2   کاتژمێر پێش ئێستا 148 جار خوێنراوەتەوە

پارتی بە هەڵوەشاندنەوەی پشووی 9 ی نیسان زەنگی چوونە بەرەی سوننەکانی لێدا

دەکرێت بەعسیەکان ئەوەندە کاریگەریان لەسەر پارتی هەبێت ؟

ناوەندی هەواڵ

هەڵوەشاندنەوەی پشووی ٩ی نیسان کە ڕۆژی هەڵوەشانەوەی بەعس و دەسەڵاتەکەیەتی لە عێراقدا، لە ناوەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە، لە بیست ساڵی ڕابردوودا ئەو ڕۆژ و ڕێوڕەسمە بۆ عێراقیەکان و کورد وەک جەژنێکی نیشتمانی (ڕۆژی ڕوخانی ڕژێمی بەعس) سەیر دەکرا.

ئەمڕۆ ساڵیادی رووخانی رژێمی سەدامە

بیست و سێ ساڵ لەمەوبەر و هەر لەم ڕۆژەدا واتە 9ی نیسانی 2003، ئەمریکا و بەریتانیا و هاوپەیمانەکانیان سەرکەوتوو بوون لە ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام و داگیرکردنی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوان کە لە شەوی 19ی ئازارەوە تا 9ی نیسان بەردەوام بوو.

هێزەکانی ئەمریکا شەش کەشتی فڕۆکەهەڵگر و 1800 فڕۆکەی جەنگی و زیاتر لە 300 هەزار سەربازیان لەگەڵ چەند هەزار سەربازێکی بەریتانی و ئوسترالی و 200 سەربازی هێزی تایبەتی پۆڵەندی لە کۆمپانیای "JW-GROM" کۆکردەوە کە لە سەرەتای جەنگدا دەستیان بەسەر بەندەرەکانی بەسرەدا گرت.

15 هەزار و 800 هێرشی ئاسمانی، لەگەڵ لەشکرکێشییەکی زەمینیدا بوو کە تێیدا هێزە ماندووەکانی عێراق وردە وردە داڕمان و بە گرتنی بەغداد گەیشتە لوتکە.

بۆچی پارتی ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە ؟

پێودانگە سیاسیەکان پێمان دەڵێت "هەڵوەشاندنەوەی پشووی ٩ی نیسان لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە (کە پارتی تێیدا باڵادەستە)، گۆڕانکارێکی توندە لە گوتاری سیاسی بەرامبەر بەغدا، لەبەرامبەردا پێداچوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانە بە پەیوەندیەکانیدا لە گەڵ پێکهاتەی سوننە، بەو پێیەی ڕوانگەی زۆرێک لە سوننەکان ( ٩ی نیسان نەک هەر ڕۆژی ڕزگاری نییە بەڵکو ڕۆژی داگیرکاری و ڕووخانی دەوڵەتی عێراق".

ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشوتری پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئەم پرسە و لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک : سەرسوڕمانی خۆی لەو گۆڕانکارییە دەردەبڕێت، بەو پێیەی لەساڵی (٢٠٠٤)ەوە ڕۆژی ٩ی نیسانی هەموو ساڵێک بەبۆنەی ڕوخانی ڕژێمی دڕندەی بەعس وسەدامی گۆڕ بەگۆڕ پشووی فەرمی بوە لەهەرێمی کوردستان و عێراق .

هەڵەدنی لەسەر هەمان پرس دەڵێت "تۆ بڵێی ئەم بابەتە هۆکارەکەی چی بێت کە پشوویەکی بیست ساڵە هەڵدەوەشێنرتەوە ؟

ئەو "عێراقە نوێیەی" لە ٢٠٠٣دا خەونی پێوە دەبینرا، نەبووەتە مایەی سەقامگیری و دابینکردنی مافەکانی کورد

لە ساڵانی دوای ٢٠٠٣، ڕۆژی ٩ی نیسان وەک "ڕۆژی ڕزگاری" پیرۆز دەکرا. بەڵام لە ئێستادا، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە قۆناغێکی ئاڵۆزدان. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە : ساردبوونەوەی " پارتی " لە مەراسیمەکانی پەیوەست بە پرۆسەی سیاسیی عێراق، پەیامێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ لایەنە شیعەکان کە ئێستا دەسەڵاتداری یەکەمی بەغدادن، بەوەی کە ئەو "عێراقە نوێیەی" لە ٢٠٠٣دا خەونی پێوە دەبینرا، نەبووەتە مایەی سەقامگیری و دابینکردنی مافەکانی کورد.

بەرژەوەندی پارتی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پشووە سەرتاسەرییە ( ناوخۆی و هەرێمایەتی )
پارتی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانیی بەهێز لەگەڵ جەمسەرە سوننەکان، ڕەنگە بیەوێت ئەو خاڵانە کاڵ بکاتەوە کە دەبنە هۆی هەستیاری لای ئەوان.، بەو پێیەی تا ئێستاش زۆرێک لەو کەسانەی پێشتر لەناو دامودەزگاکانی پێشوودا بوون، ئێستا لەناو لایەنە سوننەکاندا کاریگەرن .

زۆرێک لە بەعسیەکان تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لە هەولێر و لە بن پاراستنی دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستاندان کە دەکرێت پاڵنەری سەرەکی بێت لە نزیککردنەوەی ئەو پارتە کوردیە و پارتە عەرەبییە سونەکان لەوانە (ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی کە لە ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ساڵی ٢٠٠٣دا، زیانمەندی سەرەکی بوون یان پێیان وایە ئەو ڕووداوە سەرەتای تێکچوونی سەقامگیریی عێراق بووە) وەک : 

یەکەم : هێزە سیاسییە سوننەکان (بەم هەموو جۆرەکانیانەوە)
ئەم جەمسەرە گەورەترین پارتی عەرەبی سونیی ناڕازی بوون لە شێوازی گۆڕانکارییەکە، بۆ ئەوان ٩ی نیسان تەنیا ڕووخانی دیکتاتۆر نەبوو، بەڵکو بە هۆی ئەو گۆڕانکاریانەوە 
سوننەکان بۆ چەندین دەیە کە ناوەندی بڕیاری سیاسی بوون لە بەغدا،  ٩ی نیسان کۆتایی بەو هەژموونەیان هێنا.
زۆرێک لە سەرکردە سوننەکان پێیان وایە هەڵوەشاندنەوەی دەزگا ئەمنییەکان و سوپا لەلایەن پۆڵ بریمەرەوە، بووە هۆی بێکاربوونی هەزاران ئەفسەری سوننە و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی.
چەمکی "داگیرکاری": زۆربەی لایەنە سوننەکان (وەک حزبی ئیسلامی، هاوپەیمانی عەزم و تەقەدوم بە سەرکردایەتی حەلبووسی) لە گوتارەکانیاندا زیاتر وشەی "داگیرکاری ئەمریکا" بەکاردەهێنن نەک "ڕزگاری".

دووەم :  ناسیۆنالیستە عەرەبەکان و پاشماوەی بەعسییەکان

ئەم گروپانە، چ ئەوانەی لەناو پرۆسەی سیاسیی نوێدان و چ ئەوانەی لە دەرەوەن، ٩ی نیسان وەک "ڕۆژی ڕووخانی دەوڵەتی عێراق" دەبینن. لای ئەوان:
ئەم ڕۆژە هێمای تێکچوونی یەکپارچەیی خاکی عێراق و هاتنی دەستێوەردانی دەرەکییە (بەتایبەت ئێران).
ئەوان پێیان وایە کە ٢٠٠٣ عێراقی خستە ناو سیستەمێکی "تائیفی" (مەزهەبی) کە وڵاتەکەی بەرەو وێرانی بردووە.

دروستکردنەوەی هاوسەنگی 
 بەدوور نازانرێت هەنگاوە مشومڕاویەکی پارتی دیموکراتی کوردستان کە حکومەتی هەرێم ئاراستەدەکات، هەنگاوێک بێت بۆ نیشاندانی ئەوەی کە "هەرێم چیتر تەنیا لە روانگەی "کۆتایی بەعس"ەوە سەیری هاوکێشەکان ناکات"، بەڵکو سەیری ئایندەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێکهاتە سەرەکییەکانی تری عێراق دەکات، ئەم هەنگاوە دەکرێت وەک "ئاشتییەکی سیاسی" ببینرێت بۆ تێپەڕاندنی گرژییە مێژووییەکان لەپێناو بەرژەوەندییە کاتییەکانی ئەو پارتەدا .

بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جەمسەرە سوننیەکان نزیک دەبێتەوە ؟

پارتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ستراتیژی خۆی گۆڕیوە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی نیشتمانی لەگەڵ لایەنە سوننەکان (وەک حەلبووسی و خەنجەر) و تەنانەت لە قۆناغێکدا لەگەڵ سەدرییەکان ، هەموو ئەوانەش لە پێناو :

بەرژەوەندی هاوبەش: ئەم لایەنانە پێکەوە هەوڵ دەدەن بەرەنگاری هەژموونی "چوارچێوەی هەماهەنگی" (لایەنە شیعە نزیکەکان لە ئێران) ببنەوە.

نەهێشتنی هەستیاری: بۆ ئەوەی پارتی بتوانێت لەگەڵ سوننەکان لە بەغدا وەک "تیمێک" کار بکات، پێویستی بەوەیە ئەو خاڵە مێژووییانە وەلا بنێت کە دەبنە هۆی شەرمەزاربوونی هاوپەیمانە سوننەکانی لەبەردەم جەماوەرەکەی خۆیاندا.

بەکورتی، لابردنی پشووەکە جۆرێکە لە "خۆگونجاندنی سیاسی" لەگەڵ ئەو هاوپەیمانە نوێیانەی کە ٩ی نیسان بە کارەسات دەبینن، نەک بە جەژن.

ئاڵۆزی و توندبوونەوەی ناکۆکیەکانی پارتی و سوننەکان لە چەند مانگی ڕابردوودا 

پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و محەمەد حەلبووسی (سەرۆکی حزبی تەقەدوم)، کە پێشتر لە چوارچێوەی "هاوپەیمانی ڕزگاری نیشتمان"دا زۆر توندوتۆڵ بوو، لەم دواییانەدا تووشی جۆرێک لە ساردی و "بەریەککەوتن" بوو. ئەم تێکچوونە کۆمەڵێک ململانێی سیاسی و بەرژەوەندیی جیاوازی لە پشتەوە بوون لەوانە :


یەکەم :  پرسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و پشتگیری پارتی لە نەیارەکەی حەلبوسی ( سالم عیساوی ) .
ئەمە گەورەترین خاڵی ناکۆکیی بوو، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەندامێتی حەلبووسی هەڵوەشاندەوە، کێشە لەسەر دیاریکردنی جێگرەوەکەی دروست بوو، پارتی دەیویست لە شوێنەکەی حەلبوسی پۆستەکە بە "سالم عیساوی" بدرێت، لەبەرامبەردا حەلبوسی دەیویست کەسێک دابنرێت کە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بێت بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی لە بەغدا وەک "کەسی یەکەمی سوننە" بپارێزێت.

دووەم :  گۆڕانکاری لە هاوپەیمانێتییەکان

پارتی دیموکراتی کوردستان لەم دواییانەدا ستراتیژی خۆی گۆڕی؛ لەبری ئەوەی تەنیا لەگەڵ یەک لایەنی سوننە بێت، دەیەوێت لەگەڵ هەموو جەمسەرەکان (خەنجەر، حەلبووسی، مەشهەدانی) پەیوەندی هەبێت. ئەم "هاوسەنگییە" بە دڵی حەلبووسی نەبوو، چونکە ئەو دەیخواست تەنیا ئەو نوێنەری سوننە بێت لە هاوپەیمانی لەگەڵ کورددا.

سێیەم: یاسای لێبووردنی گشتی (العفو العام)

سوننەکان بە گشتی و حەلبووسی بەتایبەتی، فشاریان دەکرد بۆ تێپەڕاندنی یاسای " لێبوردنی گشتی" بۆ ڕازیکردنی جەماوەری سوننە، پارتی لەو پرسەدا بە دڵی سوننەکان نەدەهاتە پێشەوە بەتایبەت کە دەیزانی توڕەیی لایەنە شیعەکانی لێدەکەوتەوە، محمد حەلبووسی ئەم خوێندنەوەی پارتی وەک "پشتتێکردن" لە سوننەکان دەبینی .

چوارەم : پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سوودانی

پارتی لەو دەمەدا دەیوسیت بەهەر نرخێک بێت، کێشەی مووچە و بودجە و هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ سوودانی چارەسەر بکات، بۆیە پێویستی بە ئارامی سیاسی هەبوو، بەڵام حەلبوسی بە هۆی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی بە توندی لەبەرامبەر دەسەڵێت و لایەنە شیعیەکان دەوەستایەوە ، ئەو جیاوازیەش لە پێناو بەرژەوەندیەکان حەلبوسی و بارزانی لە یەک ئەوەندەی تر دوورخستبووەوە . بپارێزێت. بەڵام حەلبووسی لەبەر ئەوەی لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە، هەڵوێستی توندتری بەرامبەر حکومەت و لایەنە شیعەکان هەیە. ئەم جیاوازییەی "بەرژەوەندی" وای کردووە لەیەک دوور بکەونەوە. بەگشتی، تێکچوونەکە زیاتر لەسەر دابەشکردنی کێکی دەسەڵات و پۆستەکان بوو لە بەغدا، نەک کێشەیەکی ئایدۆلۆژی یان مەبدەئی .

هەڵوەشاندنەوەی پشووی 9 ی نیسان پێچەوانەی یاسایە

هەڵوەشاندنەوەی پشووی 9ی نیسان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، كەڕۆژی ئازادكردنی عیراقە، پێچەوانەی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 2003 ی پەرلەمانی كوردستانە كە لەچوار ماددە پێكهاتووەو لەسەر داوای پەرلەمانتاران دەركراوە.

هەرچەندە بەگوێرەی رۆژژمێری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی 4ی 2026، بەبۆنەی رۆژی ئازادكردنی عیراقەوە لەرژێمی دیكتاتۆری سەركوتكار، لەسەرجەم دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان پشووی رەسمیی بێت، بەڵام حكومەتی هەرێم بەبێ ئاماژەدان بەهۆكارەكەی پشووەكەی هەڵوەشاندەوەو فەرمانگەی میدیا و زانیاریش رایگەیاند، كە دەوامی رەسمیی دەبێت لەسەرجەم دامودەزگا رەسمییەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەمەش لەكاتێكدایە، هەڵوەشاندنەوەی پشووی 9ی نیسان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، پێچەوانەی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 2003 ی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی-عیراق (پەرلەمانی كوردستان) ە كە لەچوار ماددە پێكهاتووە، كەپشتبەست بەحوكمەكانی بڕگەی 1ی ماددەی پەنجاو شەش لەیاسای ژمارە 1ی هەمواركراوی ساڵی 1992 و لەسەر داوای ژمارەی یاسایی لەئەندامانی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی-عیراق، ئەنجومەنەكە لەدانیشتنی رۆژی 12ی 5ی 2003 یدا بڕیاری دەركردنی یاسای ژمارە 17ی ساڵی 2003 یدا كە لەچوار ماددە پێكهاتووەو بریتین لە:

ماددەی یەكەم:  رۆژی 9ی 4ی 2003 رۆژی ئازادكردنی عیراقە لەڕژێمی دیكتاتۆریی سەركوتكارو دەكرێت بەپشووی رەسمی لەهەرێمی كوردستان و عیراق.

ماددەی دووەم: هەر دەقێك پێچەوانەی حوكمەكانی ئەم یاسایەبێت ناخرێتە بەركار.

ماددەی سێیەم: پێویستە لەسەر ئەنجومەنی وەزیران حوكمەكانی ئەم یاسایە بخاتە بەركار.

ماددەی چوارەم: ئەم یاسایە لەڕۆژی دەرچوونییەوە دەخرێتە بەركارو لە (وەقایعی كوردستان) دا بڵاودەكرێتەوە.

 

 

 

  • لە سوریا كۆتایی بە بێ ناسنامەیی كورد دێت

  • پارتی بە هەڵوەشاندنەوەی پشووی 9 ی نیسان زەنگی چوونە بەرەی سوننەکانی لێدا

  • چاوەكان لەسەر پاكستانن بۆ ئەوەی ئاوێك بە ئاگرەكەدا بكات؛ وەفدی ئێران و ئەمریكا دەچنە ئیسلام ئاباد

  • هۆشداری لە شكاندنی ئاگربەست؛ هێرشەكان بۆسەر ئێران ڕاگیراون بەڵام ئاگربەست لوبنانی نەگرتووەتەوە

  • ئاگربەست لەگەڵ ئێران؛ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل ڕوبەڕووی ڕەخنەی توندی ئۆپۆزسیۆن دەكاتەوە

  • موجتەبا خامنەیی چۆن لە كۆتا ساتدا گڵۆپی سەوزی بۆ دانوستان هەڵكرد؟

  • چۆن لە كاتژمێرەكانی كۆتاییدا جەنگی ئێران راگیرا؟

  • چیرۆكی ئازادكردنی كچە رۆژنامەنوسە ئەمریكیەكە

  • هێرشی گروپەكان بۆسەر هەرێم و ناوەندەكانی ئەمریكا چڕبوونەتەوە

سەرەکی