5 کاتژمێر پێش ئێستا
96 جار خوێنراوەتەوە
بەغداد دوای باراک؛ کاتژمێری سفر بۆ گۆڕانکاریی لە دەوڵەتی قووڵ
سێ هەزار پلە بە دەستی گرووپەکانەوەیە
ناوەندی هەواڵ
وادیارە چوارچێوەی هەماهەنگی بە ناچاری رووبەڕووی هەندێک گۆڕانکاریی بووەتەوە، کە کتوپڕن و پێگە هەستیارەکانی دەوڵەت دەگرنەوە، تا ئێستاش زیاتر لە 80 پلەی باڵای نێو حکومەتی گرتووەتەوە کە لە شوێنی هەستیاردان.
بەڵام ئەوەی تائێستا دەگوزەرێت، سەرەتای رێڕەوێکی فراوانە، کە پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا فراوانتر ببێت، ئەویش لەگەڵ تەواوکاریی پێکهێنانی حکومەت و پڕکردنەوەی پۆستەکان.

بەشێک لە گۆڕانکارییەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی رۆڵدایە
هەندێک ئاماژەی سیاسی باس لەوە دەکەن، بەشێک لە گۆڕانکارییەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی رۆڵدایە، بەڵام هەندێکیان پەیوەستن بە دۆسیەی هەستیار کە پەیوەندی بە هەژموونی گرووپە چەکدارەکانەوە هەیە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەت، لەگەڵ ئەو ئیستیحقاقانەی قۆناغی نوێی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا دەیخوازێت.
لە ماوەی رابردوودا، نزیکەی سێ هەزار فەرمانبەری دەوڵەت کە نزیکن لە گرووپە چەکدارەکان و لە شوێنە ئەمنیی و سەربازییەکاندان بڕیاری لابردنیان دراوە، لەوانەش 80 یان پلەی باڵایان هەیە.
سەرچاوە سیاسییەکان تەئکید دەکەنەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی سەری سوڕماوە لەو گۆڕانکارییانەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامیان دەدات، بەتایبەت لە شوێنە ئەمنیی و ئابووریەکان، بەڵام بەرپرسانی چوارچێوەکە بێدەنگیان هەڵبژاردووە، بەوپێیەی قۆناغی نوێی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا ئەوە دەخوازێت.
ئەو گۆڕانکارییانە تەنها چەند کاتژمێرێک بوون لە سەردانەکەی تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، چاودێرانی سیاسی دەڵێن چوارچێوەی هەماهەنگی نایانەوێت بەرەیەکی نوێی دژایەتی لەگەڵ ئەمریکا بکەنەوە، بەتایبەت کە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەند سیناریۆیەک ڕوویدا و بووە هۆی نیگەرانییان.

کەوتنی ناوە قورسەکان
لەلایەنی ئەمنییەوە، ئەوەی بۆ شیعەکان شۆک بوو، دوورخستنەوەی ئەبو عەلی بەسڕی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بوو، کە لە ساڵی 2023 ەوە لەو پۆستەدا بوو، نزیکترین کەسایەتی بوو لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، یەکێکیش بوو لەو کەسانەی سەرکردایەتی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی دزیی سەدە کرد، کە تێیدا ملیاران دۆلاری باج دزرا، یەکێکیش بوو لەو کەسایەتیانەی نزیک بوو لە نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا.

لابردنی ئەعرەجی و پەیامێک بۆ بەدر
شۆکی دووەم، دوورخستنەوەی قاسم ئەعرەجی بوو لە پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کاتێکدا لە میانی سەردانێکدا بوو لە هەرێمی کوردستان، کە ئەویش یەکێکە لە سەرکردەکانی رێکخراوی بەدر، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دەست نەرمکردن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە دەبینرێت، هەروەها خۆ دوورخستنەوە لە ڤیتۆ و فشاری ئەمریکا بۆسەر گرووپە چەکدارەکان و کەسایەتییە سەربازیی و ئەمنییەکان.

کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
گۆڕانکارییە ئەمنیەکان لە کاتێکدان، پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بە وتەی سەرچاوەکان زەیدی بەڵێنی بە تۆم باراک داوە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بە بێ جیاوازی جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خێرابوونی گۆڕانکارییەکان لە عێراق.
ئێستا باس لە گۆڕینی چەندین بەرپرسی باڵا دەکرێت لە عێراق، لەوانەش خانەنشین کردنی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لە کاتێکدا ناوبراو لەلایەن ئەمریکاوە لە ساڵی 2021 ەوە لە لیستی سزاکاندایە، باس لەوەش دەکرێت عەبدولوەهاب ساعدی جێگەی دەگرێتەوە، لەکاتێکدا ناوبراو لەلای چوارچێوەی هەماهەنگی ناوێکی خوازراو نییە.

گۆڕینی رۆڵ یاخود دووبارە کێشانەوەی هاوکێشەی هێز؟
تا ئێستا هیچ دەنگێکی ناڕەزایەتی لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بەرز نەبووەتەوە، ئەمەش رەنگە هۆکارەکەی لێکتێگەیشتنێکی نهێنی رانەگەیەنراو بێت لەنێوان لایەنەکاندا.
گۆڕانکارییە ئابوورییەکانیش بە گۆڕینی عەلی عەللاق پارێزگاری بانکی ناوەندی دەستیپێکرد کە نزیکە لە نووری مالیکی، لە جێ ئەویش نزار ناسر شوێنی گرتەوە، لە کاتێکدا پێشتر بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتی تیرۆر بووە لە بانکەکە.
چاودێران ئەم گۆڕانکارییانە بە سەرەتای ڕێوشوێنی فراوانتری ئابووری دەبینن، لە چوارچێوەی ئەو بەرنامە ئابوورییەی زەیدی دەیەوێت بە پاڵپشتی و بۆ رەزامەندی ئەمریکا پەیڕەوی بکات.
لە کۆتاییدا بەشێک لەو بەرپرسە ئەمنیی و ئابووریانەی بڕیاری گۆڕینیان دراوە، رەنگە دیمەنەکە بە تەواوەتی جێنەهێڵن، بەڵکو لەژێر ناوی پۆستی دیکەدا بەردەوام دەبن، ئەمەش بە ڕای چاودێران گۆڕینی رۆڵە نەک دوورخستنەوەیان.
-
بەغداد دوای باراک؛ کاتژمێری سفر بۆ گۆڕانکاریی لە دەوڵەتی قووڵ
|
-
لوتکەی سویسرا;بۆچی ئێرانیەکان دوودڵن لە خۆمەڵاسدانی ئیسرائیل لە پشت پەردەی ڕێکەوتنەکانەوە ؟
|
-
دوای ساڵێک و هەشت مانگ لە هەڵبژاردن؛ پارتی و یەکێتی دەست بە گفتوگۆ دەکەن
|
-
كۆمپانیاكانى نهوت داواى گرهنتى دهكهن؛ وهزیرى ناوخۆ:لهوه دهكۆڵینهوه بزانین چى سیستمێكى بهرگریی گونجاوه
|
-
لە 2016ەوە بۆ 2026؛ مێژووی سەرلەنوێی دۆسیەکانی د. عەبدولەتیف ئەحمەد و تاقیکردنەوەی شکۆی زانکۆ
|
-
شیلادزێ ئهو شارۆچكهیهى خهڵكهكهى به تهنیا ڕوبهڕووى دهوڵهت و حزبێك وهستاونهتهوه
|
-
پێش گفتوگۆكانى سویسرا؛ ئێران جارێكى تر گهرووى هورمزى داخست
|
-
عیراقچی و ویتكۆڤ بەرەو سویسرا بەڕێدەكەون؛ ئەگەری شكستهێنانی گفتوگۆ هەیە؟
|
-
پشت پهردهى پلانهكهى ئهمریكا بۆ عێراق؛ زهیدى ههوڵى چى دهدات و باراك چى دهوێت؟
|
|
|
|