2   کاتژمێر پێش ئێستا 152 جار خوێنراوەتەوە

ناكۆكی لەسەر پۆستەكانی چی بەسەرهات؟؛ پێنجشەممە دەنگ لەسەر كابینەكەی عەلی زەیدی دەدرێت

پەرلەمانی عێراق بڵاویكردەوە، سبەینێ  پێنجشەممە دەنگ لەسەر بەرنامە وەزاریەكەی عەلی زەیدی كاندیدی ڕاسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق دەدرێت.

وردەكاری دانیشتنەكە

خشتەی كاری دانیشتنی پەرلەمانی عێراق سبەینێ پێنج شەممە 14 ی ئایاری 2026 ، لە یەك بڕگە پێكدێت، ئەویش دەنگدانە لەسەر بەرنامەی وەزاری عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، دانیشتنەكەش كاتژمێر چواری ئێوارە بەڕێوەدەچێت.

لە 26 ی نیسانەوە عەلی زەیدی لەلایەن نزار ئامێدی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕاسپێردراوە، دوای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی وەك تاكە كاندیدی خۆی بۆ پۆستەكە ڕایگەیاند.

كارنامەكەی پێشكەش كرد

رۆژی پێنجشەممە حەوتی ئایاری 2026 عەلی فالح زەیدی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق، كارنامەی حكومەتەكەی پێشكەش بە هەیبەت حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كرد.

ئێستا عەلی زەیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، لەنیوەی ئەو ماوە دەستوورییەدایە كە 30 ڕۆژە و بۆی دیاریكراوە.

بەپێی بەرنامەی دانیشتنەكەی رۆژی پێنج شەممەی پەرلەمانی عێراق،تەنها دەنگ لەسەر بەرنامە حكومیەكەی عەلی زەیدی دەدرێت، واتە پێدەچێت دەنگدان لەسەر وەزیرەكان لە هەمان دانیشتندا یەكلایی نەكرێتەوە.

ناكۆكی لایەنەكان

ئەو دانیشتنە لەكاتێكدایە، چەند رۆژێك بوو باس لەوەدەكرا، ڕەنگە دانیشتنەكە بەهۆی ناكۆی لایەنەكان لەسەر پۆستە وەزاریەكان دوابخرێت.
كاندیدكردنی عەلی زەیدی پاش كشانەوەی هەریەك لە نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان هات لە كاندیدبوون.

دابەشكردنی پۆستەكان

دابەشكردنی پۆستە وەزارییەكان لە عێراق ساڵانێكە پشت بە سیستمی خاڵ دەبەستێت، كە بەپێی كورسییەكانی پەرلەمان بەسەر لایەنەكاندا دابەش دەكرێت، هەر وەزارەتێك بەرامبەرە بە چەند خاڵێك، ئەو لایەنانەشی كەمتر لە 10 كورسییان لە پەرلەمانی عیراق هەیە هیچ وەزارەتێك وەرناگرن.

دەبێتە گەنجترین سەرۆكوەزیران

عەلی زەیدی ئەگەر كابینەكەی دەنگی پێبدرێت،دەبێتە گەنجترین سەرۆكوەزیرانی عێراق، پێشتر لەبواری بازرگانیی و بانك كاریكردووە و بەدوور بووە لە سیاسەت، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئەركی داهاتووی قورس بێت.

رۆژنامەی سەباحی ڕەسمی عێراق ئاشكرایكردووە، لە 80% پۆستە وەزارییەكانی كابینەی نوێ‌ یەكلاكراونەتەوەو هەندێك كێشەی بچووك ماون.

سەباح:ناكۆكی كەم ماوە

رۆژنامەی سەباحی ڕەسمی عیراق بڵاویكردەوە، هەوڵە سیاسییەكان بەردەوامن بۆ كۆتایی هێنان بە پێكهێنانی حكومەتی نوێ، لەگەڵ پێشكەوتنی بەرچاو لە لێكتێگەیشتن لە نێوان هێزە سیاسییەكان سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستە وەزاریییەكان كە بەپێی خەمڵاندنەكانی پەرلەمان نزیكەی 80%ی یەكلاكراوەتەوە، تەنها چەند ناكۆكییەكی بچووك ماوە سەبارەت بە وەزارەتە سیادی و ناوی هەندێك لە كاندیدەكان.

دوو لەسەر سێی كابینەكە پەسەند دەكرێت

لەلایەن خۆیەوە، عادل ركابی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی سادقون لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە،  دوو لەسەر سێی كابینەكەی عەلی زەیدی لە دانیشتنی پەرلەمان پەسەند دەكرێت، بەڵام سێیەكی كۆتایی دوادەخرێت تا ئەوكاتەی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە بەشداریكردنی گرووپەكان لە حكومەتەكەی زەیدی كۆتایی دێت.

ركابی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆیندا وتوویەتی، زۆرینەی ئەو گرووپ و لایەنانەی خاوەنی چەكن، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە دەبێت رادەستی دەوڵەتی بكەن، بەڵام ناكۆكی ئێستا پەیوەندی بە میكانیزمی رادەستكردنەكە و ئەو قەوارەیە هەیە كە وەریدەگرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی سادیقون دەڵێت، ئامادەیی هەیە بۆ رادەستكردنی چەك و ناڕەزایی نییە بۆ ئەمە، بەڵام بەو مەرجەی لە رێگەی میكانیزمی عێراقییەوە ئەنجام بدرێت، هەروەها لیژنەیەك لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە سەرپەرشتی رادەستكردنەكە بكات و بدرێت بە دەستەیەكی ڕەسمی حكومی كە لە ژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندابێت.

  • ناكۆكی لەسەر پۆستەكانی چی بەسەرهات؟؛ پێنجشەممە دەنگ لەسەر كابینەكەی عەلی زەیدی دەدرێت

  • توێژینەوەیەک: ژمارەی دانیشتوانی زەویی لە توانای بەرگەگرتنی زیاترە

  • ئاگربەست لە چاودێری چڕە؛ئەمریکا گومانی لە پاکستان هەیە و ئێران هەڕەشە دەکات

  • بنكه‌كه‌ى ئیسرائیل له‌ عێراق؛ ئێرانى هێنایه‌ ده‌نگ و به‌رپرسان وته‌ى دژ به‌ یه‌ك ده‌ده‌ن

  • پەرلەمانێكی بێكار و پەككەوتوو بە مووچە و ئیمتیازاتەوە

  • "دەرفەتمان پێبدەن؛"مەزڵوم عەبدی لەبارەی ناڕەزایەتیەكانی حەسەكە و مافەكانی كورد چی دەڵێت؟

  • ئێران داوای چی كرد و ئەمریكا ڕەتیكردەوە؟

  • سەردانی قائانی و پترایۆس؛ زەیدی لەنێوان کێشمەکێشی ئەمریکا و ئێران

  • عەرەبی زمانی رەسمییە؛ لە حەسەکە چی ڕوودەدات؟

سەرەکی