12   کاتژمێر پێش ئێستا 105 جار خوێنراوەتەوە

وەزیرێكی عێراق تۆمەتی گەندەڵی لەسەرە و رایكردووە بۆ ئوستورالیا

وەزیرێكی عێراق تۆمەتی گەندەڵی لەسەرە و لەگەڵ گەڕانەوەیدا بڕیارە دەستگیر بكرێت، باس لەوەدەكرێت ملیاران دیناری دزیوە و ئێستاش بۆ چارەسەر لە ئوستورالیایە.

ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشكرایكردووە، زانیارییەكان سەبارەت بە دەستگیركردنی ئەحمەد ئەسەدی وەزیری پێشووی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی عێراق دژیەكن، بەشێك دەڵێن بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە و بەشێكیش ڕەتی دەكەنەوە، هەرچەندە یەكێك لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی لەوەكردووە دەستگیركراوە، بەڵام بەشێكی تریان دەڵێن نزیكەكانی تێوەگلاون.

لە حوزەیرانی 2026 ەوە حكومەتی عێراقی هەڵمەتی بەرەبەیانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستپێكردووە، تائێستاش دەیان لێپرسراوی پێشووی حكومەت و پەرلەمانتار و بازرگان دەستگیركراون، هەرچەندە حكومەت هەڵمەتەكەی بەناوی دەستگیركردنی گەندەڵكاران ناوبردووە، بەڵام بەشێك لە لایەن و كەسایەتیە عێراقیەكان وەك ڕێگایەك بۆ پاكتاوكردنی سیاسی ناوی دەبەن.

هەفتەی ڕابردوو ڕاپۆرتە ناوخۆییەكان باسیان لەوەكرد، هەڵمەتێكی هێزە ئەمنیەكان بۆسەر ماڵێك لە بەغداد ئامانج لێی دەستگیركردنی كەسایەتیەكی باڵا و ناودار بووە، بەبێ ئەوەی لە ماڵەكەدابێت، ئەوكاتیش هیچ زانیارییەك لەبارەی كەسەكەوە ئاشكرا نەكرا.

باس لەوەشدەكرێت، هێزە ئەمنیەكان لە ماڵەكەدا دەستیان بەسەر نزیكەی 16 ملیار دیناری عێراقی و چوار كیلۆ زێڕ لە ئۆتۆمبێلی یەكێك لە یاریدەدەرەكانیدا گرتووە، دواتریش سەرچاوە نزیكەكانی دەستەی نەزاهە ئاشكرایان كرد، 100 كاتژمێری رۆلێكس لە یەكێك لە باخەكانی ئەو وەزیرە عێراقییە دەستی بەسەرداگیراوە.

بەڵام دواتر هەموو شتێك لەلایەن عامر فایز بە ئاشكرا وترا، كە یەكێكە لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەو وتی عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق سوورە لەسەر دەستگیركردنی یەكێك لە هاوڕێكانی لە چوارچێوەی هەماهەنگی كە ئەویش ئەحمەد ئەسەدییە و ئێستا بۆ چارەسەر لە ئوستورالیایە.

بە وتەی فایز، چوارچێوەی هەماهەنگی لە دواین كۆبوونەوەیدا، گڵۆپی سەوزی بۆ عەلی زەیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق هەڵكردووە، هەر تۆمەتبارێكی ویست دەستگیری بكات.

لێدوانەكەی فایز وای لە ئەسەدی كرد بێدەنگی بشكێنێت، دوای چەند ڕۆژێك لە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەكان لەبارەیەوە، ئەسەدی لە تۆمارێكی دەنگیدا ڕەتیكردەوە بەهۆی گەندەڵییەوە فەرمانی دەستگیركردنی هەبێت، وتیشی لە ڕێگەی ناشەرعییەوە سامانی كۆنەكردووەتەوە.بەڵام میدیا عێراقیەكان باس لەوەدەكەن ئەسەدی بە سودوەرگرتن لە ڕەگەزنامە ئوستورالیەكەی گەشتێكی بەناوی چارەسەر بۆ ئەو وڵاتە كردووە.

ئەحمەد ئەسەدی پێش ئەوەی لە حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی ببێتە وەزیری كار، وتەبێژی دەستەی حەشدی شەعبی بوو، پێشتریش سێ خول پەرلەمانتار بووە.

لە لایەکی ترەوە، میدیاكانی عێراق ئەمڕۆ بڵاویانكردەوە، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە فراوانەی كە هێزە ئەمنیەكانی عێراق لە ماوەی دووە رۆژی رابردوودا لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستیانپێكردووەو، تیایدا چەندین بەرپرسی دەزگا حكومییەكان و فەرمانبەر لە پارێزگاكە دەستگیركراون، هێزێک لە دەستەی دەستپاکی لە پارێزگاكە دەستیان بەسەر نزیکەی 60 کیلۆگرام زێڕدا گرتووە، كە لە ژێر زەوی گەراجی خانووی خزمێكی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت لە گەڕەکی "القضا‌ء" لە تکریت دەستی بەسەرداگیراوە.

  • ئێران هێرشەکانی بۆسەر حزبەکانی رۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان چڕ کردووەتەوە

  • لە چەکدانانی پەکەکەوە تا دادگاییکردنی ئەندامانی؛ وردەکاریی پڕۆژەیاسای نوێی ئاشتی لە تورکیا

  • لە دڵنیایی مووچەی هەرێمەوە تا ململانێ لەگەڵ واشنتن و تاران؛ جووڵەکانی زەیدی ئایندەی عێراق بە کوێ دەگەیەنێت؟

  • ململانێی واشنتن و تاران لەسەر "چیای قۆڵنگ"؛ ترەمپ هەڕەشەی لێدان دەکات و ئێران ڕەتی دەکاتەوە

  • شەوی ڕابردوو لە گۆیژە چی ڕوویدا؟

  • وەزیرێكی عێراق تۆمەتی گەندەڵی لەسەرە و رایكردووە بۆ ئوستورالیا

  • رێز لە هەستیاری یەکتر بگرێت؛ ئۆجەلان: کاتی ئەوە هاتووە چوارچێوەیەکی یاسایی دروستبکرێت

  • خوشکی سۆران مامە حەمە بۆ ئیرادە: ڕێکەوتنی نهێنیمان ڕەتکردەوە و سازش لەسەر خوێنی سۆران ناکەین

  • بڕیارى حكومه‌ت بۆ دابه‌زاندنى نرخى به‌نزین له‌ به‌شێك له‌ به‌نزینخانه‌كان جێبه‌جێ ناكرێت

سەرەکی