1 کاتژمێر پێش ئێستا
152 جار خوێنراوەتەوە
هێرشی گروپەكان بۆسەر هەرێم و ناوەندەكانی ئەمریكا چڕبوونەتەوە
كێ هانیان دەدات و كێ دەیەوێت ڕێگری بكات؟
ناوەندی هەواڵ
گروپە چەكدارەكانی عێراق هێرشەكانیان بۆسەر هەرێمی كوردستان چڕكردووەتەوە، جگە لە بە ئامانجگرتنی ناوەندەكانی فەرماندەیی پێشمەرگە، خەڵكی سڤیل دەكەنە ئامانج، تائێستاش نزیكەی 700 هێرش بۆسەر هەرێمی كوردستان ئەنجامدراوە و 16 كەسیش شەهیدبوون، زۆربەی ئەو هێرشانەش گروپە چەكدارەكان ئەنجامیانداوە.

گروپە چەكدارەكانی عێراق كە لایەنگری ئێرانن، هێرشەكانیان دژ بە بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە چڕكردووەتەوە، هەرێمی كوردستانیش بە بیركردنەوەی ئەوان بەشێكە لە بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا، بەوهۆیەشەوە رۆژانە بە درۆن و موشەك هێرش دەكەنەسەر هەرێمی كوردستان، تائێستاش ئەو هێرشانە جگە لە زیانی گیانی كە 16 شەهید و دەیان برینداری لێكەوتووەتەوە، زیانێكی ماددی زۆری بە هەرێم گەیاندووە. لەبەرامبەردا ئەمریكا و ئیسرائیل بەردەوامن لە هێرشكردنەسەر پێگەی ئەو گروپە چەكدارانە و تائێستا نزیكەی 100 چەكدار كوژراون و دەیانی تریش برینداربوون.
چەندین جار بەرپرسانی هەرێم ئیدانەی ئەو هێرشانەیان كردووە
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دوێنێ ڕایگەیاند بە چوار درۆن بارەگایەكی فەرماندەیی پێشمەرگە كراوەتە ئامانج، ئەوەش لەكاتێكدایە پێشتریش گروپە چەكدارەكان دووجار بە درۆن هێرشیان كردەسەر ماڵێك لە بەختیاری كە بەوتەی ئەوان شوێنی نەیارانی ئێرانە، شەوی رابردووش لە گوندی زەرگەزەوی سەر بە شارەدێی دارەشەكران لە پارێزگای هەولێر بەهۆی هێرشی درۆنییەوە ژن و پیاوێك شەهیدبوون.

چەندین جار بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان ئیدانەی ئەو هێرشانەیان كردووە، بەڵام رێوشوێنەكان هەر لە چوارچێوەی ئیدانەدابوون و نەیانتوانیوە هێرشەكان ڕابگرن، بەڵام سەرچاوە سیاسیەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی باس لەوەدەكەن، هەوڵ لەلایەن رێكخراوی بەدرەوە بەدیاریكراوی لەلایەن هادی عامری سەرۆكی رێكخراوەكە هەیە بۆ راگرتنی هێرشی ئەو گروپانە بۆسەر بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا، بەڵام هەر سەرچاوەكان لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەدووری دەزانن هادی عامری ئەو توانایەی هەبێت كە هێرشی گروپە چەكدارەكان رابگرێت.
پێشهاتێكی مەترسیدارتر
جگە لەوەی هێرشەكانی ئەو گروپانە بۆسەر هەرێمی كوردستان و بنكە دیپلۆماسی و سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق زیاتر بوون، لە پێشهاتێكی مەترسیدارتردا ئەو گروپانە هەڕەشەی ئەوە دەكەن ئاسایشی سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە دەخەنە مەترسییەوە ئەگەر هێرشەكان بۆسەر ئێران بەردەوام بێت، پەیامەكەش مەیدانی سیاسی و سەربازیی ناوخۆیی تێدەپەڕێنێت و عێراق دەكاتە ناو چەقی ململانێكانەوە.

چاودێران چی دەڵێن؟
بەوتەی سەرچاوە سیاسیەكان كە بەشێكیان نزیكن لە بەشێك لە هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، هۆكاری ئاڵۆز لە پشتی هێرشی ئەو گروپانەوەن، ئەمەش وایكردووە حكومەتی عێراق لەناوخۆ و دەرەوە شەرمەزار بێت.
بەوتەی ئەو سەرچاوانە، دەستێوەردانی سیاسی و سەربازیی، لەگەڵ حساباتی هەژموون لەنێو هێزەكاندا، وایكردووە قورس بێت بڕیاری یەكلاكەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئەو گروپانە بدرێت، هەرچەندە فشارەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا بۆ لاوازكردن و هەڵوەشاندنەوەیان زیادی كردووە.
لەبەرامبەردا بەشێك لە سیاسییە سەربەخۆ و دوور لەو لایەنە شیعانە، باس لەوە دەكەن، ئەوەی ڕوودەدات تەنها كێشەیەكی ناوخۆیی نیە، بەڵكو پلانێكی وردی ئێرانە كە ئامانج لێی شكستپێهێنانی توانای حكومەتی عێراقە لەوەی دەسەڵاتی بەسەر ئەو گروپانە و تەواوی عێراقدا هەبێت.
ئێستا شەش گروپ كە ناویان لەخۆیان ناوە "بەرەی مقاوەمە" دۆخی عێراقیان ئاڵۆزكردووە، ناوەندەكانی ژێرخان لە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەپاساوی لێدانی بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا دەكەنە ئامانج، هەر بەوەشەوە نەوەستاون هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل و وڵاتانی دراوسێ دەكەن ئەگەر هێرشەكان بۆسەر ئێران نەوەستێنرێت.
ئێستا سەرەڕای ئەوەی بەڵگە هەیە كە ئەو گروپانە هێرشیان بۆ سەر ژێرخانی عێراق و ناوەندە دیپلۆماسییەكان ئەنجامداوە، بەڵام هێزە شیعەكان دەستەوەسانن لەئاستی ئەو گروپانە، بەڵكو دوودڵیشن تا یەكلابوونەوەی ئەم جەنگە كە چی رێوشوێنێك بگرنەبەر، جگە لەوەی بەشێك لەو هێزانە نزیكی ئایدۆلۆژییان لەگەڵ گروپە چەكدارەكان هەیە، ئەمەش هێندەی تر دۆخەكەی ئاڵۆز كردووە، لەكاتێكدا ئەو گروپانە لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی 80 كورسین و تێپەڕاندنی هەر یاسا و بڕیارێك لەدژیان قورس بووە.

هۆشداری ئەمریكا
پێش چەند رۆژێك ئەمریكا هۆشداریدا كە حكومەتی عێراق توانای رێگریكردن لە هێرشی ئەو گروپانەی نییە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق چەندین جار رایگەیاندووە كە بەوپەڕی توانایەوە هەوڵی ڕێگری لە هێرشەكان دەدات، بەڵام نەیتوانیوە ئەو كارە بكات. سەرەڕای ئەوەی چەند هەنگاوێكی ڕووكەشی ناوە كە خۆی لە دەستگیركردنی چەند كەسێك بە تۆمەتی دەستهەبوون لە هێرشەكان دەبینێتەوە.
پوختەی قسە
پوختەی قسەی كۆتایی ئەوەیە، ڕەنگە رێگری نەكردن لەو گروپانە، تەنها پەیوەندی بە كەموكوڕی ناوخۆییەوە نەبێت، بەڵكو پلانێكی تر هەیە لە دەرەوە كە پلانەكەی حكومەتی عێراق شكست پێدەهێنێت، رەنگە هێڵی سوری ئێرانیش هەبێت بۆ هێزە سیاسیەكان تا دەست نەخەنە كاروباری ئەو گروپە چەكدارانە. بەشێك لە چاودێران پێیان وایە سوپای عێراق و پێشمەرگەش توانای كۆنترۆڵكردنی ئاژاوەی گروپەكانیان هەیە، بەڵام بڕیاری سیاسی نییە بۆ رێگریكردنیان، ئەمەش عێراقی لەنێوان دامەزراوەكانی دەوڵەت و واقیعی مەیدانیدا دەستەوەستان كردووە.

-
هێرشی گروپەكان بۆسەر هەرێم و ناوەندەكانی ئەمریكا چڕبوونەتەوە
|
-
كێڵگەی نەوت و بەندەر و كارگەكان؛ زیانەكانی پێنج هەفتە جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل
|
-
ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی ترەمپ دەداتەوە و ئاگربەست رەتدەكاتەوە
|
-
کوردستان لاپەڕەی وشکەساڵی دادەخات؛22 بەنداو توانای خۆیان تێدەپەڕێنن
|
-
هەلی كۆتایی ئەمریكا بۆ ڕاگرتنی جەنگ؛ چاوەكان لەسەر ئێرانن
|
-
وتەكانی ترەمپ؛ هێرشەكانی ئێرانی بۆسەر هەرێمی كوردستان و حزبەكانی رۆژهەڵات زیاتر كرد
|
-
بەشداربووە لە ڕفاندنی ئێزدیەكان؛ عێراق ئەندامێكی داعش لە سێدارە دەدات
|
-
چۆن دووەم ئەندامی تیمی فڕۆكە ئێف 15 ەكەی ئەمریكا ڕزگاركرا؟
|
-
ئۆجەلان لە دەوڵەتەوە بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی و پاشان ئینتیگراسیۆن
|
|
|
|