنێك ناكات و دەبێت بەرپرسانی ئێران بەبێ مەرج خۆیان رادەست بكەن و ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیشی هاوكار دەبن لە دووبارە بنیاتنانەوەی ئێران.
رۆژێك دواتر ترەمپ رایگەیاند ئێران بەهۆی بۆردومانەوە رادەست دەبێت نەك خۆی رادەستی ئەمریكا بكات، بەڵام رۆژی هەشتی ئادار پێت هێگسێس وەزیری بەرگریی ئەمریكا پێچەوانەی لێدوانێكی چەند رۆژ پێشتری رایگەیاند ئێران دەستی بە جەنگ كردووە و موجتەبا خامنەیی كوڕی خامنەیی رازی بووە بە جێگرتنەوەی باوكی.
رۆژی نۆی ئادار دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند جەنگی ئێران نزیكە لە كۆتایی، رۆژنامەنوسانی ئاگادار كردەوە كە بەمزوانە جەنگەكە كۆتایی دێت،بەڵام ئامانجە سەربازییەكان كۆتاییان نایەت و بەقورسیشی زانی پشتیوانی گەلی ئێران بكەن بەبێ گۆرینی رژێمەكەی.
رۆژی 10ی ئادار، وەزیری بەرگریی ئەمریكا رونیكردەوە كۆتایی جەنگ بەپێی خشتەی كاتیی ئەمریكا دەبێت.دواتریش كارۆلین لیڤیت وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی رایگەیاند رادەستبوونی بێمەرجی ئێران بەدەست ئەمریكایە.
-
جەنگی ئێران سەری لە سەرۆك و بەرپرسانی ئەمریكا شێواندووە
|
-
عێراق بۆ قەرەبووی راگرتنی نەوت لە رێگەی هورمزەوە دەیەوێت لە هەرێمەوە نەوت هەناردە بكات
|
-
مەتەڵی دەسەڵات لە بەغداد؛ كێ یەكەمجار دەكشێتەوە مالیكی یان چوارچێوە؟
|
-
ئەگەر جەنگ بوەستێت كێ براوەیە و ئەگەرەكان چین؟
|
-
ئیسرائیل تاوتوێی كۆتایی هێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران بە بێ گۆڕینی رژێمەكەی دەكات
|
-
ئێران چۆن شانازی عەرەبەكانی كەنداوی كرد بە خەون
|
-
سی پی تی ئەمریکی: تا ئێستا (196) جار هێرشكراوەتەوە سەر هەرێم
|
-
حوسییەكان لە جەنگی ئێران تێوەگلاون؟
|
-
فەرماندەیەكی پێشمەرگە: ملیارەها دۆلار خەرج كراوە درۆنێك نییە بەرگریی لەخۆمان پێبكەین
|
|
|
|