4   کاتژمێر پێش ئێستا 286 جار خوێنراوەتەوە

با پێكەوە ئەم گرێیە بكەینەوە؛ هۆکاری پێكنەهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چییە؟

ناوەندی هەواڵ

قۆناغێكی تازە لە پێكهێنانی كابینەی نوێ دەستی پێكردووە، بەڵام ئەمجارە شەڕەكە تەنها لەسەر ناوی پۆستەكان نییە بەڵكو لەسەر ژمارەی كورسییەكانە.

ئەمە بە واتا چی؟

یەكێتی دەڵێت ئێمە نامانەوێت بە 23 كورسی لەگەڵ پارتی دانوستان بكەین، دەمانەوێت بە 39 كورسی بچینە سەر مێزی گفتوگۆ.

چۆن دەگاتە 39؟

خودی یەكێتی 23 كورسی هەیە، لەگەڵ نەوەی نوێ دەبێتە 38 و كورسییەكی گۆڕانیش بۆی زیاد دەبێت، واتە بە كۆی گشتی دەبێتە 39، لە بەرامبەر 39 كورسییەكەی پارتی.

یەكێتی دەیەوێت چی بڵێت؟

یەكێتی نیشتمانی بەم هاوكێشەیە دەیەوێت شتێك بە روونی بڵێت: ئێمە لەم دانوستانەدا لایەنی لاواز نین و لایەنی دووەم نین و هاوسەنگین.

ئایا ئەمە یارییە؟

ئەمەش تەنها یارییەك نییە بە ژمارەكان، هەوڵێكە بۆ گۆڕینی شێوازی دانوستان، بۆ ئەوەی سادەتر بێت، وەك ئەوە وایە كە دوو كەس بیانەوێت لە كۆمپانیایەكدا ببنە هاوبەش، ئەگەر یەكێكیان 39 هەزار دۆلار بهێنێت و ئەوەی تریش 39 هەزار دۆلار، سرووشتییە كە هەردووكیان بڵێن پشكەكان دەبێت پەنجا بە پەنجا بێت، یەكێتیش رێك بەم لۆژیكە هاتووەتە پێشەوە.

یەكێتی دەڵێت كاتێك ژمارەی ئێمە و پارتی یەكە، كەواتە بۆچی دابەشكردنی پۆستەكان و دەسەڵاتیش نیوە بە نیوە نەبێت؟ بەڵام لێرەدا خاڵێكی زۆر گرنگ هەیە، 39 كورسییەكەی پارتی هی خودی پارتییە، بەڵام 39 كورسییەكەی یەكێتی 39 كورسی هاوپەیمانییە، ئەمە جیاوازییەكی بچووك نییە.

ئەی واتای چی دەگەیەنێت؟

واتە یەكێتی توانیویەتی لە رووی سیاسییەوە بەرەیەك دروست بكات، ئەمەش خۆی لە خۆیدا هێزە، بەڵام لە هەمان كاتدا، ئەم 39 كورسییە لە هێزی تەواو یەكدەست پێك نەهاتووە، بەشێكی لە هاوپەیمانی و هەماهەنگی لەگەڵ ئەوانی دیكە بەدەستهاتووە، واتە ئەم ژمارەیە، هەم هێزی هەیە، هەم لاوازی، وەك ئەوكاتەی كە چەند كەسێك پێكەوە تیمێك پێكدەهێنن، لە رووكەشدا دەڵێن ئێمە یەكین، بەڵام كاتێك باسەكە دەگاتە پۆست، بڕیاردان، بەرژەوەندییەكان و پشكی راستەقینە، لەوێدا دەردەكەوێت كە بەڕاستی چەندە یەكن.

ئایا ئەمە شتێكی نوێی لە هەرێمی كوردستان؟

لە سیاسەتی هەرێمی كوردستاندا ئەمە شتێكی نوێ نییە، زۆرێك لە هاوپەیمانی و فراكسیۆنەكان دروست بوون،بەڵام كەمتر روویداوە هەموویان تا كۆتایی خولەكە بە هەمان شێوە بمێننەوە،  بۆیە ئەم 39 كورسییەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەسەر كاغەز ژمارەیەكی گەورەیە، بەڵام هێشتا دیار نییە لە كرداردا بە هەمان ئەندازە توندوتۆڵ بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بە واتای لاوازی داواكارییەكەی یەكێتی نایەت.

بەپێچەوانەوە چونكە لە سیاسەتدا هەمیشە ئەوە گرنگ نییە كە تۆ بە تەنیا چەند كورسیت هەیە، هەندێك جار ئەوە گرنگترە كە بتوانیت چەند كورسییەك لە دەوری خۆت كۆبكەیتەوە، واتە بتوانیت لە یاریزانێكەوە ببیتە تیمێك، یەكێتی ئێستا رێك دەیەوێت ئەمە بسەلمێنێت. دەیەوێت بڵێت من تەنها حزبی دووەم نیم من بەرەیەكم كە دەتوانم هاوكێشەكە بگۆڕم.

پارتی چی دەكات؟

لە لایەكی ترەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان بێدەنگ دانەنیشتووە، هەرچەندە تا ئەم ساتە هەڵوێستێكی نوێ و تەواو روونی سەبارەت بەم هاوكێشەیەی 39 لە بەرامبەر 39 نەداوە بەڵام چەندین جار وتوویەتی كە ئەگەر بیەوێت، پێكهێنانی حكومەت بەبێ یەكێتی كارێكی قورس نییە، چونكە دەتوانرێت هاوكێشەی 50+1 دروست بكرێت واتە زۆرینەی سادە، لەسەر كاغەز، ئەم قسەیە راست دەردەكەوێت، بەڵام كێشەكە لێرەدایە كە سیاسەت تەنیا حیساباتێكی وشك نییە.

بۆچی؟

چونكە هەردوو لایەن و هەموو لایەنەكانیش باش دەزانن، لە هەرێمی كوردستان، حكومەتێك كە یەكێك لەم دوو هێزە سەرەكییەی تێدا نەبێت، رەنگە لەسەر كاغەز پێكبێت، بەڵام لەسەر زەوی، لە بەڕێوەبردنی راستەقینەی دەسەڵاتدا، بەو سادەییە بەرگە ناگرێت.

پرسیارەكان ئەمانەن

ئایا ئەمجارەش 39 لە بەرامبەر 39 بڕیارە هاوسەنگی دروست بكات؟ یان قوفڵێكی تازە دروست بكات؟

چونكە یەكێتی تەنیا سەبارەت بە پۆست قسە ناكات، رەنگە سەبارەت بە مەرجەكانیش قسە بكات، رەنگە سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەت قسە بكات، رەنگە سەبارەت بە ناوی سەرۆك وەزیرانیش باس بكات.تا ئێرە پارتی وەڵامێكی روون و كۆتایی بەم داواكارییە نەداوەتەوە. نە وتوویەتی ئەم هاوكێشەیە قبوڵ دەكات، نە بەتەواویش رەتی كردووەتەوە.

بژاردەیەكی تریش هەیە

ئەویش، دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردنە، ئەم بژاردەیە پارتی چەندین جار وەك رێگەیەكی گونجاو خستووەتە روو.لۆژیكەكەشی روونە، ئەگەر حزبەكان نەیانتوانی بۆ پێكهێنانی حكومەت بگەنە رێككەوتن، خەڵك دووبارە دەنگ بدەنەوە.لە رووكەشدا، ئەمە دیموكراسیترین رێگەیە، لە زۆرێك لە وڵاتانیشدا هەمان شت روودەدات.كاتێك چەقبەستوویی سیاسی درێژە دەكێشێت، هەڵبژاردن دووبارە دەكرێتەوە بۆ ئەوەی دەنگی خەڵك دووبارە یەكلاكەرەوە بێت، لێرەش بەڵامێكی گەورە هەیە دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردن هەمیشە چارەسەر نییە. هەندێك جار تەنیا قەیرانەكە درێژتر دەكاتەوە چونكە  هیچ گرەنتییەك نییە كە ئەنجامی نوێ گۆڕانكارییەك دروست بكات.

چی روودەدات؟

رەنگە پارتی كورسی زیاتر بەدەست بهێنێت، رەنگە یەكێتی بەهێزتر بگەڕێتەوە. هەروەها رەنگە هێزەكانی تر نەخشەی سیاسی بگۆڕن. بەڵام بە هەمان ئەندازەش رەنگە هیچ شتێك نەگۆڕێت، یان تەنانەت دۆخەكە ئاڵۆزتر بێت.

یەكێتی دەڵێت لەم بژاردەیە ناترسێ و ئامادەیە ئەگەر پێویست بێت هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە، ئەمەش پەیامێكی راستەوخۆیە بۆ پارتی.

پەیامەكە چییە؟

ئەگەر پێتان وایە فشار دەهێنن، ئێمەش بێ بژاردە نین. لە كۆتاییدا، كێشەی ئەمڕۆ تەنیا ئەوە نییە كێ براوەیە و كێ دۆڕاو.كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە كە ئەم كورسییانە چۆن دەیانەوێت ببنە دەسەڵاتێكی راستەقینە، یەكێتی دەیەوێت 39 كورسییەكەی بكاتە كارتی دانوستان. پارتیش دەیەوێت 39 كورسییەكەی خۆی وەك مافی سروشتی هێزی یەكەم بپارێزێت.

لە نێوان ئەم دوو تێڕوانینەدا، كابینەی نوێ گیری خواردووە و پرسیارە سەرەكییەكە هێشتا هەر ئەوەیە ئایا 39 لە بەرامبەر 39، دەبێتە بنەمای رێككەوتن؟ یان دەستپێكی چەقبەستووییەكی تازە؟

 

  • عێراق لێخۆشبوون بۆ رۆژنامەنوسان دەردەكات؛ حكومەتی هەرێمیش بێ بەڵگە رۆژنامەنوسانی كردووەتە كونجی زیندان

  • سێ قۆناغ؛ وردەكاری پێشنیارە نوێیەكەی ئێران كە ئەمریكا ڕەتیكردەوە

  • با پێكەوە ئەم گرێیە بكەینەوە؛ هۆکاری پێكنەهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان چییە؟

  • حكومەت بە ترسەوە هەنگاو دەنێت؛ دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی هۆشداری دەدات

  • بەهۆی جەنگ لەگەڵ ئێران وەزیری بەرگریی ئەمریكا بانگهێشتی كۆنگرێس دەكرێت

  • ئەمریكا لەسەر ئاستی نێردە پشتیوانی بۆ سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق ڕاگەیاند

  • دوای دوو ئیدارەیی و شكستی دامەزراوەکان؛ لە هەرێمی كوردستان چی ماوەتەوە؟

  • ترەمپ ناڕازییە لە پێشنیارەكەی ئێران؛ چەند رۆژێكی یەكلاكەرەوە بۆ دانوستان

  • عەلی زەیدی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت؛تاقیكردنەوەی ناوخۆ و دەرەوە

سەرەکی