3   کاتژمێر پێش ئێستا 51 جار خوێنراوەتەوە

دوای دوو ئیدارەیی و شكستی دامەزراوەکان؛ لە هەرێمی كوردستان چی ماوەتەوە؟

ناوەندی هەواڵ

هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان لە یەككاتدا ڕوبەڕووی چەندین قەیران بوونەتەوە، كە هەموویان حزب و حكومەتی هەرێم لێی بەرپرسن، حكومەتی هەرێمیش قەیرانەكان دەخاتە ئەستۆی بەغداد.

ئێستا كە ئەم ڕاپۆرتە ئامادە دەكەین، جگە لە قەیرانی مووچە، قەیرانی غازیش سەریهەڵداوە، لەكاتێكدا هاوڵاتیان بەهۆی بێ مووچەییەوە ناتوانن پارەی كارەبا و باج بدەن، لە وەرزی زستانیشدا كێشەی سوتەمەنی هەمیشەییە لە هەرێمی كوردستان و هاوینیش هاوڵاتیان ترسی دووبارەی قەیرانی ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاری بەرۆكیان دەگرێت.

هەرێمی كوردستان داهاتێكی زۆری هەیە، هەرچەندە كەس نازانێت بەشێكی ئەو داهاتە بۆ كوێ دەچێت و دەچێتە گیرفانی كام لایەن و بەرپرسی حزبییەوە، رۆژانە چەندین بارهەڵگر لە نەوت و كەلوپەل لە دەروازەكانەوە هاتوچۆ دەكەن، ئەو فەرمانبەرانەی لەوێن لەكاتی خۆیدا مووچە وەرناگرن، لەكاتێكدا ئەو داهاتەی دەروازەكانیش بەشێكی كەمی بۆ حكومەت دەچێت، هەرچەندە حكومەت رێككەوتنی لەگەڵ عێراق هەیە بۆ دابەشكردنی مووچە، بەڵام ناشەفافی داهات و كێشەی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغداد وایكردووە مووچە دوابكەوێت، ئەمەش باجەكەی هاوڵاتیان دەیدەن.

قەیرانەكان بەرۆكی شەش ملیۆن دانیشتووی هەرێمیان گرتووە

سەرەڕای قەیرانەكانی پێشوو كە بەرۆكی شەش ملیۆن دانیشتووی هەرێمی گرتووە، ئێستا جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیلیش كێشەكانی سەربار كردوون، هاوڵاتیان دەڵێن لەكاتێكدا ئەو هەموو قەیرانە بەرۆكی هەرێمی گرتووە، یەكێتی و پارتی لە شەڕی پلە و پۆستدان لە هەولێر و بەغداد، زیاتر لە ساڵ و نیوێكە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەڵام نە حكومەت پێكهاتووە و نە پەرلەمان كارا كراوەتەوە، لە واقیعیشدا دوو ئیدارەیی باڵی بەسەر دیمەنەكەدا كێشاوە و حزب جێگەی دامەزراوەكانی گرتووەتەوە.

زیاتر لە ملیۆنێك و 250 هەزار مووچەخۆر و خانەنشینی هەرێمی كوردستان دەبێت مانگانە چاوەڕێی هات و نەهاتی مووچە بن لە بەغدادەوە، لەكاتێكدا ئەو ئابوریە سەربەخۆیەی هەرێمی كوردستان دەستی دابوویە لە 2014 ەوە، شكستیهێنا و ئێستا ئەو هەموو سامانی ژێرزەوییە لە نەوت و غاز نەبووەتە هۆی خۆشگوزەرانی خەڵك.

ئێستاش خەونی گەورەی گەنجانی كورد، ئەوەیە بە هەر رێگەیەك بێت خۆیان بگەیەننە دەرەوەی وڵات و ئەوروپا، لەكاتێكدا زۆرێك لەو وڵاتانەی كورد ڕووی تێدەكات وەكو هەرێمی كوردستان خاوەن سامانی سروشتی نین. زۆرێك لەو گەنج و خەڵكانەی هەرێمی كوردستانیش لە رێگا تووشی مردن یاخود دەردەسەری زۆر دەبنەوە.

وەستانی دانوستانی سیاسی و پەككەوتنی ژیان

دواین گەڕی گفتوگۆی نێوان پارتی و یەكێتی لە 11 ی شوباتی 2026 بوو بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، رێكنەكەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، جگە لەوەش ڕێكنەكەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كابینەی داهاتوو، لەكاتێكدا زیاتر لە ساڵ و نیوێكە هەڵبژاردن كراوە.

دەستپێكردنی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و عێراق، هاندەری پارتی و یەكێتی نەبوو تا كۆبوونەوە بكەن و بەخۆیاندا بچنەوە، لەكاتێكدا دەیان پێگەی هەرێمی كوردستان كەوتنە بەر هێرشی درۆنیی و موشەكیی و ئەوەش قەیرانەكانی سوتەمەنی و كارەبای قوڵتر كردەوەو هەناردەی نەوتی هەرێم و عێراقیشی ڕاگرت.

بە درێژایی زیاتر لە ساڵ و نیوێك، هیچ گەرموگوڕییەكی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان نییە، تەنها چەند دانیشتنێكی خێرا كراون و زۆرینەی لایەنە ئۆپۆزسیۆن و حزبە بچوكەكانیش كە خاوەنی كورسی پەرلەمانین بێلایەنی و بێدەنگییان هەڵبژاردووە و زۆرینەشیان ڕایانگەیاندووە بەشداری حكومەتی داهاتوو ناكەن، لەكاتێكدا هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەت لە عێراق دەستیپێكردووە و لە هەرێم هیچ دیار نییە.

حزبە سەرەكیەكانی هەرێمی كوردستان، پارتی و یەكێتی ئێستا كەسیان ناتوانن بە تەنها حكومەت پێكبهێنن و 50+1 یان بەدەستەوە نییە و بۆ پێكهێنانی حكومەت پێویستیان بە لایەنی تر هەیە.

ناكۆكی سیاسی توندی نێوان پارتی و یەكێتی كە كۆنترۆڵی دوو زۆنی هەرێمیان كردووە، وایكردووە پەرلەمان پەكی بكەوێت و دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێك هەڵبژاردن تەنها دانیشتنی سوێندخواردنی ئەنجامداوە، ئێستاش سەرەڕای كێشەی مووچەو پێداویستیەكان كێشەی دەروازە سنوریەكانیش لەنێوان هەولێر و بەغداد سەریهەڵداوە، بۆ ئەمەش لایەنە سیاسیەكانی هەرێم یەكدەنگ نین و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانیش تەنها ڕەخنە دەگرن و هیچ هەنگاوێكی كردەییان نەناوە و پارتی و یەكێتی بە خواردنی داهات و هۆكاری قەیرانەكان دەزانن.

پرۆژەی بێ پارە و بێ بنەما لەبەردەم داڕماندایە

ناكۆكییە سیاسیەكان كاریگەری مەترسیداری لەسەر خەڵك و دۆخی هەرێمی كوردستان كردووە، وەبەرهێنەران دەڵێن زۆربەی پرۆژەكان بەهۆی خەرجنەكردنی پارەوە وەستاون، بەتایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی، جگە لەوەی لە هەولێر و دهۆك پارەی پرۆژەكان دوادەكەوێت و لەسەر قەرز بەڕێوەدەچن.

هێشتا لە ڕواڵەتدا وا دەردەكەوێت هەموو شتێك لە هەرێمی كوردستان سروشتییە و جوانە، بەڵام لە پشتی ئەم دیمەنەوە كێشەی قوڵی ژێرخان و قەیرانی ئابوری و سیاسی هەیە، كە هەڕەشەن بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان، چونكە ئێستا هەرێم بەبێ بودجە و بێ پەرلەمانە و حكومەتەكەشی كاربەڕێكەرە و بێ چاودێرییە، بەسەر دوو زۆندا دابەش بووە و بەمەش مەترسی لەسەر شەرعیەتی یاسایی هەیە، ئەمەش هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەكان و دادگا و سەرجەم كایەكانی تری بەسەر دەسەڵاتی حزبدا دابەش كردووە.

بەشێكی زۆری دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بەدەست بێ مووچەیی و نەبوونی هەلیكارەوە دەناڵێنن، نرخەكانیش رۆژ بەڕۆژ بەرز دەبنەوە، لەوانەش نرخی كەلوپەل وكارەبا و پێداویستیەكان، لەكاتێكدا حكومەتێكی خاوەن بەرنامە و ستراتیژ بوونی نییە و كەرتەكانی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزاریش پەكیان كەوتووە و هەموو شتێك بەرەو كەرتی تایبەت هەنگاو دەنێت.

هاوڵاتیانی كوردستان گیریان خواردووە و هیچ هیوایەكیان بە گۆڕانكاری نەماوە

لە 2014 ەوە خەڵكی هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی سەختی ئابوریی و ژاوەژاوی سیاسیدا دەژین، حكومەتی هەرێم لەوكاتەوە زیاتر لە 30 مووچەی بە هەر مووچەخۆرێك نەداوە یاخود بە لێبڕینەوە پێی داون.

هەموو ئەمانە لەكاتێكدان، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 20 ی تشرینی یەكەمی 2024 دوای دوو ساڵ دواخستن كرا، ئەنجامەكەشی ئەوەبوو پارتی و یەكێتی و نەوەی نوێ 82% ی كورسیەكانی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، لەنێو تێڕوانینی جیا و دەستەوەستانی ئەم لایەنانە بۆ چارەسەری كێشە و قەیرانەكان، هاوڵاتیانی كوردستان گیریان خواردووە و هیچ هیوایەكیان بە گۆڕانكاری و چارەسەری دۆخەكە نەماوە.

زیاتر لە سێ دەیەیە و لە ساڵی 1991 ەوە هەرێمی كوردستان خاوەنی نیمچە دەوڵەتێكە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا، بەڵام تائێستاش دامەزراوەی نییە و خاوەن مەرجەعیەت و دەستور نییە، جگە لەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان هەر ساڵە و بەدەست قەیرانێكی نوێوە دەناڵێنێت و دەسەڵاتدارانی ئەوەندەی خەریكی باشتركردنی پەیوەندییەكانن لەگەڵ ئێران و توركیا و وڵاتانی تر، نایانەوێت دۆخی ناوخۆ باش بكەن و خەڵك لەگەڵ خۆیان ئاشت بكەنەوە.

ئەوەی خەمەكەی قوڵتر كردووەتەوە بێ بەرنامەیی دەسەڵاتداران و پارتی و یەكێتی نییە، بەڵكو ئۆپۆزسیۆنیش دەستەوەستانە، زیاتر لە ساڵ و نیوێكە پەرلەمان هەڵبژێردراوە و سەرەڕای ئەوەی یەك دانیشتنی كردووە، ئەندامانی مووچەی خۆیان وەردەگرن و هیچ هەڵوێستێكی كردارییان نییە.

 

 

  • دوای دوو ئیدارەیی و شكستی دامەزراوەکان؛ لە هەرێمی كوردستان چی ماوەتەوە؟

  • ترەمپ ناڕازییە لە پێشنیارەكەی ئێران؛ چەند رۆژێكی یەكلاكەرەوە بۆ دانوستان

  • عەلی زەیدی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت؛تاقیكردنەوەی ناوخۆ و دەرەوە

  • لە سودانەوە؛ زنجیرەیەكی نوێی ستراتیژی ئێران بۆ گەمارۆدانی ئیسرائیل

  • نەخشەی نوێی ناوچەکە؛ کێبڕکێی ئەمریکا و ئیسرائیل و بژاردە چارەنووسسازەکەی کورد

  • جیهان لە لێواری 100 جەنگدایە؛ بۆچی هەستی پێناکەین؟

  • وادە دەستورییەكە كۆتایی هاتووە؟؛ شیعەكان نەیانتوانی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا بكەنەوە

  • دانیشتنێكی چاوەڕوان نەكراو لە دیمەشق؛ مەزڵوم عەبدی چاوی بە باڵیۆزی توركیا كەوت

  • دوای دەستخۆشی توركیا؛ پارتی بە چەپكێك گوڵی زەردەوە پیرۆزبایی لە پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك كرد

سەرەکی