1     کاتژمێر پێش ئێستا 76 جار خوێنراوەتەوە

عەلی زەیدی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت؛تاقیكردنەوەی ناوخۆ و دەرەوە

ناوەندی هەواڵ

عێراق لەگەڵ دیاریكردنی عەلی زەیدی وەك كاندیدی سەرۆكوەزیران چووە قۆناغێكی سیاسی نوێوە، هەنگاوێك كە ڕەنگدانەوەی ڕێككەوتنی هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە، بەڵام لە هەمانكاتدا دەرگای پرسیار لەبارەی توانای بۆ ئیدارەدانی باڵانسە ئاڵۆزە ناوخۆیی و دەرەكییەكان دەكاتەوە.

شەوی ڕابردوو دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی كاندیدی سەرۆكوەزیرانی یەكلاكردەوە و رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی عەلی فالح كازم ئەلزەیدی وەك كاندیدی سەرۆكوەزیران، نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عێراق بە ڕەسمی عەلی زەیدی بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕاسپارد، ئێستا كاتێكی دەستوری لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتەكەی و بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمان.

كاندیدی سازش لەسەركراو بە دۆسیەیەكی نائاساییەوە

عەلی زەیدی پیاوێكی بازرگان و پسپۆڕی دارایی و یاساییە، كاندێكی سازش لەسەركراوە زیاتر لەوەی كەسایەتییەكی سیاسی كلاسیكی بێت، زیاتر پسپۆڕیەكەی لە كەرتی بانكی و ئیداریدایە، لەگەڵ ئامادەبوونێكی سنورداری پێشووی لە دیمەنی سیاسیدا.

ئەم كارەكتەرە تەكنۆكراتییە، پەراوێزێكی فراوانتری قبوڵكردنی ناوخۆیی پێدەدات، بەڵام لە بەرامبەردا پرسیار دەربارەی توانای لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیە ئەمنیی و سیاسییە ئاڵۆزەكاندا دروست دەبێت.

ئەمریكا؛ پەسەندكردنێكی بە ئاگایانە یاخود خۆ بەدوورگرتن؟

پەسەندكردنی ئەمریكا بۆ هەر سەرۆكوەزیرانێكی عێراق پەیوەستە بە چەند هۆكارێكی سەرەكیی، یەكەم ئاستی سەربەخۆیی لە هەژموونی ئێران و توانای لە كۆنترۆڵكردنی گروپە چەكدارەكان.

هەرچەندە تائێستا هەڵوێستی ئەمریكا بە ڕەسمی ڕانەگەیەندراوە، بەڵام پاشخانی زەیدی كە پیاوێكی بازرگانە و لە ریزی یەكەمی سەركردە سیاسیە كلاسیكیەكان نەبووە، وادەكات لەلایەن ئەمریكاوە هەلێكی پێبدرێت و مامەڵەیەكی پراگماتیكی لەگەڵ بكات، هەرچەندە ئەمە نیگەرانی ئەمریكا كەم ناكاتەوە لەوەی لەلایەن هێزەكانی نزیك لە ئێرانەوە كاندید كراوە.

ئەوەی وێنەكە بۆ ئەمریكا ئاڵۆز دەكات، ئەو بانكانەی زەیدی بەڕێوەبەری بووە یاخود خاوەنیەتی، لەژێر سزاكانی ئەمریكادان، ئەمەش وادەكات بۆ بڕیار بەدەستانی ئەمریكا قورس بێت لە واشنتۆن تا بەزوویی هەڵوێستی خۆیان دەربڕن، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەمریكا جارێ چاوەڕێ بكات و هەڵوێستی پاش وردبوونەوە دەرببڕێت، لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ پشتیوانی بكات.

ئاڵنگارییە گەورەكە؛ كۆنترۆڵكردنی ئەمنیی و چەكی دەرەوەی دەوڵەت

زەیدی لە ناوخۆدا ڕوبەڕووی ئاڵۆزی زۆر دەبێتەوە، لەوانەش دۆسیەی چەكی دەرەوەی دەوڵەت و گروپە چەكدارەكان، لەگەڵ ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییە شیعە و سوننە و كوردییەكان، هەروەها بەردەوامیی هەڕەشەی ئەمنیی لە چەند ناوچەیەك.

سەركەوتنی لەم دۆسیانە دەبێتە هۆكارێكی یەكلاكەرەوە بۆ بەردەوامیی حكومەتەكەی، بەتایبەت كە حكومەتەكانی پێشوو تووشی قورسیی بوونەتەوە لە ڕاگرتنی باڵانس لەنێوان دەوڵەت و گروپە چەكدارەكاندا.

ئابوری ژێر فشار و چاكسازی دواخراو

لە تەنیشت دۆسیەی ئەمنییەوە، زەیدی خۆی لەبەردەم ئاڵنگارییەكی نوێدا دەبینێتەوە كە ئەویش ئاستەنگی درێژخایەنی ئابورییە.

ئەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەمی سەرۆكوەزیرانە نوێیەكە، پشت بەستنی گەورەیە بە نەوت، بێكاری و دۆسیەی خزمەتگوزاری، گەندەڵی ئیداری و دارایی، هەرچەندە پسپۆڕیەكەی زەیدی داراییە، بەڵام جێبەجێكردنی چاكسازی ڕاستەقینە وادەكات ڕوبەڕووی پێكدادانی سیاسی و بەرەوەندی بەیەكداچووی ڕەگداكوتاوی ناوخۆیی بكاتەوە.

لە دەرەوەش سەرۆكوەزیرانە نوێیەكە ڕوبەڕووی ئیدارەدانی چەند دۆسیەیەكی هەستیاری پەیوەندییەكان دەبێتەوە، پاراستنی هاوبەشی لەگەڵ ئەمریكا، دووركەوتنەوە لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران، باشتركردنی پەیوەندییە عەرەبیی و هەرێمیەكان، ئەم دۆسیانەش ئاڵنگاری بوون لەبەردەم حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق.

تاقیكردنەوەی پێشوەختەی شەرعیەت

زەیدی لە دەرگای رێككەوتنی سیاسیی و وەك كاندیدێكی سازش لەسەركراو هاتە نێو دیمەنی سیاسی عێراق و بازەكە بەسەریەوە نیشتەوە، بەڵام شەرعیەتی كرداری كەوتووەتەوە سەر توانای ئەوەی تا چەند دەتوانێت حكومەتێك دروست بكات كە پەرلەمان پەسەندی بكات، لەگەڵ هێوركردنەوەی دۆخی ئەمنیی و بەدەستهێنانی دەستكەوتی ئابوری.

لە كۆتاییدا، عەلی زەیدی كاندیدی سەرۆكوەزیران، تەنها ڕوبەڕووی تاقیكردنەوەی پێكهێنانی حكومەت نابێتەوە، بەڵكو ڕوبەڕووی تاقیكردنەوەی توانای ئیدارەدانی دەوڵەتێك دەبێتەوە، كە ڕوبەڕووی قەیرانی ناوخۆیی و فشاری دەرەكیی بووەتەوە، بۆیە ئەركەكەی لە مێژووی نوێی عێراقدا قورسترین دەبێت.

  • ترەمپ ناڕازییە لە پێشنیارەكەی ئێران؛ چەند رۆژێكی یەكلاكەرەوە بۆ دانوستان

  • عەلی زەیدی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت؛تاقیكردنەوەی ناوخۆ و دەرەوە

  • لە سودانەوە؛ زنجیرەیەكی نوێی ستراتیژی ئێران بۆ گەمارۆدانی ئیسرائیل

  • نەخشەی نوێی ناوچەکە؛ کێبڕکێی ئەمریکا و ئیسرائیل و بژاردە چارەنووسسازەکەی کورد

  • جیهان لە لێواری 100 جەنگدایە؛ بۆچی هەستی پێناکەین؟

  • وادە دەستورییەكە كۆتایی هاتووە؟؛ شیعەكان نەیانتوانی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیران یەكلا بكەنەوە

  • دانیشتنێكی چاوەڕوان نەكراو لە دیمەشق؛ مەزڵوم عەبدی چاوی بە باڵیۆزی توركیا كەوت

  • دوای دەستخۆشی توركیا؛ پارتی بە چەپكێك گوڵی زەردەوە پیرۆزبایی لە پارێزگارە توركمانەكەی كەركوك كرد

  • ترەمپ بە ئامانجگیرایەوە؛ ساڵانێك لە هەڕەشە و هەوڵی تیرۆركردن

سەرەکی