1     کاتژمێر پێش ئێستا 175 جار خوێنراوەتەوە

عەرەبی زمانی رەسمییە؛ لە حەسەکە چی ڕوودەدات؟

ناوەندی هەواڵ

لە ماوەی دوو رۆژدا، بۆ چوارەم جار "گەنجانی شۆڕشگێڕ" تابلۆی ناساندنی بینای دادگای حەسەکەیان لێکردەوە، وتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارێزگاکەش دەڵێت "ئەوەی ڕوویدا رووداوێکە و تێدەپەڕێت" و کاریگەری لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن لە حەسەکە نابێت.

جارێکی تر ئەندامانی "گەنجانی شۆڕشگێڕ" ی کوردی رۆژی شەممە لەبەردەم بینای دادگای حەسەکە کۆبوونەوە و هێرشیان کردە سەر بیناکە و تابلۆکەیان لێکردەوە کە تەنها بە زمانی عەرەبی لێی نوسرابوو، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە تیمێکی سەرۆکایەتی سوریا لە بیناکەدابوون و سیامەند خەلیل جێگری فەرماندەی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکەشیان لەگەڵدا بوو، کە لە چوارچێوەی ئامادەکاری بۆ دووبارە کردنەوەی بارەگای دادگای حەسەکە لەوێ بوون.

پارێزگاری حەسەکە چی دەڵێت؟

نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە لەوبارەیەوە دەڵێت" دەستدرێژی بۆسەر دامەزراوە گشتییەکان و پێداویستییەکانی کە موڵکی هەموو هاوڵاتیانن، رەفتارێکی رەتکراوەیە و دەبێتە هۆی زیاتر کردنی گرژییەکان پەکخستنی بەرژەوەندی هاوڵاتیان و لاوازکردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی".

بە وتەی پارێزگاری حەسەکە "ئەو هەوڵە تێکدەرانەیە خزمەت بە بەرژەوەندی کۆمەڵگە ناکات و رەنگدانەوەی بەهای رۆڵەکانی ناوچەکە نییە". جەختیش دەکاتەوە "پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری بەرپرسیارێتییەکی گشتییە و لەسەر شانی هەمووانە".

نورەدین ئەحمەد، داوا لە هەمووان و بەتایبەت گەنجان دەکات، "لەم دۆخە هەستیارەدا بە رۆحی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن زمانی بیر و گفتوگۆ پێشبخەن، دووریش بکەونەوە لە دروستکردنی ئاژاوە و تێکدانی دۆخەکە".

"کاریگەی لەسەر هەڵبژاردن نابێت"

نەوار نەجمە، وتەبێژ بەناوی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل، لەوبارەیەوە دەڵێت "ئەو ناڕەزایەتیانەی لە پارێزگاکە بەڕێوەدەچێت رووداوێکی تێپەڕەو کاریگەری لەسەر کارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن نابێت".

نەجمە تەئکید دەکاتەوە، پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای حەسەکە بەشێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەدەچێت، دەشڵێت "سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشدار دەبێت لە باشترکردنی پرۆسەی تێکەڵبوونەوەی سیاسی و ئیداری و ئەمنیی لە پارێزگای حەسەکە و جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی 29 ی کانوونی دووەمی رابردوو".

وتەبێژ بەناوی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل ئاماژە بەوە دەکات، "دواکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەل دەگەڕێتەوە بۆ خواستی هەڵبژاردن لە پارێزگاکانی حەسەکە و رەققە، بە ئامانجی تەواوکردنی نوێنەرایەتی ئەنجومەنەکە و بوونی شەرعییەتی زیاتر".

"زمانی عەرەبی زمانی رەسمی دامودەزگاکانە"

ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە و وتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی سوریا کە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی تێکەڵکردنەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بە حکومەتی سوریا پێکهاتووە، رایگەیاندووە، "زمانی عەرەبی زمانی رەسمی و تاکە زمانە لە کۆماری عەرەبیی سوریا، بەپێی دەستوور و یاساکان و بەشێکە لە سەروەری دەوڵەت و سیستمی گشتیی و ناکرێت ئەم یاسایانە لەم قۆناغەدا تێپەڕێنرێن".

وتیشی "ئەو یاسا دەرچووانە لەم کاتەدا دەستکاری ناکرێن، بەڵام دەکرێت لە داهاتوودا دامەزراوەکانی یاسادانان هەمواری بکەنەوە، لە پێش هەمووشیانەوە ئەنجوومەنی گەلی سوریا کە بەمزووانە پێکدەهێنرێت".

 

  • سەردانی قائانی و پترایۆس؛ زەیدی لەنێوان کێشمەکێشی ئەمریکا و ئێران

  • عەرەبی زمانی رەسمییە؛ لە حەسەکە چی ڕوودەدات؟

  • ململانێى هاككه‌ره‌كان؛ له‌نێوان خۆیاندا سیستمى یه‌كتر ده‌دزن

  • ساڵ و نیوێكه‌ حكومه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان پێكنایه‌ت؛ عێراق دواى شه‌ش مانگ حكومه‌ت پێکدەهێنێت

  • دوای 126 ساڵ؛ خەونی سوڵتان عەبدولحەمید بە دروستكردنی هێڵی ئاسنینی حیجاز بەدی دێت؟

  • ئەمریكا و ئێران بۆچی ناچارن گفتوگۆ بكەن؟

  • دەیڤد پترایۆس سەردانی بەغداد دەكات؛ لیژنەیەكی عێراقی بۆ چەكداماڵینی گروپە چەكدارەكان پێكدەهێنرێت

  • ئەردۆغان:پرۆسەی توركیای بێ تیرۆر دژی دابەشبوونی ناوچەكەیە

  • دوو ژنی ئوستورالی كە گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان؛ تۆمەتبارن بە كڕینی ژنێكی سوری

سەرەکی