3   کاتژمێر پێش ئێستا 92 جار خوێنراوەتەوە

هەماهەنگی نزیك و نوێكردنەوەی ئامانجەكان؛ ئەمریكا و ئیسرائیل ئامادەكاری بۆ شكستی ئاگربەست دەكەن

ناوەندی هەواڵ

رۆژنامەی مەعاریفی عیبری بڵاویكردووەتەوە، سوپای ئیسرائیل و ئەمریكا ئامانجەكانیان نوێ دەكەنەوە، سەرنجی وردیشیان خستووەتەسەر دامەزراوەكانی وزەی ئێران، وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری شكستهێنانی ئاگربەست لەناكاو.

ئەو رۆژنامەیە ئاشكرایكردووە، سوپای ئیسرائیل و ئەمریكا بە چڕی و هەماهەنگی تەواو كاردەكەن، لەم رۆژانەشدا براد كوپەر فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریكا "سێنتكۆم" چاوی بە ئیال زامیر سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل كەوتووە.

ئامادەکاری بۆ شکستهێنانی ئاگربەست

بەوتەی بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل بۆ رۆژنامەكە، هەماهەنگی لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریكا هەیە، تا لە ئەگەری شكستهێنانی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ئامادەی هەر دۆخێك بن.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە دەڵێت:"ئێمە و ئەمریكیەكان بۆ ئەگەری شكستی ئاگربەست و دەستپێكردنەوەی شەڕ ئامادەین، دەزانین دەبێت چی بكەین، ئەگەر شەڕ دەستپێبكاتەوە گورزەكان بۆ ئێران زۆر كاریگەر و بە ئازار دەبن، زیانێكی گەورە بە ئێرانیەكان دەگەیەنین".

"ئامانجەكانمان نوێ كردووەتەوە، بەشی هەواڵگری سەربازیی سوپا چاودێری ڕووداوەكان لە ئێران دەكات، ئەمجارە گورزەكان دامەزراوەكانی وزەش دەگرنەوە". ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە وای وتووە.

ترەمپ پشتیوانی ئەوە ناكات سوپا دەست بەسەر دوورگەی خارگ دا بگرێت

لەلایەكی ترەوە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی، بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەك بڵاویكردووەتەوە:دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی ئەوە ناكات سوپا دەست بەسەر دوورگەی خارگ دا بگرێت، بەهۆی ترس لەوەی زیانێكی زۆری مرۆیی لێبكەوێتەوە.

هەرچەندە بە وتەی سەرچاوەكانی ئەو ڕۆژنامەیە، سەرۆكی ئەمریكا دڵنیا بووە لەوەی پرۆسەی دابەزینی سوپای ئەمریكا لەسەر دوورگەی خارگ سەركەوتوو دەبێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ترەمپ پێی وابووە، دوای دابەزینی سوپا لە دوورگەكە، سەربازەكانیان ئامانجێكی ئاسان دەبن بۆ ئێران و زیانێكی زۆری گیانی بەدواوە دەبێت.

پێشتر ترەمپ هەڕەشەی سڕینەوەی دوورگەی خارگی دەكرد، كە گرنگییەكی ستراتیژی بۆ ئێران هەیە، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز نەكاتەوە و دانوستانەكان ئامانجی خێرای لێنەكەوێتەوە.

ئێران یەک رۆژ گەرووەکەی کردەوە و دایخستەوە

ئەوەش لەكاتێكدایە، دوای یەك ڕۆژ لە كردنەوەی گەرووی هورمز، ئێران جارێكی تر گەرووەكەی داخستەوە، بەڵام هێشتا سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت دانوستانەكان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن.

پێشتریش سوپای پاسدارانی ئێران هەڕەشەی ئەوەی كردبوو، هەر كەشتییەك لە گەرووی هورمز نزیك بێتەوە ڕوبەڕووی دەبنەوە، هۆشداریشی دابوو بە هەر كەشتییەك بە بێ مۆڵەتی ئەوان بە گەرووی هورمز و كەنداو و دەریای عومماندا تێپەڕێت.

ترەمپ توڕەیە

ئەوەش لەكاتێكدایە، دوێنێ ئێران گەرووەكەی لەبەردەم كەشتییە بازرگانییەكاندا كردەوە، بەڵام ترەمپ توڕەیە و دەڵێت گەمارۆی سەر بەندەرەكانی ئێران بەوپەڕی هێزەوە بەردەوام دەبێت، تا ئەو كاتەی ئێران لەگەڵ ئەمریكا دەگاتە رێككەوتن، جەختیش دەكاتەوە ئێران هیچ پارەیەك بەدەست ناهێنێت لە هیچ رێككەوتنێكدا.

بەرەبەیانی هەشتی نیسان، ئەمریكا و ئێران ئاگربەستیان بۆ ماوەی دوو هەفتە بە نێوەندگیری پاكستان ڕاگەیاند، وەك ئامادەكارییەك بۆ دانوستانێكی فراوانتر، بۆ كۆتایی هێنان بەو جەنگەی ئەمریكا و ئیسرائیل لە 28 ی شوباتی ڕابردوەوە دژ بە ئێران دەستیان پێكرد.

چاوەڕوان دەكرێت دووشەممە دانوستانی ئێران و ئەمریكا لە پاكستان دەستپێبكاتەوە.

  • ئاغازادەكان چۆن پارەی قاچاغی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەبەن؟

  • هەماهەنگی نزیك و نوێكردنەوەی ئامانجەكان؛ ئەمریكا و ئیسرائیل ئامادەكاری بۆ شكستی ئاگربەست دەكەن

  • ئەلمۆنیتەر: مەزڵوم عەبدی پێشنیارێکی ئەحمەد شەرع-ی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار ڕەتکردەوە

  • هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: هێرشەکانی ئێران ئیرادەمان نالەرزێنێت

  • لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە؛ بۆ یەكەمجار توركمانێك بوو بە پارێزگاری كەركوك

  • غەزاڵ چۆن شەهید بوو و كێ بەرپرسیار بوو؟

  • ئەمریكا گەشبینە و ئێران خۆشحاڵە؛ دەستپێكردنەوەی دانوستانی ئێران و ئەمریكا كاتەكەی نادیارە

  • ئەندامانی پێشمەرگە و خەڵكی ئێزدی تێدابووە؛ سێ گۆڕی بە كۆمەڵ لە موسڵ دۆزرانەوە

  • جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق و هەرێم ڕوو لە هەڵكشانە

سەرەکی