2   کاتژمێر پێش ئێستا 279 جار خوێنراوەتەوە

ئاغازادەكان چۆن پارەی قاچاغی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەبەن؟

ناوەندی هەواڵ

بڕیارێكی دەوڵەتی دۆمینیكا بە كێشانەوەی ڕەگەزنامەی ئەبو فەزڵ شەمخانی، كوڕی عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی بەرگریی ئێران، لایەنێكی تۆڕی هەژموونی ئابوری كە كوڕانی دەسەڵاتدارانی ئێران لە دەرەوە بەڕێوەی دەبەن، ئاشكرا دەكات.

ئەو كوڕانەی دەسەڵاتدارانی ئێران، تۆمەتی ئەوەیان ئاڕاستە دەكرێت، وەك تۆڕێكی سێبەر كاریان ئاڵوگۆڕ و سەرپەرشتیكردنی پارەی پەیوەست بە رژێمی ئێران و سوپای پاسدارانە لە دەرەوەی وڵات.

بڕیاری كشاندنەوەی ڕەگەزنامەی كوڕەكەی شەمخانی لەلایەن دۆمینیكاوە، كە دەوڵەتێكی سەر دەریای كاریبییە، دوای تۆمەتباركردنیەتی بە شاردنەوەی زانیاریی بنەڕەتی لەكاتی پێشكەشكردنی داواكاری بۆ بەدەستهێنانی "پاسپۆرتی ئاڵتونی". لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە كوڕەكەی عەلی شەمخانی لەژێر ناوی خوازراوی "سامی حایك" ڕەگەزنامەی وەرگرتووە، پاشانیش دەركەوتووە یاری بە زانیارییەكان كردووە و بەوهۆیەوە ڕەگەزنامەكەی لێسەندراوەتەوە.

ئەو ڕووداوە بەوتەی چاودێران، بەشێكە لە دۆسیەیەكی فراوانتر كە پەیوەستە بە ناوی "ئاغازادەكان" لە ئێران، واتە كوڕانی بەرپرس و دەوڵەمەندەكان، كە تۆمەتبار دەكرێن بە ئیدارەدانی تۆڕێكی دارایی و ئابوری ئاڵۆز لە دەرەوەی وڵات، كە خۆی دەبینێتەوە لە وەبەرهێنان و كۆمپانیا و چەند بانكێكی سێبەر لە چەند دەوڵەتێك.

هەڵسەنگاندنەكان لەبارەی ئەو دۆسیەیە سەرنجڕاكێشن، بەشێوەیەك قەبارەی ئەو پارەیەی پەیوەستە بە ئاغازادەكانی ئێران لە دەرەوە گەیشتووەتە 148 ملیار دۆلار، ئەمەش بە وتەی مەحمود بەهمەنی سەرۆكی پێشووتری بانكی ناوەندیی ئێران، ئەو دەشڵێت "ئاغازادەكان لە بانكەكانی دەرەوە خاوەنی 148 ملیار دۆلارن و نزیكەی 5000 كەسیان لە دەرەوەی ئێران دەژین".

سزاكانی ئەمریكا

لە گۆڕانكارییەكی پەیوەست بەو دۆسیەیە، سزاكانی ئەمریكا لەمدواییەدا عەلی حەسەن شەمخانی گرتەوە، ئەمریكا تۆمەتباریان دەكات بەوەی بەرژەوەندی دارایی خێزانە دەوڵەمەندەكان و سوپای پاسداران تێكەڵ بووە، بەتایبەت لە كەرتی نەوت و پترۆكیمیایی و بەندەرەكان.

تۆماری سزاكانی ئەمریكا ئاماژە بەوەدەكەن، دوو برای شەمخانی سەرپەرشتی كۆمەڵەیەكی گواستنەوەی دەریایی دەكەن، كە بەپێی تۆمەتەكانی ئەمریكا رۆڵی سەرەكیی دەبینن لە گواستنەوەی نەوتی ئێران.

وەزارەتی دادی ئەمریكا لە شەشی ئاداری 2026 دوو سكاڵای بەرزكردەوە كە تایبەتە بە دەستبەسەرداگرتنی 15.3 ملیۆن دۆلار، وەك بەشێك لە تۆڕێك كە حسێن شەمخانی سەرپەرشتی دەكات و كاری سپیكردنەوەی پارەی نەوتی ئێرانە لە رێگەی كیانە نێودەوڵەتیەكانەوە.

لە پشت پەردەی ئەو دیمەنەوە، رژێمی ئێران دروشمی خۆڕاگری بەرزكردووەتەوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە رۆژئاوایی و ئەمریكیەكان، تۆڕێكی دارایی فراوان لە رێگەی كۆمپانیای وەهمیی و ڕووكەشی وەبەرهێنەرانەوە لە پشتی ئەو خۆڕاگرییە دارایی و ئابورییەی ئێران وەستاوە كە لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا درێژ دەبێتەوە.

دەوڵەتێكی هاوتەریب لە دەرەوەی سنورەكان

چاودێران پێیان وایە، ئەو تۆڕانە دەوڵەتێكی هاوتەریبان لە دەرەوە دروستكردووە، كە كوڕە دەسەڵاتدار و دەوڵەمەندەكانی ئێران بەڕێوەی دەبەن، كە لەناو ئێران پێیان دەوترێت "ئاغازادەكان" واتە كوڕی دەوڵەمەند و بەرپرسەكان، ئەوان لە چینێكی كۆمەڵایەتی خۆشگوزەران و خاوەن ئیمتیازەوە گۆڕدراون بۆ هێزێكی دارایی، كە بەپێی تۆمەتەكان وەك ئامڕازێك بۆ پاڵپشتیكردنی هەژموونی سیاسی و سەربازیی لە دەرەوەی سنورەكان بەكاردەهێنرێن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕاپۆرتەكان باس لە رۆڵە ناڕاستەوخۆكانی كەسانی دەسەڵاتداری چوارچێوەیەكی بەرتەسك دەكەن لە ئێران، لەوانەش موجتەبا خامنەیی كوڕی عەلی خامنەیی ڕابەری پێشووی ئێران، وەك پێگەی بلومبێرگ ئاماژەی پێداوە خاوەن و سەرپەرشتیاری تۆڕێكی وەبەرهێنان و بیناسازییە لە دەرەوە، كە بنكەكانی لە لەندەن و ئەوروپایە و لە رێگەی كۆمپانیای نێوەندگیرەوە بەڕێوەدەبرێن.

عەلی ئەنساری، وەك یەكێك لە دیارترین بەرپرسانی دارایی ئێران لەو تۆڕەدا ناوی دەهێنرێت، سەرپەرشتی چەند كۆمپانیایەك دەكات كە پێدەچێت بەكاربهێنرێت بۆ شاردنەوەی خاوەندارێتی ڕاستەقینەیان كە پەیوەندی بە رژێمی ئێرانەوە هەیە.

تۆڕی درێژكراوە و دەموچاوی جیاواز

تۆمەتەكان چەندین كەسایەتی جیاوازیان گرتووەتەوە، لەوانەش ئیلیاس قاڵیباف و مەحمود ڕەزا خاوەری، وا پێدەچێت ئەوانیش سەرپەرشتی چەند بانك و نوسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو بكەن لە ئاسیا، بەتایبەتیش لە هۆنگ كۆنگ، ئەویش لەپێناو ئاسانكاری دارایی ئاڵۆزی ئێران.

ئەوەش لەكاتێدایە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكا سزای بەسەر چەندین كیانی دارایی و كۆمپانیای دراودا سەپاندووە، باس لەوەدەكات رۆڵیان هەیە لە ئاڵوگۆڕ و ناردنی دەیان ملیۆن دۆلار لە بەرژەوەندی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، كە ئەوەش لە رێگەی چەندین كۆمپانیاوە دەكرێت.

جیاوازی نێوان دروشم و واقیع

لەیلا شەمانخا كە توێژەرێكی ئێرانییە، باس لەوەدەكات دیاردەی ئاغازادەكان، ڕەنگدانەوەی جیاوازیی نێوان دروشم و وتاری ئایدۆلۆژی ئێرانە لەگەڵ ئەو واقیعە ئابوری و كۆمەڵایەتیەی هەیە، كە بوونەتە هۆكارێك بۆ خۆدەربازكردن لە سزاكانی ڕۆژئاوا.

ئەو توێژەرە ئێرانییە دەڵێت "ئەو چینە داراییەی نەوەكانی دەسەڵاتداران و دەستەبژێری ئێران لە وڵاتانی رۆئاوا وەكو وەبەرهێن و خاوەنكار خۆیان نیشان دەدەن، زۆربەشیان خاوەن سامانێكی زۆرن، وەك كەناڵێك بۆ گواستنەوەی پارە لە ئێران كاردەكەن، لەژێر ناوی پرۆژەی تایبەتدا خۆیان حەشارداوە، جگە لەوەی پەیوەندییان بە ڕژێمەوە پاراستووە كە لە ڕێگەیەوە سامانیان پێكەوەناوە".

"ئەو كەسانە واتە دەستەبژێر و دەوڵەمەندەكانی ئێران، پشتیوانی هەژموونی ئێران دەكەن لە دەرەوە، لە هەمانكاتدا پشتیوانی باڵەكانی دەرەوەی ئێران دەكەن، تۆڕێكی ئاڵۆزیان دروستكردووە كە قورسە چاودێریكردنی".

تاكڕەوی دەسەڵات

گوڵان فەهیم، ئەندامی مەجلیسی پژاك، لەوبارەیەوە دەڵێت: ئەو سیاسەتە ڕەنگدانەوەی پەی پێبردنی رژێمە بە مەترسیی ناڕەزایی ناوخۆیی، "سیاسەتی بردنەدەرەوەی پارە و سەرپەرشتیكردنی لەلایەن تۆڕێكی دەستەبژێرەوە بۆ ئەوەیە كە لە ناڕەزایەتی ناوخۆ بپارێزرێن".

فەهیم دەشڵێت:"نەوەی گەورە بەرپرس و دەوڵەمەندەكان و فەرماندەكانی سوپای پاسداران، بوونەتە هێزێكی دارایی دەرەكیی لە رێگەی كۆمپانیای وەهمی و كەرتی خانوبەرە و تۆڕی بارهەڵگر و كەشتیوانی كە لە بنەڕەتدا بۆ خۆشاردنەوەیە لە سزاكان".

لە كۆتایی قسەكانیدا ئەو ئەندامەی مەجلیسی پژاك دەڵێت:"بریكارەكانی سیستمی ئێران لە دەرەوە پشتیوانییەكی دارایی گەورە دەكرێن، لەكاتێكدا تاران پارەیەكی زۆر خەرج دەكات تا لە دەرەوەی سنورەكانی مللانێ بكات، كە ئەمەش فشارێكی زۆری ئابوری لەسەر ناوخۆی ئێران دروستكردووە".

  • ئاغازادەكان چۆن پارەی قاچاغی ئێران لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەدەبەن؟

  • هەماهەنگی نزیك و نوێكردنەوەی ئامانجەكان؛ ئەمریكا و ئیسرائیل ئامادەكاری بۆ شكستی ئاگربەست دەكەن

  • ئەلمۆنیتەر: مەزڵوم عەبدی پێشنیارێکی ئەحمەد شەرع-ی بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک کۆمار ڕەتکردەوە

  • هاوپەیمانیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: هێرشەکانی ئێران ئیرادەمان نالەرزێنێت

  • لەدوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە؛ بۆ یەكەمجار توركمانێك بوو بە پارێزگاری كەركوك

  • غەزاڵ چۆن شەهید بوو و كێ بەرپرسیار بوو؟

  • ئەمریكا گەشبینە و ئێران خۆشحاڵە؛ دەستپێكردنەوەی دانوستانی ئێران و ئەمریكا كاتەكەی نادیارە

  • ئەندامانی پێشمەرگە و خەڵكی ئێزدی تێدابووە؛ سێ گۆڕی بە كۆمەڵ لە موسڵ دۆزرانەوە

  • جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق و هەرێم ڕوو لە هەڵكشانە

سەرەکی