13 کاتژمێر پێش ئێستا
109 جار خوێنراوەتەوە
ڕێڕەوی چاکسازی و بونیادنانی دەوڵەت لە نێوان لێدان لە گەندەڵی و داڕشتنی نەخشەڕێگای هاوبەشیی لەگەڵ ئەمریکا
عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گەشتێکی چارەنووسساز و پڕ لە چاوەڕوانیدا بەرەو واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا بەڕێکەوت، بە مەبەستی گۆڕینی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە قۆناغی بەڕێوەربردنی قەیرانەکانەوە بۆ قۆناغی دروستکردنی دەرفەتی ئابووری، ئەم سەردانە مێژووییە لە کاتێکدایە کە ناوخۆی عێراق شاهیدی گەورەترین هەڵمەتی یاسایی و دادوەرییە بۆ دەستبەسەرداگرتنی سامانە تاڵانکراوەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران.
هاوکات لەگەڵ هەوڵە چڕەکان بۆ سنووردارکردنی بەکارهێنانی هێز تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا، بەڵام هاوکات ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و سەرکۆنەکردنی توندی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی بووەتەوە کە سەردانەکە بە پاشکۆیەتی و دژ بە سەروەری نیشتمانی لە قەڵەم دەدەن.
سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا کاردانەوە و ڕەهەندی جیاوازی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە و لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە لە ناوەڕاستی گۆڕانکاری و چاکسازییەکی قووڵی ئابووری و ئەمنیدایە، لەم چوارچێوەیەدا و وەک بەشێک لەم هەڵمەتە فراوانەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی کە حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری دەستیان پێکردووە دادگای دەستپاکی نەینەوا بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی بەرفراوانی لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی یاریدەدەری پێشووی وەزارەتی نەوت ڕاگەیاند، بڕیارەکە دەستبەسەرداگرتنی نۆ موڵکی بازرگانی لە ناوەندی شاری موسڵ بە بەهای ٤٥ ملیار دینار و سێ کارگەی گەورەی ئارد بە بەهای ٢٤ ملیار دینار دەگرێتەوە کە کۆی گشتی بەهایان دەگاتە نزیکەی ٦٩ ملیار دیناری عێراقی، ئەمە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی حەوت بارهەڵگری گواستنەوەی مۆدێرن کە بەهای هەریەکەیان ٢٠٠ هەزار دۆلارە و لەلایەن تۆمەتبارە هەڵاتووەکانەوە بە ناوی کارمەندەکانیانەوە تۆمارکرابوون بە مەبەستی شاردنەوەی سەرچاوە نایاساییەکەی و سپیکردنەوەی پارە.

لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتی دادوەری عێراق سەرکەوتنی گەورەی لە بەدواداچوونی ئەم دۆسیەیەدا ڕاگەیاند کە بە هەماهەنگییەکی باڵا لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان توانراوە بڕی ٣٥٨ کیلۆگرام زێڕی قاچاخ وەرگیرێتەوە، هەروەها لە دۆسیەیەکی تری لێکۆڵینەوەشدا دەست بەسەر ١٧ کیلۆگرام زێڕی تردا گیراوە کە سەرجەمیان ڕادەستی بانکی ناوەندی عێراق کراون، ئەم قەبارە گەورەیەی گەندەڵی لە کاتێکدایە کە دکتۆر حەیدەر بەرزنجی توێژەر و شرۆڤەکاری سیاسی ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی ١٦ بۆ ١٧ ساڵی ڕابردوودا قەبارەی گەندەڵییەکان لە عێراقدا گەیشتووەتە نزیکەی ٧٠٠ ملیار دۆلار و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەو پارە دزراوەی لە گەندەڵکاران گیراوە دەتوانرێت وڵاتێکی دیکەی تەواو پێ بونیاد بنرێت.
لەسەر ئاستی کۆدەنگی سیاسی شەوی ڕابردوو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کۆبوونەوەیەکی باڵای بە سەرپەرشتی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران و بە ئامادەبوونی نزار ئامیدی سەرۆککۆمار و فایەق زێدن سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، لەم کۆبوونەوەیەدا هەموو سەرکردەکان پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ هەوڵەکانی دژە گەندەڵی بەبێ هیچ ڕەچاوکردنێکی سیاسی یان هەڵاوێردکردنێک دووپاتکردەوە، هاوکات جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پرۆسەی هێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و چەسپاندنی شکۆی دامەزراوە دەستوورییەکان کردەوە و داوای پێشخستنی دیالۆگ و ڕەتکردنەوەی شەڕ و پەرەسەندنی ململانێ ناوچەییەکانیان کرد بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلان.
بەڵام ئەم سەردانەی شاندی حکومەت بۆ واشنتۆن لە ناوخۆدا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی توند بووەتەوە و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بە توندی هێرشی کردە سەر حکومەت و ڕایگەیاند کە دەستی دەرەکی بە تەواوی ڕەتدەکەنەوە و ئەم گەشتە لەژێر سایەی تاوانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا بە تەواوی دژی سەروەری و کەرامەتی نیشتمانی عێراقە و داوایان کرد کە بڕیارە نیشتمانییەکان دوور لە هەژموونی دەرەکی بپارێزرێن.

لەلایەکی دیکەوە عەلی زەیدی سەرۆک وهزیرانی عێراق لە وتارێکی گرنگدا کە لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە دیدگای ڕوونی خۆی بۆ دواڕۆژی عێراق خستووەتە ڕوو و ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی بە ساتێکی چارەنووسسازی چاکسازی نیشتمانیدا تێپەڕ دەبێت، زەیدی ڕایگەیاندووە، سەرۆکایەتی حکومەتێک دەکات کە بە تەواوی پابەندە بە زامنکردنی بەکارهێنانی هێز تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا و لە ماوەی کەمتر لە ٦٠ ڕۆژدا پێشکەوتنی گەورەیان لە داماڵینی چەکی گرووپەکان و تێکەڵکردنیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکاندا بەدەستهێناوە، سەرۆکوەزیران بەڵێنی خۆی بە گەلی عێراق دووپاتکردەوە کە ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول وەک وادەی کۆتایهاتنی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان دەبێتە سەرەتای قۆناغێکی نوێی هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا.
سەرۆکوەزیران لە بەشێکی تری وتارەکەیدا ڕوونیکردەوە، لە دیدارە چاوەڕوانکراوەکەیدا لەگەڵ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ ڕێگای کردەیی بۆ گەیشتن بە دیدگای هاوبەش دەخاتە ڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆک ترەمپ ئەولەویەت بە ئەنجامەکان دەدات بۆیە گفتوگۆکانیان بە پلەی یەکەم لەسەر وەبەرهێنان دەبێت، وتیشی کە هانی کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا دەدەن بۆ گەڕان بەدوای دەرفەتەکانی پەرەپێدانی ژێرخانی عێراق و کەرتی وزە و پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و ئابووری دیجیتاڵی چونکە عێراق خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراوی جیهان و سامانی سروشتی زۆر و هێزێکی کارامەی لێهاتوو بازاڕێکی گەورەی هەیە کە دەتوانێت ببێتە هاوبەشێکی سەرەکی بۆ ئاشتی ناوچەکە.
لە کۆتایی وتارەکەیدا عەلی زەیدی پەیامێکی متمانەبەخۆبوونی گەیاندە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕایگەیاند، عێراقییەکان دوای ئەوەی چەندین ساڵ بەدەست شەڕ و دیکتاتۆریەت و تیرۆرەوە ناڵاندوویانە ئێستا تێدەگەن کە کاتی ئەوە هاتووە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جیهان هەڵدەنەوە کە لەسەر بنەمای تێکەڵبوون بە سیستەمی ئابووری و دارایی جیهانی بێت، هەروەها دووپاتی کردەوە کە عێراق وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری بە یەک دووری لە سەرجەم ململانێ ناوچەییەکان ڕادەوەستێت و لەبری چوونە ناو شەڕەکان ڕێگای گەشەپێدان و سەقامگیری بۆ گەلەکەی هەڵدەبژێرێت.
-
داگیرکاریی سپی؛ چۆن هاوسەنگیی دیمۆگرافی لە هەرێمی کوردستان دەگۆڕێت؟
|
-
مووچەی مانگی شەشی هەرێم؛ لە نێوان تەمویلکردنی مشتومڕاویی بەغداد و کارەساتی کورتهێنانی داهاتی ناوخۆ
|
-
باجی فرۆشتنی نەوتی هەرێم؛ تورکیا بە قەرەبووکردنەوەی 1.4 ملیار دۆلار بۆ عێراق ناچار دەکرێت
|
-
ڕێڕەوی چاکسازی و بونیادنانی دەوڵەت لە نێوان لێدان لە گەندەڵی و داڕشتنی نەخشەڕێگای هاوبەشیی لەگەڵ ئەمریکا
|
-
دواى سهردانى ئهمریكا؛ زهیدى دهست به ڕاوهدوونانى بهرپرسانى پله یهكى حزب و حكومهتهكانى پێشوو دهكات؟
|
-
ئهردۆغان دهیهوێت سیستمى سهرۆكایهتى له دهستوورى نوێى توركیا بگۆڕێت
|
-
له ههر 23 كهس له ههرێمى كوردستان؛ كهسێكیان سهربازیی یان ئهمنییه
|
-
٤٨ ڕۆژ بێ مووچەیی؛ هاووڵاتی لە سەرەی "هەژماری من" و بەرپرسان لە بازنەی بێباکیدا
|
-
پاساوی شەڕ سووتێنرا، بەڵام ئاشتی نەهات؛ پرۆسەی دیموکراسی لە نێوان جاسەنە و ئەنقەرەدا
|
|
|
|