7   کاتژمێر پێش ئێستا 113 جار خوێنراوەتەوە

یەکێتی و پارتی؛ یان 39 بە 39 یان دادگای فیدراڵی

لە رێککەوتنی ستراتیژییەوە بۆ فەرمانی دەستگیرکردنی کادرانی یەکتر

ناوەندی هەواڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چەند رۆژی رابردوودا لەیەک نزیکبوونەوە تا گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بکەن، بەڵام فەرمانێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری کەناڵێکی یەکێتی و پێشکەشکارێکی ریسەکەی کردەوە بە خووری و پەیوەندییەکانی سفر کردەوە.

سەردەمێک پارتی و یەکێتیی رێککەوتنی ستراتیژییان هەبوو بۆ ئەوەی هەر ناکۆکییەک کەوتە نێوانیان دواتر بۆی بگەڕێنەوە، بەڵام لەگەڵ گواستنەوەی دەسەڵات لە باوکەوە بۆ نەوەکانیان ئەو رێککەوتنەش کاڵ بوەوە و ئێستا کاری پێناکرێت، ئێستا هەر ناکۆکییەکی نێوانیان لەبری ئاساییکردنەوە و پشت بەستن بە رێککەوتن، سەردەکێشێت بۆ رووداوی نەخوازراو و پەنابردن بۆ لایەنە عێراقییەکان و تەنانەت دادگای فیدراڵیش.

سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوەی ئاوێک بکات بە ئاگرەکەدا

رۆژی یەکشەممە 21ی حوزەیرانی 2026، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی، ئاهەنگی دەرچوونی خولی 5ـی پێگەیاندنی خوێندکاران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، پێش ئەوەش لەلایەن پارتییەوە لیژنەیەکی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکەی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی پێکهێنرا و ئەندامانی وەفدەکەش پێکهاتبوون لە:  هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی،  پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە هەولێر،  مەحمود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی.

وەفدی پارتی رایانگەیاندبوو، ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە و چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا دەستپێبکات.

سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی گەڕی گفتوگۆکان، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە میدیای پارتی راگەیاندوە کە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان پێشوازییان لە دەستپێشخەرییەکە کردووە و ئامادەیی خۆیان بۆ کۆبوونەوە دەربڕیوە.

وەزیری ناوخۆ ریسەکەی کردەوە بە خووری

بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی و پێکهێنانی وەفدەکەی پارتی، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کەسایەتیەکی نزیک لە مەسرور بارزانییە،  فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەڕێوەبەری کەناڵ 8 ی یەکێتیی و پێشکەشکارێکی کەناڵەکە دەرکرد.

بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ دەرچووە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە "ئەحمەد نەجم" (سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی کەناڵ8) و "بژار دەباغ" (پێشکەشکاری کەناڵەکە) دەرکراوە.

فەرمانەکە بەپێی ماددەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن (مۆبایل) دەرکراون لەبەرامبەر تۆمەتبار کراون، داواش کراوە دوای دەستگیرکردنیان، لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر ئامادە بکرێن. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی هەرێم فەرمانەکەی گشتاندووە بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی.

وتەبێژی یەکێتی:50 بە 50 مان دەوێت

دوای ئەو فەرمانە، کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند " نیگەرانین لە دواکەوتنی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز یەکێتی لەسەر پۆستێک شەڕی نەکردووە بەڵکو داوامان لە شەراکەتی ڕاستەقینەیە".

وتیشی" سورین لەسەر شەراکەتی ڕاستەقینە پەنجا بە پانجا و سەرەتای مانگی داهاتوو ڕێکەوتن لەگەڵ نەوەی نوێ ئیمزا دەکەین".

وتەبێژەکەی یەکێتیی وتیشی " تا عەقڵی خۆسەپێن لەناو پارتیدا هەبێت دۆخەکە خراپتر دەبێت".

ئەمڕۆش ستران عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاند"سیاسەت لە کوردستان لە چەند لایەنێکەوە هاوسەنگ کردنەوەی دەوێت: یەکێکیان 39 بە 39 یە".

وتیشی "دەڤەر و ناوچەکانیش هاوسەنگکردنەوەیان دەوێت. هەر زۆنی سەوز و زەرد نییە وەکو برادەرانی پارتی لێی تێگەیشتوون. تەنانەت لە ناو زۆنەکانیش پێویستمان بە هاوسەنگکردنەوە هەیە. جیاوازییەکە ئەوەیە لە سەوز بیری تیژ هەیە کە بۆ نموونە کۆنفرانس بۆ هاوسەنگی ئاوەدانی لە دەڤەری راپەڕین ساز دەکات".

"باسکردن لە هاوسەنگی ئاوەدانی دیاردەیەکی جهیانییە کە وڵاتەکان و حکومەتەکانیان خەمی لێ دەخۆن.  وەکو پارتی ناکەن کە بە حاشالێکردنی چارەی دەکەن، هاوسەنگییەکی تریش پێویستە کە تایبەتە بە رێژەی نوێنەرایەتی کردن. چۆن دەکرێ سلێمانی کە سەنتەری جوڵەی سیاسیی هەموو هێزەکانی وڵاتە بە ناوی زۆرینەی داخراو و قەپاتەوە کەمترینی بەرکەوێ ؟ چۆن دەکرێ هەولێر کە پایتەختی کوردستانە بە نۆزدە کورسی داخراوی ئەو دیوی زێ  ڕام بکرێت؟". ستران عەبدوڵا وا دەڵێت.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەكێتی دەڵێت "هاوسەنگییەکی تریش گرفتە و جوابی دەوێت لە بەغدا پلەی سەرۆکۆماری کورد و بادینی و لەکەرکوکیش پلەی یەکەمی کورد هەیە کەچی باڵی زاڵی پارتی  مەرحەبای هەردووکی نەکرد و ناکا و لە هەرێمیش باسی یەکێتیی ریزەکانی کورد دەکات؟! یانی نوێنەرایەتی بادینانیشی  هەر بۆ خۆی گەرەکە و کەرکوکیش جێی خەم خواردن نییە".

"هەر لایەنێک کۆسپ دروست بکات دەکەوێتە بەردەم بەرپرسیاریتی مێژوویی و سیاسی و یاسایی"

لە بەرامبەردا، هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەپێشوازی لە وەفدێکی سیاسی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و کونسولخانەی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "جەختمان لە هەڵوێستی نەگۆڕی پارتی کردەوە بەوەی خەلکی کوردستان مافی خۆیانە بزانن دەرئەنجامی بەشداری و دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە کوێ گەیشتوەو هەر لایەن و کەسێک رێگر بێت و کۆسپ بۆ کاراکردنی پەرلەمان دروست بکات ئۆباڵی یاسایی و سیاسی و نەتەوەیی و نیشتیمانی دەکەوێتە ئەستۆ".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی وتیشی "هیچ بیانویەک بۆ کارانەکردنی پەرلەمان نەماوەو هەر لایەنێک کۆسپ دروست بکات و رێگر بێت دەکەویتە بەردەم بەرپرسیاریتی مێژوویی و سیاسی و یاسایی، پارتی بە پشوو درێژییەوە مامەلەی کردوەو چەندین مانگ گفتوگۆی کردوە و رێککەوتنی سیاسی مۆرکراوە".

بەپێی زانیارییەکانی ئیرادە میدیا، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بڕیاردراوە یەکێتی سوور بێت لە دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان پارتی و یەکێتی لە حکومەت بە شێوەی 50 بە 50 واتە یەکێتی دەیەوێت لەبەرامبەر 39 کورسییەکەی پارتی بە 39 کورسییەوە مامەڵە بکات نەک تەنها کورسییەکانی خۆی، واتە بە پێچەوانەی رای پارتی کە نایەوێت نەوەی نوێ لەگەڵ یەکێتی پێکەوە لەگەڵ پارتی گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت بکەن، کە ئەمەش بەلای پارتییەوە تا ئێستا رەتکراوەتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەنجومەنی باڵای ڕاوێژكاری یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبونەوەی ئاسایی خۆی لەشاری سلێمانی، بەسەرۆكایەتی عەلی محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ڕاوێژكاری و ئەندامانی ئەنجومەن و بە ئامادەیی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئەنجامدا، لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت "پێویستە پەلە بكرێت لەكاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت". لە کاتێکدا پێشتر سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری ئەو حزبە دەستپێشخەرییەکی بۆ نزیککردنەوەی پارتی و یەکێتی کرد.

وادیارە لەناو پارتی دوو ئاڕاستەی جیا هەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یەکێتی، ئاڕاستەیەکیان کە مەسرور بارزانی جێگری دووەمی سەرۆکی پارتی سەرکردایەتی دەکات دەیەوێت یەکێتی سازشی بۆ بکات و وەک 23 کورسی مامەڵەی لەگەڵ بکات، هەرچی ئاڕاستەی نێچیرڤان بارزانی جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتییە، بە نەرمتر مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات و رێککەوتنی دەوێت.

ئەو ململانێیەی پارتی و یەکێتی لە کاتێکدایە، زیاتر لە ساڵێک و هەشت مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام نە پەرلەمان کارایە و نە حکومەتیش پێکهێنراوە.ئەگەریش نەگەنە ئەنجام یەکێتی نیازی ئەوەی هەیە پەنا بباتە بەر دادگای فیدراڵی و سکاڵا لەسەر پێکنەهێنانی حکومەت تۆمار بکات.

 

  • یەکێتی و پارتی؛ یان 39 بە 39 یان دادگای فیدراڵی

  • مه‌رجى ئێران و هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌مریكا؛ئه‌نجامى باش و دانوستانى سه‌خت له‌ سویسرا

  • بەغداد دوای باراک؛ کاتژمێری سفر بۆ گۆڕانکاریی لە دەوڵەتی قووڵ

  • لوتکەی سویسرا;بۆچی ئێرانیەکان دوودڵن لە خۆمەڵاسدانی ئیسرائیل لە پشت پەردەی ڕێکەوتنەکانەوە ؟

  • دوای ساڵێک و هەشت مانگ لە هەڵبژاردن؛ پارتی و یەکێتی دەست بە گفتوگۆ دەکەن

  • كۆمپانیاكانى نه‌وت داواى گره‌نتى ده‌كه‌ن؛ وه‌زیرى ناوخۆ:له‌وه‌ ده‌كۆڵینه‌وه‌ بزانین چى سیستمێكى به‌رگریی گونجاوه‌

  • لە 2016ەوە بۆ 2026؛ مێژووی سەرلەنوێی دۆسیەکانی د. عەبدولەتیف ئەحمەد و تاقیکردنەوەی شکۆی زانکۆ

  • شیلادزێ ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌ ته‌نیا ڕوبه‌ڕووى ده‌وڵه‌ت و حزبێك وه‌ستاونه‌ته‌وه‌

  • پێش گفتوگۆكانى سویسرا؛ ئێران جارێكى تر گه‌رووى هورمزى داخست

سەرەکی